ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی هزر و لێكۆلینەوەی ئەتلەنتیس كرد كە پێكهاتبوو لە ڕایان كرۆكێر باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق و سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە ئاییندەی عێراق لە ئەنجوومەنەكە و خاتوو نوسەیبە یونس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لیژنەی تایبەت بە ئاییندەی عێراق لە ئەنجوومەنی هزر و لێكۆلینەوەی ئەتلەنتیس.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی عێراق و كوردستان و هەروەها پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكان و پێشبینییەكان بۆ داهاتووی عێراق و ناوچەكە و كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان و ئەو فاكتەرە سیاسییانەی كاریگەرن لەسەر ڕێڕەوی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان باسی پڕۆژەی ڕاپۆرتێكی تایبەتیان كرد كە ئەنجوومەنەكەیان لەسەر ئاییندەی عێراق ئامادەی دەكات و پاشان دەیخاتە بەردەم ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەیكا.

ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی و بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكی و دەزگەی داواكاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری و دەزگە چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی چاكسازی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو و داوایشی كرد لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان چاوپۆشی لە كەس نەكرێت و هیچ كەیس و كەسێكیش لە لێپێچینەوە و دادگاییكردن ئیستیسنا نەكرێت لە هەر پلە و پایەیەكدا بێت و سەر بە هەر هێز و لایەنێك بێت و هەروەها هەنگاوەكانی چاكسازی و بەدواداچوون بۆ گەندەڵی و سەرپێچییەكان سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بگرێتەوە.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بەشداربووان ڕۆشناییان خستەسەر هەنگاوە كردارییەكانی پڕۆسەی چاكسازی و باسی ئەو كۆسپ و تەگەرانەیان كرد كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدواداچوون بۆ كەیسەكان و بڕیاری پێویست بۆ نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرەكان درا.

ڕۆژی هەینی 18ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوات جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیوس میتمان كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

 

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵتیی شەڕی دژی داعش باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی گەیاندنی هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە.

 

هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بە بەشداریی هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرا و جەختیش لە پێویستی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ ئەویش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچە ئازادكراوەكان.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی ئەو وڵاتە و بیرۆكەی فیدرالیزم بۆ ئەو وڵاتە و هەروەها بیروڕا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە و مەترسییەكانی تەشەنەسەندنی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

 

ڕۆژی سێشەممە 9ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق و هەروەها قەیرانی ئابووری و دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و هەروەها پێویستی بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سەختی دارایی هەرێم و ئەركی قورسی خەرجییەكانی شەڕ و حەواندنەوەی ئاوارەكان، ڕۆشنایی خستە سەر قەیرانی دارایی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و سەرۆك بارزانی لەو هەوڵ و چالاكیانە ئاگادار كردەوە كە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی قەیرانەكە و یارمەتیدانی دارایی بەغدا و هەولێر لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپایی و گرووپی 7 ئەنجامی داوە. نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆچوونی ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی عێراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا باس لەو مەترسی و تەحەدیاتانە كرا كە لە ئاییندەدا ئەگەری ڕوودانیان لە عێراق و ناوچەكەدا هەیە و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان سەرباری قوربانیدانێكی زۆر و مێژووییەكی دوورودرێژی خەبات بە هەموو توانایەك هەوڵی دا كە سەقامگیری و پێكەوەیی و دیموكراسی و فیدرالیەت لە عێراقدا بچەسپێت و سووریشە لەسەر داواكاری و مافەكانی خۆی و هیچ جۆرە گوشارێكی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی ناتوانێ وا بكات گەلی كوردستان دەستبەرداری ماف و ئاواتەكانی بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەر دوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرد.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا سۆكۆل كۆندی نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی هاتووە، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا ئاسانكاری و هاوكاریی زۆریان بۆ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و سەرۆك بارزانیش وێڕای دەستخۆشی لە ماندووبوونی نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیبراهیم برۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا پێشهاتە مەیدانییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر چالاكی سیاسی و گفتوگۆ و دانوساندنەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا لەگەڵ هێزە و لایەنەكانی تری ئەو وڵاتە.

باسكردنی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان و كۆنگرەی جێنێڤ و ئاییندەی سووریا چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بوون.

 

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هانس پیتێر لێنز باڵیۆزی تازە دەستنیشانكراوی سویسڕا لە عێراق كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند كە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا میوانداریی ژمارەیەكی زۆر گەوەری ئاوارە و لێقەوماویان كردووە كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە و ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی حەز دەكات لەڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها كاری هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەشداری بكات لە یارمەتیدانی ئاوارەكان. باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەمەڕ قەیران و تەحدیاتی دارایی هەرێم، پشتیوانیی وڵاتەكەیشی لە هەموو بارودۆخێك بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی سویسڕای كرد و پەیوەست بە باسی ئاوارەكان هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بە ئەركی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و سەرباری بوونی شەڕی داعش و تەحدیاتی ئابووری ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆ پەنابەر و ئاوارەكان كردوویانە و ئاماژەیشی بەوەدا كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەكاندا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سویسڕا تاوتوێ كرا. 

 

 

 

 

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكارە باڵاكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و شوێنەكانی تری عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە لەسەر شەڕی دژی تیرۆریستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر سەردانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم كە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمەریكایان كردبوو و ئەنجامەكانی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا و بە لەپێشچاوگرتنی قەیرانی ئابووری جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگە كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە دۆستانی گەلی كوردستان یارمەتیی خەڵكی كوردستان بدەن لە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و بایەخی ئازادكردنی موسڵ لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی داعش كرا و هەروەها ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان لە ڕوویەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و كاریگەریی بوونی هەماهەنگیی ورد لە وەدەستهێنانی سەركەوتنەكان تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

ڕۆژی یەكشەممە 24ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك كرد.


لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا و بیروڕا لەبارەی ڕەوشی ئەمنی و سیاسی و ئابووریی پارێزگای كەركووك ئاڵوگۆڕ كرا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای كەركووك تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی