ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئانتۆنیۆ گۆتێڕز كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.


لە سەرەتای دیدارەكەدا كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدان و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی پەنابەری سووریایی و ناوخۆی عێراق كە بەهۆی شەڕ و نەبوونی سەقامگیری و ئاساییش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هەر پەویوەست بەم باسە كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و هێماشی بەوەدا كە هەرچەندە بەغدا بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم بەربەستێكی گەورەی بۆ هەرێم دروست كردووە و گوشارێكی زۆر لەسەر كوردستانە بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كردوویەتی جێگەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە و ئامادەیی خۆیشیانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بە هەموو توانەیەك یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن و وڵاتانی جیهانیش لەم بەخشندەییەی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەنەوە و هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدەن كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن. ئانتۆنیۆ گۆتێرز لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی زۆر باشی لە ناوەندە جیهانییەكان بەدەستهێناوە و یەكێكە لە سەقامگیرترین شوێنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگەی ئومێدی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی كرد لەوەی كە بە باشی لە ڕۆڵی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارەكان گەییشتووە و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەهەموو دۆخێكدا ئامادەیە یارمەتیی خەڵكی ئاوارە بدات و لەو بابەتە دا ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە یارمەتیدانی ئاوارەكانە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی ئاوارەكان و ئەوەی بەلای خەڵكی كوردستانەوە جێگەی بایەخە بەها مرۆڤییەكان و كەرامەتی ئینسانە كە بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی ناڕەوای دیكتاتۆرەكان پێشێل كراوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدانهەزار كەس لە سووریا و عێراقدا و شاندی میوانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە دەرگە و سنوور و دڵی خەڵكی كوردستان بەڕووی هەموو مرۆڤێكی ئاوارە و لێقەوماو كراوەیە.

باسكردنی ڕووداوەكانی موسڵ و هەڕەشەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ئەمنیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 ئەحمەد داودئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنكارای پایتەختی توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

 

لە دیدارێكدا كە جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا خرانە بار باس و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بن و بەشێوەیەك فراوانتر بكرێن كە لە بەرژەوەندیی هەردوولا و گەلانی ناوچەكە بێت.

 

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كاریگەریی قەیرانەكانی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر بە تایبەت لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ، لەسەر ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك لە هەوڵدابن بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربكەوێت و لە هەمانكاتیشدا پێویستە بارودۆخی هەرێمی كوردیستانیش پاڵپشتی بكرێت و بپارێزرێت و بەرەو پێشەوەیش بچێت.

 

لەپەراوێزی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی توركیا بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر عێراق و ناوچەكە كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزیری ناوخۆی توركیا و شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دكتۆر ڕەزا ئەمیری موقەدەم یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشان دا و ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان پەیوەندیی مێژوویین و نیگای كۆماری ئیسلامیی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیگایەكی ڕوون و دۆستانەیە و هیوایشی خواست كە قسەی لابەلا و ئەو كەشوهەوایەی لەنێو ڕاگەیاندنەكاندا لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ دروست بووە كاریگەری لەسەر پەیوەندیی برایانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەبێت.

 

هەر لەم دانیشتنەدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق هیوای خواست كە بە زووترین كات كۆتایی بە گرفتەكان بهێندرێت و ئارامی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە.

 

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هەردەم لەگەڵ برایەتی و ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكان و گەلان بووە و سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و ئەو واقیعەی ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە بە ڕاشكاوی بۆچوونی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و هۆكاری هەموو ئەو قەیرانەكانی عێراق بۆ بوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و تاكڕەوی و ئیدارەدانی هەڵەی كاروبارەكان گەڕاندەوە.

 

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە ئەوەیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە شەش مانگ بەر لە كەوتنی شاری موسڵ، لەبارەی بوونی هەڕەشەی تیرۆر لەم شارە هۆشداری داوەتە دەستەڵاتدارانی بەغدا بەڵام بە جدییان وەرنەگرت و لە دوای شكستیشیان هەوڵیاندا شكستی خۆیان بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان پەردەپۆش بكەن. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان ناتوانێ تاهەتایە لەنێو ئاگری توندڕۆیی مەزهەبی و ئیدارەدانی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و خۆسەپاندنی دەستەڵاتدارانی بەغدادا بمێنێتەوە.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 6ـی 2014 خاتوو فێدریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لەڕێی تەلەفۆنەوە لە شاری لۆگزامبورگ و بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوڕووپا پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

 

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بارودۆخی قەیراناویی عێراق نیشاندا و هیوای خواست بە زووترین كات ئەم قەیرانە تازەیەی عێراق كۆتایی بێت. هەروەها لەبارەی دەستپێكی پڕۆسەی سیاسیی و دانیشتنی پارلمانی نوێی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق چەند پرسیارێكی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

 

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیای كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیتالیا لێی كرابوو و هەروەها وێنەیەكی گشتیی و ڕوونی لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە عێراقی پێش ڕووداوەكانی نەینەوا جیاوازە لەگەڵ عێراقی دوای ئەم ڕووداوانە و هێمای بەوەدا كە پێشتر لە ناوچە هاوبەشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هێزی هاوبەش هەبوو بەڵام ئێستا سوپای عێراقی بوونی نەماوە و حالیحازر بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، هەرێمی كوردستان سنووری لەگەڵ درواسێیەكی دیكەی جگە لە عێراق هەیە كە بەشێك لە ناوچەكانی لەژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكانە و ئەوەیان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گشت لایەك. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو كوردستان بەشێك بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و یارمەتیی ئەم پڕۆسەیەی داوە و پاڵپشتی بووە بەڵام بەهۆی مامەڵەكردنی هەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و كێشەی تاییفەگەری پڕۆسەی سیاسی گەییشتە ئەم دۆخەی ئێستا. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا ئەگەر قەیرانەكە بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ڕای گەلەكەی دەگەڕێتەوە.

لە كۆتایی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا داوای كرد بەهۆی خێرایی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدابن و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بۆ گەلی كوردستان خواست.

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزباییكردنی خولی تازەی پارلەمان و هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و خۆسازكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم سەردانی پارلەمانی كوردستانی كرد و لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و جێگری سەرۆكی پارلەمان و سكرتێری پارلەمانی كوردستان پێشوازی لێ كرا.

لە سەرەتای ئەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان سەرۆك بارزانیی لەو ڕاپۆرت و ئامادەكارییانە ئاگادار كردەوە كە لە لایەن پارلەمانی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی تازەی عێراق خراونەتەڕوو.

لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پارلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە. لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی موسڵ و هەروەها هەڵوێستی سیاسیی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی تازە و ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و هەروەها پێویستیی یەكڕیزیی لایەنەكان وتەیەكی پێشكەش كرد و دواتریش سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمان  سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان لەبارەی قەیران و ئەگەر و پێشهاتەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمانی كوردستان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی پارلەمانی كوردستان ئامادە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد.

لەم وتارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئەندام و فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان كرد بە بۆنەی خولی نوێی پارلەمانی كوردستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆری لەم خولەی پارلەمان هەیە كە خولێكی كارا بێت و لە چاودێریكردن و دانانی یاساكان. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕۆڵی پارلەمانی كوردستان لە چارەنووسی وڵات هێمای بەوەدا كە پارلەمان مەرجەعی یەكلاییكەرەوەیە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و قەیرانی ئەم دواییەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان دە ساڵ هەوڵیدا پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و پێكەوەژیان لە عێراقدا سەربكەوێت بەڵام پێشێلكردنی دەستوور و هزری تاكڕۆیی و خۆسەپاندن و پەراوێزخستن نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرن و عێراق گەییشتە ئەم ڕۆژەی كە ئێستا دەیبینن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان بەهیچ شێوەیەك هۆكاری ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نییە و ئەوانەی كە دەستیان هەبووە دەبێ بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا فرسەتێكی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە كە كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەو مافەش دەستوورییە و دەستووری عێراق ڕێگەی داوە كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات چونكە لە دەستووردا هاتووە پابەندبوون بەم دەستوورە یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە وتەكەشیدا داوای لە پارلەمانی كوردستان كرد كە پەلە بكەن لە پەسەندكردنی یاسایكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و  بە زووترین كات دەستەی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دابمەزرێت و هەروەها پارلەمانی كوردستان خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ئامادە بكات كە بۆ ڕیفراندۆمی دیاریكردنی چارەنووس پێویستە.

 

سەرۆك بارزانی سوپاسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانیشی كرد و بە پاڵپشتییەی گەورەی هەژمار كرد بۆ داوا ڕەواكانی گەلی كورد. لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران و تیرۆریستان دان و هیوای ئاییندەییەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست.

 

 

 

 

شەوی هەینی 27ـی 6ـی 2014، بەڕێز جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەسەر گرینگیی پەیوەنیی نێوان هەردوولا کردەوە و هەردوولاش لەسەر ئەوە کۆک بوون کە بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستای عیراق ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانى 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا كە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرەتا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە هاتنی بۆ كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كار و بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستان كراوە و هەروەها سیاسەت و ئیدارەدانی كاروبارەكان لە كوردستان زۆر باش بووە و ئەوەیشی باس كرد كە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دیتێكی ئیجابیی هەیە بەرانبەر ئەو بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەروەها بەبۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەت پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بە وردی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی عێراق دەكات و نیگەرانییەكی زۆری بەرانبەر بارودۆخەكە و بەهێزبوونی تیرۆریستان هەیە و بە پێویستیشی زانی كە عێراق بە زووترین كات لەم قەیرانە دەرچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر بدات كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن.

لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی بەناوی خۆی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی و گەلی كوردستانیشی بۆ حكوومەت و گەلی ئەمەریكا ڕاگەیاند بۆ ئەو قوربانی و یارمەتی و پشتگیرییەی هەر لە ڕاپەڕینەوە هەتا ڕووخانی ڕژێم و دواتر پێشكەشی كوردستانیان كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە ئێمە توانیومانە ئەزموونێكی سەركەوتوو پێشانی جیهان و ئەمەریكا بدەین.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا بەوردی باسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دە ساڵی ڕابردوو و ئاستەنگ و قەیرانەكانی كرد و هێمای بەوەدا كە هاوپەیمانەكانمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان بەرەو پاشەوە دەچوون لەگەڵئەوەیشدا نەرمییەكی زۆرمان نواند و هەردەم ئامادە بووین بۆ چارەسەری كێشەكان بەڵام بەداخەوە كێشەكان قووڵتر بوون و نەمانتوانی سەربكەوین.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بەڕوونی باس كرد كە ئێستا قەناعەتێكمان لا دروست بووە كە بەغدا نیازی وایە وەك سەردەمانی پێشوو كوردستان بە ژێردەستەیی و پاشكۆیی ببینێت، گەلی كوردستانیش كە قوربانییەكی گەورەی بۆ ئازادی داوە ئەمە قبووڵ ناكات.

گەلی كوردستان دژی تیرۆرە بەهەموو شێوەكانی و قوربانیشی لە ئەو دژایەتیكردنە داوە بەڵام ئێستاكە شەڕی تیرۆر بووەتە پەردەیەك بۆ ئەوەی تەسفیە و ململانێی تاییفی پەرە بستێنێت و ئێمەش نابینە بەشێك لە ململانێی تاییفی. سەبارەت بە مافی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ عێراقدا لەسەر دەستوور ڕێككەوتین ئەو دەستوورەی عێراق به دوو نەتەوەی سەرەكی كورد و عەرەب پێناسە دەكات و زۆر بە ڕوونی لە دیباچەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.

لەبارەی چارەسەری گرفت و قەیرانە تازەكانیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەر چارەسەرێك بهێتە ئارا پێویستە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانكاری و واقعی سیاسی و ئەمنیی تازەی عێراقدا بێت و جەوهەری كێشەكانیش سیاسیین نەك سەربازی و دەبێ مامەڵە لەگەڵ هۆكارەكان بكرێت نەك ئەنجامەكان. ئەگەر بێتوو ڕێگەی سیاسی گونجاو دۆزرایەوە ئەو كات باشتر دەتوانرێ شەڕ لەگەڵ تیرۆریش بكرێت. پەیوەست بە ڕووداوەكانی ئەم دواییەش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە بەر لە قەیرانەكە بەغدامان لە مەترسیی دۆخەكە ئاگادار كردەوە بەڵام بە جدییان وەرنەگرت.

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە دوای دە ساڵ چاوەڕوانی ئەو پرسیارە هەیە كە چۆن هەنگاو بنێین؟ ئەگەر دەرفەت مابێت پێویستە شیعە و سووننە لەسەر بنەمای نوێ و بەلەبەرچاوگرتنی واقعی تازە كار بكەن و ئەو كات ڕووبەڕووبووونەوەی تیرۆریش ئاسانتر دەبێت. لەبارەی هێزی پێشمەرگەیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاساییشی كوردستانیان لەسەر شانە و قوربانیشیان داوە و هەڕەشەی تیرۆریستانیش بەردەوام و جدییە و پێشمەرگە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانەن.

دواتر جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم ڕوونكردنەوە چڕوپڕە و باسی ئەوەی كرد كە گومان لەوەدا نییە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لەڕووی ئابووری و بوارەكانی دی گەشە بكات. لەبارەی كێشەكانی عێراقیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وێڕای باسكردنی نیگەرانییەكان جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە گۆڕانكاری هەبێت و كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ وەربگیرێت و داوای كرد سەرۆك بارزانی لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بێت و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و حكوومەتێكی تازە پێكبێت و ئەگەر هاتوو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو پێشەوە بچێت ئەوە ئەمەریكا ئامادەیە پشتیوانیی عێراق بكات لە شەڕی تیرۆر.

باسكردنی ئەولەویەتدان بە چارەسەری سیاسی بەر لە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی: هەواڵی دیداری "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی گرۆهەکی مونافقین لە پاریس، لە بنەڕەتدا درۆیە.

بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژێکدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی درۆستکراوی درۆی دیداری "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی گرۆهەکی مونافقین لە پاریس، لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندندا گوتی: ئەم هەواڵ لە بنەڕەتدا درۆیە، چونکە دیدارێکی بەم شێوەیە ئەنجام نەدراوە و بەتایبەتیش بیرووڕای سەرکردایەتیی سیاسی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕوون و ئاشکرایە لە بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵ و سەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران، و هەمیشە ڕۆڵ و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە قۆناغەکانی خەباتی ڕەوای خەڵکی کورد لە دژی ڕژێمی بەعس دیارە و ڕێزی لێگیراوە.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە دامەزراندنی عێراقی نوێی و حکوومەتی فیدراڵدا لەم وڵاتە، ڕۆڵ و پێگەی بێ وێنەی هەیە و هەر بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵە درۆیانە، لە چوارچێوەی پلانگێڕیی بووە بۆ تێکدانیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی