ده‌قى وتارى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له ڕێوڕه‌سمى بە فەرمى ناساندنى قه‌ڵاى هه‌ولێر وه‌ك شوێنه‌وارێكى جیهانى له لایه‌ن ڕێكخراوى یوونسكۆ
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
میوانه ئازیزه‌کان،
ئێواره‌تان باش و هه‌موو لایه‌کتان زۆر به خێر بێن..
خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌رم که له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز، له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا پێکه‌وه ده‌بینه شاهیدی سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان، شاهیدی هه‌ڵنانی هه‌نگاوێکی دیکه‌ی گه‌وره و گرنگی کوردستان به‌ره‌و جیهان، که ناساندنی قه‌ڵای مێژوویی و دێرینی هه‌ولێره وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی و به‌شێک له که‌له‌پووری مێژوویی و که‌لتووریی مرۆڤایه‌تی و دونیا.
ناساندن و جێگیربوونی ناوی قه‌ڵای هه‌ولێر له لیستی جیهانیی شوێنه‌واره مێژووییه‌کانی دنیادا، سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ولێر و کوردستان و هه‌موو عیراق، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ڕووداوێکی گرنگ و پڕ به‌هایه.
قه‌ڵای هه‌ولێر، ئه‌و شوێنه‌یه به درێژاییی زیاتر له شه‌ش هه‌زارى ساڵی ته‌مه‌نی، ڕه‌گه‌کانی له قووڵاییی مێژوودا داکوتاوه، ده‌یان شارستانی و ده‌سه‌ڵاتی جیاجیای ئیمپراتۆر و شا و سه‌رکرده‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌ی به‌ڕێ کردووه و، له هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا هه‌میشه بۆ پاراستنی هه‌ولێر و خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک قه‌ڵغانێک بووه. هه‌ره ترسناکترین هێز و سوپای داگیرکه‌رانی تێک شکاندووه و، خۆی وه‌ک هه‌میشه سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز له ناوجه‌رگه‌ی ئەم شارە خۆشەویستەدا ماوه‌ته‌وه.
له مێژووی نزیکیشدا قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌یان که‌سایه‌تیی ناودار و لێهاتووی له هه‌موو بواره‌کاندا بۆ کوردستان پێگه‌یاندووه و، شێوازی ژیان و که‌لتوور و که‌له‌پووری قه‌ڵا، بۆته به‌شێکی دیار و سه‌ره‌کیی پێکهاته‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی هه‌ولێر، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه که قه‌ڵای هه‌ولێر، یان وه‌ک هه‌ولێرییان پێی ده‌ڵێن "قه‌راتی هه‌ولێرێ" له سه‌دان شیعر و گۆرانی و، له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دیار و به‌رچاوی هه‌بێت. بۆیه مافی هه‌ولێر و هه‌ولێرییان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه که ئه‌مڕۆ شانازی به‌م ده‌ستکه‌وته‌وه بکه‌ن و سه‌ربڵند بن به‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌چێته ڕیزی شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی جیهانی و ده‌بێته موڵکی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه سوپاس و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشیی خۆم و حکوومه‌ت و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌ش بکه‌م بۆ ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر و به‌تایبه‌تى سه‌رۆکی کۆمسیۆنه‌که به‌ڕێز کاک "دارا یه‌عقووبی" و هاوکارانی، که له پرۆسه‌ی ناساندنی قه‌ڵادا وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی زۆر ماندوو بوون. بۆ ده‌سته‌ی شوێنه‌واره‌کانی عیراق، نێرده‌ى هه‌میشه‌ییى عیراق له یوونسکۆ، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵادا به‌شدارن و بەتایبەتی سوپاسی پارێزگاری خۆشەویستی هه‌ولێر و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان و ئه‌و وڵاتانه‌ش دەکەم، که ده‌نگیان بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر دا، تاکوو بچێته لیستی شوێنه‌وارى جیهانییه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌م بۆنەیەدا ڕێگەم بدەن بە ناوی خەڵکی کوردستان، بە ناوی خەڵکی هەولێرەوە به‌خێرهاتنێکی گه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان خاتوو "ئیرینا باکۆڤا" بکه‌م، که له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ئاماده‌یه و له‌م که‌یسه‌دا هاوکارییه‌کی زۆری کردووه. سوپاسی ده‌که‌ین و زۆر به خێر بێن بۆ کوردستان و بۆ عیراق.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ڕاسته ئێمه ئێستا له ڕێوڕه‌سمێکی که‌لتووریی گرنگداین و سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین، به‌ڵام له ڕۆژێکی ئاوادا ناکرێت باس له بارودۆخی وڵات و ناوچه‌که نه‌که‌ین، که به‌ره‌نگاری تیرۆرێکی دڕنده‌ی تاریک و ڕه‌وشێکی سه‌خت بۆته‌وه. ڕه‌وش و بارودۆخێکی وا که کوردستان بۆته هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی هاوپه‌یمانیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی له دژی تیرۆر و، پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی کوردستان ئێستا له جیاتی هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، به‌رگری له خاک و خه‌ڵکی کوردستان و جیهان و له نرخ و به‌هاکانی دنیای ئازاد ده‌که‌ن و، ڕۆژانه له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و بریندار ده‌بن. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، پێکه‌وه تێده‌کۆشن و به‌رگری ده‌که‌ن. سڵاو و ڕێزمان بۆ هەموو ئەو قارەمانانە کە ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕدا بۆ بەرگری لە وڵات و خاک و نیشتیماند، شەونخوونی دەکەن.
له‌م بارودۆخه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی نیشتمانیی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی کوردستاندا، که وه‌ک هه‌میشه مه‌رجی یه‌که‌می هه‌موو سه‌رکه‌وتنێکمانه، پشتگیری و هاوکاریی دۆستانمان له جیهان و ناوچه‌که‌ش، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، که به‌رگرییه‌کی نه‌به‌ردانه ده‌کات و به ڕۆحییه‌تى "یان کوردستان یان نه‌مان" له سه‌نگه‌ردایه، ده‌ستپێشخه‌ری بخاته‌وه ده‌ستی خۆی و ڕۆژانه له پێشڕه‌ویدا بێت و ڕۆژ له دوای ڕۆژ شکست به تیرۆریستان بێنێت.
بۆ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر و شکستی زیاتری تیرۆریستانیش، پێشمه‌رگه پێویستی به چه‌کی قورس و ڕاهێنان و هاوکاریی زیاتری دۆستان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به گشتی هه‌یه. هه‌ر لێره‌وه دووباره سوپاسی هاوپه‌یمانان و هه‌موو ئه‌و دۆستانه ده‌که‌ین که له ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه پشتگیری و هاوکارییان کردووین و بە دڵنیاییەوە چاوه‌ڕێی هاوکاریی زیاتریان لێ ده‌که‌ین.
لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌ختیی بارودۆخه‌که ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه حکوومه‌تی فیدرالی عیراق بودجه و مووچه‌ی کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستانی بڕیوه و له سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ی دۆڕاودا، قووتی خه‌ڵکی کوردستانی کردووه‌ته کارتێکی فشار، بۆ ئه‌وه‌ی له ناکۆکی و کێشه سیاسییه‌کاندا له دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به کاری بهێنێت، ئه‌مه‌ش به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی فرۆشتووه! که له هه‌موو ڕاستییه‌که‌وه دووره و دواى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له لایه‌ن به‌غداوه، ئینجا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى به فرۆشتنى نه‌وت کردووه.
به‌ڵام خۆڕاگریی هاووڵاتیانی کوردستان و به‌رگه‌گرتنی بێ بودجه‌یی و بێ مووچه‌یی، شکستی به سیاسه‌تی ئه‌وانه هێنا که له ئه‌نجامی هه‌ڵه و مامه‌ڵه و سیاسه‌ته چه‌وته‌کانیان، هه‌موو عیراقیان تووشی کاره‌ساتێکی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی کرد.
لێره‌وه پڕ به دڵ سوپاس و پێ‌زانین بۆ هاووڵاتیان و کارمه‌ندان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان دووپات ده‌کەمه‌وه که به‌رگه‌یان گرتووه و ده‌گرن، سوپاسی خاوه‌نکار و کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران ده‌که‌ین، که وێڕای نه‌بوونی بودجه‌ش ده‌ستیان له کار هه‌ڵنه‌گرت و له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و ئه‌نجامدانى کار و پرۆژه‌کان به‌رده‌وام بوون.
هه‌ر لێره‌وه دەمەوێ به هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بڵێم: دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی دارایی بەردەوام دەبێت وهیوادارە له داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌و قه‌یرانه چاره‌سه‌ر ببێت. هه‌روه‌ها دووباره هه‌موو کارمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان دڵنیا ده‌که‌مه‌وه که هیچ مووچه‌یه‌کیان نافه‌وتێت و هه‌مووان ته‌واوی مووچه‌کانیان وه‌رده‌گرن.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
وه‌ک چۆن له هه‌رێمی کوردستان، یه‌کێتی و یه‌کڕیزیمان پاراست و هه‌موومان پێکه‌وه حکوومه‌تمان پێکهێنا، زۆر پێداگیریمان له‌وه کرد که به هه‌مان شێوه هه‌مووان پێکه‌وه به‌شداری له حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقی فیدرالدا بکه‌ین. دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه که هه‌رێمی کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه و ئاماده‌یه هه‌موو کێشه و گرفته‌کان له ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن له واقیعى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات.
ئێمه ئه‌م به‌شدارییه له حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا به ده‌رفه‌تێک ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێته پێشه‌وه و، بگه‌ینه چاره‌سه‌رێک که سوودی بۆ ته‌واوی عیراق هه‌بێت و له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موولایەکدا بێت. عیراقێک که بتوانێت سوود له هه‌ڵه‌کانی پێشوو وه‌ربگرێت و به شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بکات که وڵات له‌و کاره‌ساته‌ی تێیکه‌وتووه، ڕزگار ببێت.
لێرەوە دووباره به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌کتان ده‌که‌م، پڕ به دڵ پیرۆزبایی له خه‌ڵکی کوردستان و شاری خۆشەویستی هه‌ولێر ده‌که‌م که قه‌ڵاکه‌ی ئیتر ده‌بێته به‌شێک له که‌لتووری مرۆڤایه‌تی و موڵکی هه‌موو جیهان. دڵنیام که ئاسۆ ڕووناکه و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ڕێوه‌یه. ئێواره‌یه‌کی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌ک، بە خێر بێن بەسەرچاو.
زۆر سوپاس.
نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌كات
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز "هیووز مینگاریللى" سه‌رۆكى یه‌كه‌ى كارى ده‌ره‌وه‌ى نووسینگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافریكا له یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه له ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌رانى به‌شه جیاجیاكان و باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له به‌غدا پێك هاتبوو.
له دیدارێكدا شانده‌كه ڕوونى كرده‌وه كه به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوونى ڕه‌وشى سه‌ربازى، ئه‌منى و مرۆیى، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه و ده‌یانه‌وێ و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى زیاتر له‌م بوارانه‌دا و له بوارى ژێرخان و وزه‌دا له نێوان هه‌رێمى كوردستان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپادا هه‌بێت. شانده‌كه هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه هه‌رێمى كوردستان ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌ددیاتى جددى بۆته‌وه و كه‌وتووه‌ته ڕێزى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى تیرۆر و باوه‌شى بۆ سه‌دان هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر كردۆته‌وه، بۆیه ڕێز و پێ‌زانین و هاوسۆزیى یه‌كێتیى ئه‌ورووپایان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
شانده‌كه هه‌روه‌ها باسیان له سه‌ردانى خۆیان بۆ به‌غدا كرد و ئاماژه‌یان به‌وه دا كه حكوومه‌تى عیراقیان هان داوه هه‌موو لایه‌ك و ته‌واوى پێكهاته‌كان به‌شدارى حكوومه‌ت و پرۆسه‌ى سیاسى بن و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بده‌نه ناوچه و هه‌رێمه جیاكانى عیراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداش چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌گه‌ل توركیاش باسیان له هاوكارى و هه‌مانگیى نێوان ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر كردووه بۆ ڕێگه‌دان به‌و هێزانه‌ى پێشمه‌رگه كه بۆ پشتیوانى له كۆبانێ، ده‌ر‌بازى ئه‌وێ بوون.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى سه‌ردان و تێبینییه‌كانى شانده‌كه‌ى كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ڕۆڵێكى كاراى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر گێڕاوه و داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه پێشمه‌رگه پێویستى به چه‌كى زیاتر و به‌تایبه‌تى چه‌كى قورس و ڕاهێنان هه‌یه. ده‌رباره‌ى كه‌یسى ئاواره و په‌نابه‌رانیش، ڕوونى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وێڕاى كه‌مى و سنوورداریى تواناكان، پێشوازى لێ كردوون و به‌ره‌وامیش ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، هه‌روه‌ها عیراقیش زیاتر به هاناى ئاواره‌كانه‌وه بچن و هاوكارییان بكه‌ن.
پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى و ئه‌ورووپا و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و ناردنى هێزى پشتگیریى پێشمه‌رگه بۆ كۆبانێ، به‌شێكى دیكه‌ى گفتوگۆى دیداره‌كه بوو.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی 10ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی پێنتاگۆن و سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارێكدا كە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ئەنوەر حاجی عوسمان جێگری وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرەتا جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنانەی لە سەرۆك بارزانی كرد كە هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر سەرپەرستیی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بەدەستیان هێناوە و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەم شەڕانەدا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە زیاتر قسەی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە لەسەر ئەرزی واقعدا پێشمەرگە توانی ئوستوورەی داعش تێكبشكێنێ و بیكاتە هێزێكی بەزیو كە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت. ئێستا بەهۆی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ڕەبیعە و زوومار داعش تووشی شپرزەیی و بێ ورەیی هاتووە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا جەختی لەوەیش كردەوە كە هێزەكانی وڵاتەكەی بۆ هەر ئۆپڕاسیۆنێك و لە هەر بەرەیەك كە پێشمەرگە نیازی پێشڕەوی هەبێت ئامادەییە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ ئەو یارمەتی و هاوكارییه سەربازییانەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێی ڕەوانە كردووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ ئۆستن و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی پاڵپشتیی سەربازییەكانی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانی كرد. لەبارەی بەرەكانی شەڕ و بارودۆخی پێشمەرگە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە دوژمن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نەماوە و ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر ئیرادەی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەهێزە بۆ پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ خۆڕاگریی و بەرخودانی كۆبانێ نیشاندا و سوپاسی هێزەكانی ئەمەریكای كرد كە هاوكاریی سەربازیی كاریگەریان پێشكەشی كۆبانێ كردووە.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێویستییەكانی هێزی پێشمەرگە قسەی لەسەر كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە هەموو ناوچەكان لە تیرۆریستانی داعش پاك بكرێنەوە و هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە یارمەتیدانی كۆبانێ بەردەوام دەبن.
قسەكردن لەبارەی گەیاندنی هاوكاری و یارمەتیدانی ئەو خەڵك و پێشمەرگانەی لە چیای شنگالدا ماون و لە شەڕی بەردەوام دان، تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
سەرۆك بارزانی لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش كۆبۆیەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 10ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی دژی داعش كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەمەریكا و فەڕەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و هۆڵەندا و كەنەدا و ئۆستڕالیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی گەل و حكوومەتەكانی هێزی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە لەشەڕی دژی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئەو هەماهەنگییەی كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیماندا هەیە بە بەرز نرخاند بە تایبەت كە هەماهەنگییەكە وای كردووە كە لەشەڕی دژی داعشدا هیچ زیانێك بەر خەڵكی سڤیل نەكەوێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە تیرۆریستانی داعش لەم شەڕەدا پابەندی هیچ یاسا و ئەخلاق و بەهایەكی مرۆڤی نین بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا هێزی پێشمەرگە سەرباری دڕندەیی داعش بە تەواوەتی ڕەچاوی یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی مەدەنی دەكات و ئەو پابەندبوونەی هێزەكانی پێشمەرگەیش ڕیشەی لە بەهاكان و مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندایە كە بە هیچ شێوەیەك پێشمەرگە دەستی بۆ كردەی نامرۆڤانە و تۆقاندنی خەڵكی سڤیل نەبردووە.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند كە بە پشتیوانیی هێزی هاوپەیمان و ئازایەتیی پێشمەرگە سەركەوتنی بەرچاو لە بەرەكانی شەڕ بەدی هاتووە و ئەو سەركەوتنانە بووە هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە پلانەكانیان بۆ پێكەوەگرێدانی دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتیان لە سووریا شكست بهێنن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە وردی شاندی میوانی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پلانی داهاتووی بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە دوژمن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی پێشمەرگەی نەماوە و پشتی بە خۆكوژ و دانانی تەقەمەنی و ماین و بۆمبی چێندراوەوە بەستووە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی لە شەڕی دژی داعش كار بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەكانی بكات و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سەرباری ئەوەی تێبینیی زۆری لەسەر حكوومەتی تازە هەبوو بەڵام بڕیاری بەشداریكردنی دا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێ شەڕی تیرۆریستان بكرێ. سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەم شەڕەدا جێبەجێ بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتی و پێشمەرگانەی لەسەر چیای شنگالدا قارەمانانە بەرگری لە چیا دەكەن و ڕۆڵی ئەوانی لە پاراستنی چیای شنگال بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا ئامادەبووان تێبینی و پرسیارەكانیان لەبارەی چۆنییەتی هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانیانی دایەوە.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو دڕندەیی و بێڕەحمییەی تیرۆریستان لەبەرانبەر گەلی كوردیان ئەنجام دا زۆر بەڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش تەنیا لەڕووی ئایینیەوە توندڕۆ نین بەڵكو زۆریان هەڵگری هەردوو توندڕۆیی ئایینی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیین. هەر بۆیەشە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانیان كردە ئامانج و پەلاماری گەلی كوردی‌یان دا.
جێگەی شانازییە ئێستا گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان قارەمانانە بەرگری لەخۆی دەكات و تیرۆریستانیان تووشی شكست و داڕمان كردووە. لەو كاتەی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە كەوتە بەر هێرش، یارمەتیدان و گەیاندنی هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان ئەركێكی نەتەوەیی بوو. بەڵام بەهۆی دووریی جیۆگرافی و ئابڵۆقەدانی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە گەیاندنی هاوكاری بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زۆر ئەستەم بوو. بۆیە هەموو هەوڵێكمان دا لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە هەوڵ بدەن كۆبانێ نەكەوێتە دەست تیرۆریستان.
بەدەنگەوە هاتنی هاوپەیمانان و وەشاندنی گورزی ئاسمانی و هەروەها گەیاندنی هاوكارییە سەربازییەكانی هەرێم لە لایەن فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە، هەنگاوێكی كاریگەر بوو و جێگەی سوپاس و پێزانینە و یارمەتیی شەڕڤانانی كۆبانێی دا كە هێرشی داعش بشكێنن.
چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانێ بە بێ ڕەزامەندی توركیا و هاوكاریی ئەوان و ئەمەریكا مومكین نەبوو. بەڕێز جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندم كە لەگەڵ توركیا خەریكن ڕێك بكەون بۆ ناردنی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیا. دوای چەندین كۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵیی نێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیا و هەرێم، بە ڕەسمی ئاگادار كراین كە توركیا ڕەزامەندە و ئاسانكاری دەكات بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە و ئەمەریكایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی. ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باسكرا و داوا لە پارلەمانی كوردستان كرا ڕێگە بدات هێز بنێرین و پارلەمانیش ڕەزامەندی لەسەر دا. چونكە بەپێی یاسا ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم ڕەزامەندیی پارلەمانی كوردستانی پێویستە.
هەروەها پەیوەندیمان بە سەركردایەتیی پەیەدە كرد كە ئامادەین هێزێكی زۆری پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین. ئەوان لە وەڵامدا گوتیان پێویستیمان بە هێزی شەڕكەری پێشمەرگە نییە بەڵكو پێویستیمان بە هێزێكی پشتیوانییە. بۆیە لەسەر داوای ئەوان بڕیار درا هێزێكی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین.
ئەو هێزەی ئێستا بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوتووە تەنها هێزێكی پاڵپشتی و دابینكردنی ئاگرە. داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هیوادارم بتوانن هاوكارییەكی باشی خوشك و براكانیان بكەن. هەر كاتێكیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بكات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بكرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی كۆبانێ و تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەكەین.
بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان شانازییەكی مەزنە بتوانن لە هەر كوێ یارمەتیی شارێك یان گوندێك یان تاكێكی كوردستان بدەن. شانازیشە لە جیاتی مرۆڤایەتی شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بكەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
30ـی 10ـی 2014
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی پێشووی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە 2ـی 11ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شێخ ئەحمەد عاسی ئەلجەربا سەرۆكی پێشووی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە د. ڕۆژ نوری شاوێز جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆریستان خرایە بەر باس و گفت‌وگو و، سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخێندرا. هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بە تایبەت ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر سەقامگیری و داهاتووی ناوچەكە تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئاڵوگۆڕ كرا.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ڕێشەكێشكردنیان هەوڵێكی هاوبەشی هەمەلایەنەی پێویستە.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "عه‌بدولحسێن عه‌بتان" وه‌زیرى وه‌رزش و لاوانى عیراقى فیدرال و شاندێكى یاوه‌رى كرد، كه له‌سه‌ر داواى به‌ڕێز وه‌زیرى ڕ‌ۆشنبیرى و لاوانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێر.
له دیدارێكدا بارودۆخى وه‌رزش و لاوان له عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى عیراق له بواره‌كانى وه‌رزش و لاوان‌دا و هه‌ڵنانى ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى بۆ گرنگیدانى زیاتر و به‌ره‌وپێشبردنى وه‌رزش و لاوان له هه‌رێم و عیراق به گشتى پێویستن، تاوتوێ كران.
به‌ڕێز وه‌زیرى وه‌رزش و لاوانى عیراق ئاماده‌یى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى له بواره‌كانى ژێرخانى وه‌زرش و لاوان و دروستكردنى یاریگا و هۆڵه وه‌رزشییه‌كاندا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات و دووپاتى كرده‌وه كه وه‌زاره‌ته‌كه‌ى به یه‌ك چاو له هه‌موو عیراق ده‌ڕوانێ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه ده‌یه‌وێ لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ت نووسینگه‌یه‌كى خۆى له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها شارێكى وه‌رزشى له هه‌ولێر دروست ده‌كات و دوو لیژنه‌ش له هه‌ردوو وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوانى عیراق و وه‌زاه‌رتى رۆشنبیرى و لاوانى هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوونى كار و پرۆژه و هاوكاریى دوولایه‌نه پێك هێنراون.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، خۆشحاڵیى خۆى به هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زیرى وه‌رزش و لاوانى عیراق ده‌ربڕى و هه‌موو پشتگیرى و ئاسانكارییه‌كى بۆ كاره‌كانى وه‌زاره‌ت له هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه گرنگه وه‌رزشوان و لاوانى هه‌رێمى كوردستان هه‌ست به‌وه بكه‌ن له حكوومه‌تى فیدرالیشه‌وه پشتگیری‌یان ده‌كرێت. هه‌روه‌ها پشتگیرى و هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكوومه‌تى به‌ڕێز عه‌بادى دووپات كرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانى: كێشه‌ى سووریا به ڕێگه‌چاره‌ى سیاسى چاره‌سه‌ر ده‌بێت
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز ستیڤان دى مستۆرا نێردراوى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سووریا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له دیدارێكدا به‌ڕێز دى مستۆرا خۆشحاڵیى خۆى به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ئاماژه‌ى به‌وه دا له ڕاپه‌ڕینى 1991ه‌وه تا ئێستا، پێشكه‌وتنى گه‌وره و دڵخۆشكه‌ر له هه‌رێمى كوردستان هاتوونه‌ته ئاراوه. هه‌روه‌ها سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه پێشوازى له نزیكه‌ى ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر كردووه و دووپاتى كرده‌وه كۆمه‌ك و هاوكاریى ڕێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.
بارودۆخى عیراق و ناوچه‌كه و مه‌ترسیى تیرۆر و پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستان و گرنگیى به‌شداریى هه‌مووان له حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو، تیایدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، سیاسه‌ت و ستراتیژێكى گشتگیرى پێویسته و ده‌بێ له ڕووى سه‌ربازى و مرۆییشه‌وه هاوكاریى زیاترى هه‌رێمى كوردستان بكرێت. ده‌رباره‌ى سووریاش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كێشه‌ى سووریا كێشه‌یه‌كى سه‌ربازى نیه و ده‌بێ ڕێگه‌چاره‌یه‌كى سیاسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى بدۆزرێته‌وه تا ئارامى له ناوچه‌كه‌دا سه‌قامگیر ببێت.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها سوپاسى كۆمه‌ك و هاوكارییه مرۆییه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و هاوكارى بۆ كۆبانێ كرد، ڕوونیشى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به كۆمه‌ك و هاوكاریى زیاتر هه‌یه و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خش، ده‌بێ زیاتر هاوكاریى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز دى مستۆرا دووباره خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند كه هه‌رێمى كوردستان بوێرانه به‌ره‌نگارى تیرۆر بووه‌ته‌وه و به‌رگرى و به‌رخودانى كردووه، بۆیه به دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان گه‌شبینن و ده‌گاته ئامانجى خۆى.
نێچیرڤان بارزانى داواى هاوكاریى زیاتر له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز كۆنگرێسمان "دارێل ئیزا" سه‌رۆكى كۆمیته‌ى چاودێرى و ڕیفۆرمى حكوومه‌ت له كۆنگرێس و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له دوو كۆنگرێسمان و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا پێكهاتبوون.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و ئارامى و سه‌قامگیرییه‌ى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قاره‌مانانه به‌رامبه‌ر تیرۆر و پاككردنه‌وه‌ى چه‌ندین ناوچه‌ى هه‌رێمى كوردستان له تیرۆرستانى داعش و، بۆ به‌هاناوه‌چوونى ئاواره و په‌نابه‌ران، ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه كرد و پێزانینى خه‌ڵكى ئه‌مه‌ریكایان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانیان دڵنیا كرده‌وه كه له ئه‌مه‌ریكا دۆستى زۆریان هه‌یه و پشتیوانی‌یان لێ ده‌كه‌ن.
شانده‌كه ئه‌وه‌شیان ڕوون كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان له‌پێناوى ئه‌و به‌هایانه‌دا له دژى تیرۆر ده‌جه‌نگێ كه دنیاى ئازاد بڕواى پێ هه‌یه، بۆیه‌شه له كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریكا و له ڕاپۆرته‌كانیاندا باس له‌و ڕاستیه ده‌كه‌ن كه پێشمه‌رگه له هێڵى پێشه‌وه‌ى جه‌نگ و ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌دایه و پێویسته هاوكارى بكرێت.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ خه‌ڵك و كۆنگرێس و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه كه پێشتر و ئه‌مجاره‌ش هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه و ڕایگه‌یاند هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ نه‌هێشتنى مه‌ترسیى تیرۆر كه ڕووى له هه‌موو جیهانه، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان له ڕووى ته‌قه‌مه‌نى و چه‌كى قورس و ڕاهێنانى سه‌ربازییه‌وه پێویستیى به هاوكاریى زیاترى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه، بۆیه هیواى خواست ڕاپۆرته‌كه‌یان ده‌رباره‌ى بارودۆخى كوردستان ئه‌م تێبینیانه له خۆى بگرێت.
له دیداره‌كه‌دا بارودۆخ و پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا و په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێ كرا.
كۆسره‌ت ره‌سوڵ: ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای بارودۆخی زاتی و مه‌وزوعیدا ده‌توانین له‌م شه‌ره‌دا سه‌ركه‌وتووبین
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ڕۆژی 20/10/2014 كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سلێمانی پێشوازی كرد له "سیر ریچارد ئۆتادی" سه‌رۆكی وه‌فد و خاتوو "بیلیندا" یاریده‌ده‌ری باڵوێزی به‌ریتانیا له عێراق و ژماره‌یه‌ك له په‌ڕله‌مانتارانی هه‌ردوو حیزبی كرێكاران و پارێزگارانی به‌ریتانیا.
له دیدارێكدا چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و چاره‌نوسساز ده‌رباره‌ی بارودۆخ و ره‌وشی ناوچه‌كه و عێراق و كوردستان باسكران.
سه‌ره‌تا كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی به‌ریتانیای كرد كه له مێژووی نزیكی گه‌لی كورددا هاوكاری سیاسی و سه‌ربازی و مێژوویی گه‌لی كوردستانی كردوه، به‌تایبه‌تی له بیست ساڵی رابردوودا به هاوكاری حكومه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا له ساڵی 1991 دا ناوچه‌ی دژه فڕینیان بۆ پاراستنی گه‌لی كورد پێكهێنا و ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگه‌ریشتان هه‌بووه له روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسین دا.
هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ووتی: له‌م شه‌ڕه سه‌پێنراوه‌ی تیرۆریستانی داعشدا كه روبه‌روی كوردستان بۆته‌وه به‌ریتانیا رۆڵێكی كاریگه‌ر وسه‌ره‌كی بینیوه، هه‌ر له هاوپه‌یمانێتیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كه و راهێنانی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر به‌كار هێنانی چه‌كه‌كان.
هه‌ر له درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به یه‌كگرتوویی و یه‌ك هه‌ڵوێستی گه‌لی كورد له روبه‌روبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا لای خۆیه‌وه كۆسره‌ت ره‌سوڵ ووتی: له‌م دوژمنكارییه‌دا ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای بارودۆخی زاتی و مه‌وزوعیدا ده‌توانین له‌م شه‌ره‌دا سه‌ركه‌وتووبین، له ناوخۆدا سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستانی گه‌وره پشت و په‌نای یه‌كترین و له مێژووی كورددا روینه‌داوه وه‌كو ئه‌م ساته‌وه‌خته كورد یه‌كگرتوو بێت سه‌رجه‌م پارته سیاسییه‌كان ئامانجیان یه‌كه و رزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌یانه.
هه‌ر له‌وته‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌باره‌ی بارودۆخی ده‌ره‌وه بۆ وه‌فدی میوان ئه‌وه‌ی خسته ڕوو ئه‌وه‌ش باش ده‌زانین كه وڵاتانی دنیاش هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا پشتوپه‌نای كورد نه‌بوون و هاوكاری مانه‌وه و به‌خودانی كورد نه‌بوون.
له‌باره‌ی برودۆخی سیاسیش له عێراق كۆسره‌ت ره‌سوڵ ووتی: ئێمه به‌شداریی حكومه‌تی عێراقمان كردووه و چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداین.
لای خۆیانه‌وه وه‌فدی میوان سوپاسی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه و گوتیان: ئێمه بۆ ئه‌وه هاتوین له نزیكه‌وه بارودۆخی كوردستان و ئه‌و ئارامی و پێشكه‌وتنه ببینین كه كوردستان به‌خۆیه‌وه بینیوه.. بۆیه خۆشحاڵین كوردستانه‌كه‌تان گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی ئاوه‌دانی، ئێمه لێره‌ین هه‌تا دیموكراسیه‌تی ئێوه و دڵڕه‌قی و دڕنده‌یی دوژمنه‌كانتان بگه‌یه‌نینه گه‌ل و حكومه‌تی به‌ڕیتانیا، چونكه به‌ڕاستی ئێوه گه‌لێكی تێكۆشه‌رن، كوڕان و كچانی كورد سه‌لماندیان به‌خاكه‌كه‌یانه‌وه په‌یوه‌ستن و پارێزگاری لێده‌كه‌ن.
ئێمه‌ش وه‌كو گه‌لی به‌ڕیتانیا په‌یمانتان پێده‌ده‌ین كه هه‌تا دوامه‌نزڵگه‌تان هاوكار و پشتیوانیان ده‌بین و به‌سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی سه‌ربازی و مرۆیی هاوكاریتان ده‌كه‌ین.
More...
بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كرا
فه‌ره‌نسا هاوكاریى زیاترى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات
"نازم دەباغ" لەگەڵ "هاجیمە ئوئەدا" کونسوڵى باڵیۆزخانەى ژاپۆن لە تاران کۆبۆوە
نێچیرڤان بارزانى: پێشمه‌رگه پێویستى به چه‌كى قورس و ڕاهێنان هه‌یه
دوایین هەواڵەکان
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و دوو گرووپى په‌رله‌مانتارانى ئه‌ڵمانى كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك وه‌زيرانى ئه‌رمه‌نستان تاوتوێى په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌ن
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ خاوه‌نشكۆ شاى ئوردن كۆبووه‌وه
- كارنامه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن ته‌واو بوو
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێويستييان به يه‌كێتيى ئهورووپايه