Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق دەكات

ڕۆژی سێشەممە 12ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەید عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆكی ئەنجوممەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق باسی لە دوایین كۆنگرەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و ڕاسپاردە و بڕیارەكان و ڕوئیای كۆنگرەكە كرد و هەروەها بیروبۆچوونی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و باسی لەو وەرەقەیە كرد كە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی عێراق پێشكەشی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقی كردووە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و هەڵبژاردنەوەی سەید عەممار ئەلحكیم كرد وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و لە گوتەیەكدا سیاسەت و بیروڕای هەرێمی كوردستانی لەمەڕ قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لە بارەی ڕیشە و هۆكارەكانی قەیرانی سیاسیی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی ناهێتەدی و گرفتەكان قووڵتر دەبنەوە. هەروەها هەردوولا ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە پێویستە ئەو هێزانەی ڕۆڵیان لە ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو و خەبات لەدژی دیكتاتۆریدا هەبووە ڕۆڵی خۆیان لە چارەكردنی گرفتەكان و پڕۆسەی سیاسی بگێڕنەوە.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 1832