Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كرد

ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـی 1ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و پلەداری سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەی سەرۆك بارزانی لە مسۆگەركردنی ئەو سەركەوتنانە بەرز نرخاند و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكان و سەركردایەتیكردنی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە ئازایانە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند هەموو لایەك بەڕێزەوە سەیری سەركەوتنی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەكات. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە پێشڤەچوونی ڕادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان هێمای بەوەدا ئەو هەماهەنگییە ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان ئەوەی خستەڕوو كە ئەو هەماهەنگییە سەركەوتنی مەزنی لێ كەتووەتەوە و پێویستە ئەو سەركەوتنانە فراوانتر بكرێن. هەروەها ئەوەیشی باسكرد كە لەم شەڕەدا كوردستان قارەمان و پێشمەرگە و فەرماندەی مەزنی لەدەست داوە بەڵام بەرگریكردن لە كەرامەت و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان قوربانی و باجیشی دەوێت.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها بارودۆخی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

جێگەی ئاماژەپێدانە كە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

Read کد خبر: 1146