ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند لە كۆشكی ئەلیزە لە شاری پاریس پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە سەرەتای دانیشتنێكی گەرم و دۆستانەدا سەرۆكی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كوردستان و هەروەها سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان لە كۆبانێ و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە یارمەتیدانی سەربازی و پاڵپشتیی ئاسمانیی پێشمەرگە جەختی لەوە كردەوە كە فەڕەنسا لە بواری مرۆیی و سیاسی و سەربازیدا لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەروەها لە مەسەلەی یارمەتیدانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییش لە هەماهەنگییدا دەبن. سەرۆك هۆڵاند ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییدا هەموو تواناكانیان دەخەنە گەڕ بۆ پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی و دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فەڕەنسا جەختی لەو گرنگیی ئازادكردنی موسڵ و نەهێشتنی تیرۆریستان لە شوێنەكانی دیكە كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسای كرد بۆ پاڵپشتیكردنیان و هەروەها سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسای بۆ هەولێر بەرز نرخاند كە لە كاتێكی زۆر قەیراناوی بوو و كوردستان كەوتبوو بەر هێرشی تیرۆریستان و ئەو سەردانە كاریگەرە خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە كوردستان دۆستی زۆر گەورەی هەیە. سەرۆك بارزانی سەرەخۆیشیشی لە سەرۆكی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆی كرد.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و بایەخی ئازادكردنی كۆبانێ و هەماهەنگیی نێوان هێزە كوردییەكان خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسای كرد كە پێشوازی لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی كۆبانێ كردووە و پێزانینی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆك هۆڵاند هەبوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئامادەكارییەكانی سوپای عێراق و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش و كورتەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ خستەڕوو.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێرا لە شاری میونیخ جەخت لە هەماهەنگی و هاوكاریی هەرێم و بەغدا كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان و تیرۆریستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و كێشە و دۆخی نێوخۆیی تیرۆریستانی داعش قسەی لەسەر كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.