Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەرپرسی پێشووی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا دەكات

ئەمڕۆ هەینی 13ـی 3ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید پێترایۆس بەرپرسی پێشووی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا و فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەر لەم دیدارەدا بەرپرسی پێشووی دەزگەی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریكا سەرسووڕمانی خۆی بە پێشكەوتن و ئاوەدانیی كوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانییش كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بەدەستیانهێناوە و ستاییشی قارەمانێتی و ئازایەتیی پێشمەرگەی كرد. هەروەها سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لەشەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1275