Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەكیلی وەزیری دەرەوەی توركیا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرێدون سینێرلی ئۆغلو وەكیلی وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە دابینكردنی ئاساییشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەركی هەموو لایەكە و پێویستی بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەیە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیی توركیا كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیایە و ئامادەیشە لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیە یارمەتیی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بدات. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستە ڕوو كە لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیدا هەموو لایەك و گەلانی ناوچەكە سوودمەند دەبن و هیوایشی خواست كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە نەمێنن.

پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و فراوانكردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا بۆ دابینكردنی ئاساییش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و، وەكیل وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند كە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و توركیا هەموو هەوڵێك دەدات یارمەتیی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات.

Read کد خبر: 1277