نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرانبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێبنەمای خستووەتە ڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.
لە وەڵامیدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.
ئەنجامەكانی لێكۆلینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆلێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش ڕەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015