بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەژنی جەمایێ خوشك و برایانی ئێزیدی لە ڕێگەیە و، ئاگاداری ئەوەم كە بەهۆی ئەو زوڵم و كارەساتانەی لە ساڵی ڕابردوو دەرهەق خوشك و برا ئێزیدییەكانمان كراوە ڕێوڕەسمی ئەو جەژنە پیرۆزە ئەنجام نادرێت. هیوادارم خۆشی و بەختەوەری و جەژن بە زووترین كات بگەڕێتەوە ماڵی ئێزیدییەكان و هەموو كوردستانییەك.
بەپێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا خوشك و برا ئێزیدییەكانم لەوە دڵنیا بكەمەوە كە تیرۆریستان باجێكی زۆر قورسیان لە بەرانبەر ئەو تاوانە قێزەوەنانە داوە كە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامیان داوە و، ژمارەیەكی زۆریان سزا دراون. ئەوانەی ماویشن و كەمترین تاوان و بەدڕەوشتیان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجام دابێت پشت بە خوای گەورە و هێز و بازووی پێشمەرگە دواجار سزای خۆیان هەر دەبینن.
ئێوە بەشێكی زۆر ئازیزی گەلی كوردستانن و ئێش و ئازاری ئێوە ئێش و ئازاری هەموو تاكێكی كوردە. لەوە دڵنیام كە ئێوە بە سەربەرزی و سەركەوتووانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیان و ماڵ و حاڵی خۆتان و بە گوڕ و تینێكی زیاتر، خزمەتی نەتەوە و وڵات و ئایینەكەتان دەكەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان