Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەكات

ڕۆژی سێشەممە 27ـی 10ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئۆرسلا ڤۆن دێرلاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەڵمانیا و پێشمەرگە ڕەزامەندیی خۆی لە ئاستی باڵای هەماهەنگییەكە و كاری هاوبەشی نێوانیان نیشاندا و جەختیشی لەوە كردەوە كە هاوكاری و هەماهەنگیی سوپای وڵاتەكەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە كاركردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە متمانە و دۆستایەتیی هەردوولای بەهێزتر كردووە و ئێستا ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان كێشە و خەم و كاری هاوبەش بە یەكەوەیان دەبەستێتەوە و دەبێ لەسەر ئەو كار هاوبەشە و هەماهەنگییە مكوڕتر بین.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەیشی بەو شەپۆلە مرۆییەی ئاوارەكان كرد كە ڕووی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپایی كردووە و دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستان كرد كە سەرباری دۆخی خەراپی ئابووری سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە. هێماشی بەوەدا كە پێویستە وڵاتانی ئەوروپایی یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن و باری قورسی ئاوارەكان كە لەسەر شانی چەند لایەنێكە دابەش بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیای بۆ جاری سێیەم بە نیشانەی قووڵبوونی پەیوەندییەكانی گەلی كوردستان و ئەڵمانیا لە قەڵەمدا.سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و ئاماژەیشی بە كێشەكان و بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەڕەشەیەكە بۆسەر هەموو جیهان و لەسەر ئەرزی واقعیشدا باری قورسی شەڕی داعش كەوتووەتە سەر شانی پێشمەرگە و ئەولەویەتی ئێستای هەرێم شكستدانی تیرۆریستانی داعشە.

سەرۆك بارزانی لەبارەی گرفتی ئاوارەكان وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا كە بە دڵفراوانی باوەشیان بۆ پەنابەران كردووەتەوە، ڕایگەیاند كە پێویستە هۆكارەكانی دیاردەی ئاوارەبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بكرێت و تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەكانی كۆچ نەكرێت و وڵاتانی یارمەتیدەر پێویستە هاوكاریی ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكان بدەن بۆ ئەوەی گوزەرانی ژیانیان باشتر ببێت.

هەر لەم كۆبوونەویەدا پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاستی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەكە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی، ئەو تەوەرانە بوون كە لە كۆوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا باس كران.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

Read کد خبر: 1631