Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان دەكات.

لەم دیدارەدا شاندی میوان بیروڕای خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی هەرێم و گوزەرانی خەڵك و قەیرانی سیاسیی هەرێم و دەرهاوێشتەكانی لەسەر ژیانی خەڵك بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و نیگەرانیی خۆیشیان لە قووڵتربوونی كێشەكان و تێكچوونی باری دەروونیی خەڵك و چاوەڕوانیی خەڵك بۆ چارەسەربوونی گرفتەكان نیشان دا. هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە بە داخەوە حزبەكان نەیانتوانی چارەسەرێك بۆ گرفتەكان بدۆزنەوە.

شاندی كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە دەستپێشخەرییەك بكات و داوا لە هەموو حزبەكان بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكتر كۆ ببنەوە و كۆتایی بە گرژی و قەیرانی سیاسی بهێنن و بە برایەتی و تەبایی لەسەر ڕێگەچارەیەك بۆ دۆخی ناهەمواری كوردستان ڕێكبكەون.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و هۆكارەكانی دروستبوونی قەیران بۆ شاندی میوان باس كرد و سوپاسی هەڵوێست و خەمخۆریی كەسایەتی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان كرد و ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە بە پێزانینەوە سەیری داواكارییەكەیان دەكات و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.

Read کد خبر: 1663