Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك دەكات

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 15ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و هەروەها پیرۆزبایشی لە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری شنگال كرد و وێڕای ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی قارەمان ئەو سەركەوتنەی بە دەستكەوتێكی مەزن و مێژوویی بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و چۆنییەتی بەڕێوەچوون و سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگە ئیتر ئەو قەناعەتەی بۆ هەموو لایەك دروست كردووە كە داعش شكست دەخوات و لەناو دەچێت. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی ڕووداوێكی مێژوویی و سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بایەخ و ڕەهەندە سیاسی و ستراتیجی و ئابووری و نیشتیمانییەكانی ئازادكردنی شنگال و هەروەها گەڕانەوەی ژیان و خزمەتگوزاری و دامودەزگە كارگێڕییەكان و یارمەتیدانی خەڵكی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بیروڕایش لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە ئالوگۆڕ كرا.

Read کد خبر: 1683