Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی كە توانیویەتی لە نزیك بەرەكانی جەنگ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا هەبێت و دەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی ئازادكردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە بەخشندە بوون و سەرباری بوونی كێشەی قووڵی ئابووری باوەشیان بۆ سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە. باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان هەیە لە دابینكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی ژاپۆنی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای شكستدانی داعش كرد و پەیوەست بە قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادكردنی شنگال ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی شەڕ و كارەساتەكان بەشی زۆری شنگال وێران بووە و پێویستە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پاراستنی لە هەڕەشەكان بكرێت و لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵكی دەڤەری شنگال دەبێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە گرنگیی سەقامگیری و ئاساییش دا و جەختی لەوە كردەوە كە بە بێی سەقامگیری، پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە بەدی ناهێت.

هەر لەم كۆبوونەوە ڕێگەچارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە بواری ئابووری و وزە و كارەبا لە نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن ئاڵوگۆڕ كرا.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1693