Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكات

ڕۆژی دووشەممە 23ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕایگەیاند كە زۆر سەرسامن بە هەنگاو و پلانەكانی سەرۆك بارزانی لە ئۆپڕاسیۆنەكان و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشمەرگە بۆ سەركەوتنەكانی قوربانی داوە و ئەوەیان جێگەی پێزانینی جیهانیانە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی دوا پێشڤەچوونەكان و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی داعشی كرد لە عێراق و سووریا. سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پشتیوانیی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هەوڵەكانیشی بۆ فراوانتركردنی ئەم پشتیوانییە دەخاتەگەڕ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانەكان و بە تایبەت ئەمەریكای كرد كە كاریگەریی زۆری لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا هەبووە لە هەموو قۆناغە جیاجیاكانی ئۆپڕاسیۆنەكاندا هەر چەندە هاوكارییە سەربازییەكان لەسەر زەوی لە ئاستی فراوانی و سەختیی شەڕەكان نەبووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی شنگال كرد كە زەبرێكی گەورە بوو بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە. پەیوەست بە كۆتاییهێنان بە داعش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە و لەهەر شوێنێك دەرفەتیان هەبێ دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان شەڕكردن و تێكشكاندنی داعشە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەشێوەیەكی جدیتر بەشدار بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستی خۆیان لەم شەڕەدا كراوەتر بكەن. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەڕێی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا نارد.

باسكردنی بارودۆخی سووریا و چۆنیەتیی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و تێكشكاندنی تیرۆر و خستنەڕووی چارەسەری سیاسی و بۆ دواڕۆژی ئەم وڵاتە و هەروەها پلان و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی شنگال لە پاش ئازادكردنی چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.

Read کد خبر: 1701