Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوی ئەنجوومەنی كوردی سووریا دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی كوردی سووریا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیان لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو. شاندی میوان سوپاسی خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بارزانیان بۆ دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد و داوایان كرد كە لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكانیش پاڵپشت و پشتیوانی دۆزی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەروەها سەرۆك بارزانیان لە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و باسی لە وردەكارییەكان و بایەخی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵ و قارەمانێتیی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئەوەی لە دەستی هاتبێت بۆ یارمەتیدانی دۆزی ڕەوای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامی داوە و لە داهاتووشدا هەروەك پێشوو بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی ڕۆژئاوای كوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دواڕۆژی سووریا و ڕێگەچارەكانی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا كرا، كە تێیدا ڕەچاوی ماف و داواكارییەكانی هەموو پێكهاتەكان لە چوارچێوەی سیستێمێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی كرابێت.

Read کد خبر: 1705