Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 6ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵ و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هەموو جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئازادبوونی شنگالیان دەكرد و ئەوەیش بە دەست و توانستی پێشمەرگە هاتەدی.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوازیاری سەقامگیریی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و عێراقە و بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە و گۆڕانكارییەكان و ئاڵۆزتربوونی ململانێی تاییفی و فراوانتربوونی توندڕۆیی لە ناوچەكە دەكات و هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئاگاداری بارودۆخی ئابووری و ئەركی قورسی شەڕن كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستانە و بە باشیشی زانی كە وڵاتان جگە لە هاوكاریی مرۆیی لەڕووی ئابووریشەوە یارمەتیی كوردستان و عێراق بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر كێشەكانیاندا سەربكەون و تیرۆریستانیش شكست بدەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی لە وردەكاریی پلانی ڕزگاركردنی شنگال بۆ شاندی میوان كرد و ئەو سەركەوتنەی بە سەركەوتنێكی مەزن بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد. هەروەها ئاماژەیشی بە هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی كوردستانی عێراق كرد لەبەرانبەر شەڕی تیرۆریستان و ئەو ململانێ تاییفییەی كە لە ناوچەكە لە ئارادایە و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیە و بە هیچ شێوەیەك بەشێك لەو ململانێیە نەبووە و ناشبێتە بەشێك لەو ململانێیە و دژی هیچ وڵاتێكیش نین لەو ململانێیەدا و ڕێگەیش نادەین كوردستان بكرێتە گۆڕەپانی تەسویەی حیساباتی هێزە تاییفی و ناوچەییەكان. لەگەڵ ئەوەیشدا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەموو جۆرە هەوڵ و یارمەتییەك دەكات كە بە ئامانجی شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بێت و سوپاسی ئەو وڵاتانەیش دەكەین كە لە شەڕی داعشدا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانیان و ئەو پشتیوانییەمان لەبەرچاو دەبێت.

ئاڵۆگۆركردنی بیروڕا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و دەولی و چارەسەركردنی قەیرانەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

Read کد خبر: 1722