Print this page

سەرۆك بارزانی بەرەكانی شەڕ لە میحوەری باشیك بەسەر دەكاتەوە

ڕۆژی شەممە 19ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕ و بارودۆخی پێشمەرگە، سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ لە میحوەری باشیك كرد و لە نزیكەوە چاوی بە فەرماندە و پێشمەرگەكانی هەر سێ میحوەری خازر و باشیك و ناوەران كەوت.


لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ فەرماندە و پێشمەرگەكانی هەر سێ میحوەری باشیك و خازر و ناوەران پێشكەش كرد و تێیدا دەستخۆشی لە قارەمانێتی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لەو سێ میحوەرە كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پەلاماری چەند ڕۆژ پێشی تیرۆریستانی داعش كرد بۆ ئەو سێ میحوەرە و ڕایگەیاند كە زیاتر لە مانگێكە تیرۆریستان خۆیان بۆ ئەم پەلامارە ئامادە كردووە و پەلامارێكی گەوەرەیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەنجام دا بەڵام شكستێكی گەورەیشیان خواست. سەرۆك بارزانی باسی لە قوربانیدانی پێشمەرگە كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پاراستنی وڵات پێویستی بە قوربانیدانە و كوردستان بۆیە بە نرخە چونكە خوێن و قوربانی لەپێناویدا دراوە و مادام كوردستانیش خاوەنی پێشمەرگەیە هەر سەر دەكەوێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە جیهانیان بەچاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكەن و پێشمەرگە جێگەی شانازیی كوردستان و دۆستانی كوردستانە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە شەڕەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان دا و ڕایگەیاند كە ئەو شەڕانە وانەیەكی نوێ بوون بۆ خۆڕاگریی هەموومان و پێویستە خاڵە لاوازەكانمان نەهێڵین و خاڵە بەهێزەكانمان پتەوتر بكەین.

هەر لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندەی و ئەفسەر و پلەدارەكانی هەر سێ میحوەری باشیك و خازر و ناوەران كۆبوویەوە و گوێی لە ڕا و بۆچوون و تێبینییەكانی ئەوان گرت لەمەڕ بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و هەروەها ئەو پلان و ئامادەكارییە سەربازییانە تاوتوێ كران كە بۆ داهاتووی ئەو میحوەرانە لە ئارادان. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە خستەڕوو.

بۆ بینینی وتەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە دابگرە

 

 

 

 

Read کد خبر: 1738