بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
خۆڕاگریی گەلەكەمان و دلێری و قارەمانێتی پێشمەرگەكانمان لە هەموو قۆناغ و ڕۆژە سەختەكاندا بووەتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان هەمیشە بە سەربەرزی بمێنێتەوە. دوای ئەو كارەسات و ئەو شەڕە زاڵمانەی لە لایەنە تیرۆریستانی دوژمنی ئەخلاق و مرۆڤایەتی بەسەر گەلی كوردستاندا سەپێندرا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە خوێن و گیانفیدایی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و بووە هۆی سەرسامیی جیهان، لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگە ئێستا هەموو مرۆڤایەتی بەچاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری گەلی كوردستان دەكات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پێشمەرگە لە چەندین داستانی بێوێنەدا دوایین هەوڵی تیرۆریستانیان بۆ پەڵاماردانی خاكی كوردستان تێك شكاند و زیانێكی زۆر گەوەرەیان لە دوژمن دا. لە شەڕێكی بیست و چوار سەعاتیدا داعش هەوڵیدا بە فراوانترین شێوە و بە باشترین هێز و چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو پەلاماری پێشمەرگە بدات. ئەو هێرشەی تیرۆریستان بە گەورەترین هێرشیان هەژمار دەكرێت و ماوەی یەك مانگ خۆیان بۆ ئامادە كردبوو بەڵام پێشمەرگە قارەمانانە لەسەرجەم میحوەرەكان داعشیان تێكشكاند. دەستخۆشییان لێ دەكەم و بەرخودان و ئازایەتیان مایەی شانازین، هەروەها سوپاسی گەلی خۆڕاگری كوردستان دەكەم كە پشتیوانی پێشمەرگەن و ڕۆڵەی ئەوها ئازا و چاونەترس و نیشتیمانپەروەرەیان پێگەیاندووە بۆ بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان. سوپاسی پشتگیری و پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانانیش دەكەم كە لە شەڕەكاندا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون.
تیرۆریستان ویستیان لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا پەلاماری كوردستان بدەن و ئاڵای كوردستان لە سەر لانەی شێران دابگرن بەڵام خەیاڵی تیرۆریستان و دوژمنان خاوە و ئاڵاكەمان لەسایەی خودای گەورە و قارەمانێتی پێشمەرگە و هیمەتی گەلەكەمان هەرگیز نەوی نابێ و بە بەرزی دەمێنێتەوە.
زۆر خەمبارم بە لەدەستدانی پۆڵێك پێشمەرگەی قارەمان، شەهیدبوونیان خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ هەموومان. هەر پێشمەرگەیەك كە گیانی پاكی دەبەخشێ و شەهید دەبێ برینێك دەخاتە دڵی من، بەڵام باوەڕێكی تەواوم هەیە كە خوێنی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان گەلی كوردستان بەرەو ڕۆژی سەركەوتن دەبات، هەروەها پابەندبوونمان بەرانبەر خاك و نیشتیمان و دواڕۆژی گەلی كوردستان زیاتر دەكات. گیانی شەهیدەكانمان هەوێنی سەربەرزی و سەركەوتنی گەلی كوردستانە. مەردایەتی و فیداكاریی ئەو ئازیزانە هەموومان مكوڕتر دەكات كە دەستبەرداری دۆزی ڕەوای گەلەكەمان نەبین و ئێرادەی گەلی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و گەییشتن بە سەركەوتنی یەكجارەكی بەهێزتر دەكات.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 12ـی 2015