Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كرد

ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 12ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاشتن كارتر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگری و سوپای ئەمەریكا و باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە عێراق.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا سەرسامیی خۆی بە بوێری و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شكستدانیان و پێزانینی بۆ قوربانیندانی پێشمەرگە هەبوو و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە. هەروەها ستاییشی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە بەرەكانی شەڕ كرد كە لە ئەنجامی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان هاتووەتە دی. هەروەها باسی لەوەیش كرد كە هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی توانیویەتی شەڕ بكات و بەرگری لەخۆی بكات و لە هەمانكاتیشدا خۆیشی بە باشی بەڕێوە ببات و ئەوەیش جێگەی سەرنجی هەموو لایەكە. داوایشی كرد هەموو لایەك سوود لە ئەزموونە گرانبەهاكانی هێزی پێشمەرگە وەربگرن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی و متمانەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە بۆ تۆكمەتركردنی لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەردانی هەولێری كردووە و وڵاتەكەی ڕەزامەندە لەو متمانە و هەماهەنگییەی كە لەنێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای كرد و سوپاسی یەكە و تیمەكانی سوپای ئەمەریكایشی كرد كە هاوكار و یارمەتیدەری پێشمەرگە بوونە و پێزانینی بۆ ماندووبوون و پەرۆشیی ئەوان هەبوو و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای لە شەڕی تیرۆریستان بە زۆر باش وەسف كرد. لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەولەویەتی گەلی كوردستان بەرگریكردنە لە خۆی و شەڕكردنە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەك لەگەڵ هەر لایەنێك كە شەڕی تیرۆریستان بكات. سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵی هەمەلایەنە كرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە عێراق و جەختی لەوەیش كردەوە كە پێویستە هاوكات بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێت. هەروەها ئەوەیشی بە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە هەرچەندە گەلی كوردستان لەژێر گوشاری شەڕ و قەیرانی ئابووری و بڕینی بوودجە دایە بەڵام خۆڕاگر بووە و خۆڕاگرییەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیەتی و لەپێناویدا تێدەكۆشێ و قوربانی دەدات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ كرا و هەروەها چۆنییەتی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئامادە بوون.

Read کد خبر: 1741