Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای حكوومەتی هۆڵەندا كۆبۆوە

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای حكوومەتی هۆڵەندا كۆبۆوە كە پێكهاتبوون لە لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیران و ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ تۆم میدن دۆرپ سوپاسالاری هۆڵەندا و جان واڵتماز باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ڤان دێر زاندی كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر.


لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە خۆی و شاندی یاوەری كراوە و هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەپێناو پاراستنی پێكهاتەكان و شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان بەخت كردووە و لە شەڕەكاندا شەهید بوونە. هەروەها جەختیشی لەبەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی كردەوە لە كوردستان و هێزی پێشمەرگە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێزانینی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان میوانداری ملیۆنێك و هەشتسەتهەزار ئاوارە و پەنابەری كردووە و سەرباری بوونی گرفتی قووڵی ئابووری قوربانی زۆریشی لە شەڕی تیرۆریستان داوە و لەوەدا هۆڵەندا هاوسۆزی كوردستانە و هەروەها شەڕی تیرۆریستانیشی بە هۆكاری یەكبوونی هەردولا لە قەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگەن. هەروەها باسی لە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرد و ئەو هەماهەنگییەی بە كەموێنە وەسف كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان زووتر بەدەست بێن و لە شەڕەكاندا هیچ شوێنێكی سڤیل نەكرێتە ئامانج. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی مەترسییەكانی توندڕۆیی و ڕێكخراوی داعشی بۆ سەر مرۆڤایەتی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و باسی لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گەشەكردنی لە عێراق كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە قۆناغی دوای شكستدانی داعش بە بایەخەوە سەیر بكرێت و دەبێ ڕێككەوتنێك هەبێت كە لەدوای ڕزگاركردنی موسڵ ناوچەكان چۆن بەڕێوەببردرێت و گەرەنتیش بۆ ئاییندەی پێكهاتەكان هەبێت كە كارەساتەكان چیتر دووبارە نەبنەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیە جەخت لە پێویستی لەناوبردنی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق و گەڕاندنەوەی ژیانێكی ئاشتیانە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە شەڕی دژی تیرۆر جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە ڕەهەندی ئابووری و ئایدیۆلۆژیشی هەبێت. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فەریق جەمال سوپاسالاری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1760