Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكارە باڵاكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و شوێنەكانی تری عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە لەسەر شەڕی دژی تیرۆریستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر سەردانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم كە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمەریكایان كردبوو و ئەنجامەكانی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا و بە لەپێشچاوگرتنی قەیرانی ئابووری جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگە كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە دۆستانی گەلی كوردستان یارمەتیی خەڵكی كوردستان بدەن لە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و بایەخی ئازادكردنی موسڵ لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی داعش كرا و هەروەها ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان لە ڕوویەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و كاریگەریی بوونی هەماهەنگیی ورد لە وەدەستهێنانی سەركەوتنەكان تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

Read کد خبر: 1769