Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی داعش دەكات

ڕۆژی هەینی 18ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوات جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیوس میتمان كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

 

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵتیی شەڕی دژی داعش باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی گەیاندنی هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە.

 

هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بە بەشداریی هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرا و جەختیش لە پێویستی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ ئەویش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچە ئازادكراوەكان.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی ئەو وڵاتە و بیرۆكەی فیدرالیزم بۆ ئەو وڵاتە و هەروەها بیروڕا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە و مەترسییەكانی تەشەنەسەندنی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

 

Read کد خبر: 1788