سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 22ـی 3ـی 2016 لە ئەنجامی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستیی لە شاری بروكسێلی پایتەختی بەلیجیكا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی بێتاوان گیانیانلەدەست داوە و ژمارەیەكیشیان بریندار بوون. زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەنانە دەكەین كە ئاسوودەیی و ژیانی خەڵكیان كردۆتە ئامانج. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشیی لە گەل و حكوومەتی بەلجیكا و كەسوكاری قوربانیان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
گەلی كوردستان كە خۆی لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستاندایە زۆر بە باشی لە هەڕەشە و ئاسەوار و دڕندایەتیی تیرۆر دەگات و خۆی بە هاوخەمی گەلی بەلجیكا دەزانێ. كردەوە تیرۆریستییەكانی شاری بروكسێل زەنگی مەترسییە بۆ جیهانیان و ئەوە دەسەلمێنێت كە تیرۆر سنوور ناناسێت و هەڕەشەیە بۆ كۆی مرۆڤایەتی. هەر بۆیەش ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆر هەوڵێكی جددی و هەمەلایەنە و یەكگرتوویی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
22ـی 3ـی 2016