Print this page

بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی مەراسیمی دەرچوونی ئەفسەرانی كچی ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 3ـی 2016 بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەراسیمی دەرچوونی 201 ئەفسەری كچ لە خولی بیست و یەكی ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ بەڕێوە چوو.

لەم مەراسمیەدا كە بە ئامادەبوونی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی و ئیداری و جەماوەری شاری زاخۆ ئامادە بوون، دوای بەخشینی بڕوانامە و سوێندی سەربازی بۆ ئەفسەرانی كچ سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە قوربانیدان و ئازایەتی پێشمەرگە كرد و رایگەیاند، ناوی پێشمەرگە جێگەی شانازییە لە سەرتاسەری جیهان و جیهان شانازی بە كوڕ و كچانی پێشمەرگە دەكات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزبایكرن و دەستخۆشیكردن لە كچە ئەفسەرەكان و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی ئەكادیمیای سەربازی زاخۆ، هێمای بە قوربانیدان و شۆڕشگێڕیی شاری زاخۆ كرد و ڕایگەیاند زاخۆ شایەنی هەموو جۆرە خزمەتێكە و لانكەی بەرخودانە.

سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكەیدا باسی شەڕی دژی داعشی كرد و گوتی "لە شەڕی دژی داعشدا پێشمەرگە كوڕ و كچەكان ئازایەتی خۆیان بۆ جیهان سەلماند و، جێی شانازییە ناوی پێشمەرگە لە سەرتاسەری جیهان بووەتە ناوێكی پیرۆز و هێمای بەرخودان و شكاندنی ئەستورەی داعش".

سەرۆك بارزانی سەبارەت بە ئەركی كچان و كوڕان لە بەرگریكردن لە نیشتیمان جەختی لەوە كردەوە كە جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەی كوڕ و كچدا نییە و لە شەڕی دژی داعشدا سەلماندییان، كوردستان لە هەموو شتێك بەنرختر و شیرنترە.

لەكۆتایی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە ساڵیادی شەهیدكردنی پێشەوا قازی كرد و گوتی: " پێشەوا دەڵێین ئێمە لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایەی تەسلیمی بارزانیتان كردووە، ئەمڕۆ سەربەرز و سەرفیرازین".

هەر لەم مەراسیمەدا سەرۆك بارزانی خەڵاتی بەخشیە ئەفسەرانی كچی یەكەم و دووەم و سێیەمی خولەكە.

بۆ بینینی وتاری سەرۆك بارزانی ئێرە دابگرە

Read کد خبر: 1821