بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خوشك و برا مەسیحییەكان لە كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم.
سوپاس بۆ خودای گەورە گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە خاوەنی كولتووری دەوڵەمەند و مرۆڤپارێزانەی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازە كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و هزری توندڕۆیی و تیرۆر بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ ئەو كولتوورە لاواز بكات و درز لەنێو پێكهاتەكانی كوردستان دروست بكات.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی تر دووپات دەكەمەوە كە ئێمە هەموومان لە وڵاتەكەماندا یان پێكەوە دەمرین یان بە سەربەرزی پێكەوە دەژیین. تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتوونە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان و پێویستە لەدوای لەناوچوونی تیرۆریستان ڕێوشوێنی و دڵنیاییەكی وا بە خوشك و برا مەسیحییەكانمان و پێكهاتەكانی تر پێ بدرێت كە بتوانن بە ئاسوودەیی و ئاشتی بژیین و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
خوشك و برا و هاووڵاتیانی مەسیحیی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا لە سایەی كولتووری پێكەوەژیانی كوردستان وەك پێكهاتەكانی دیكە بە یەكسانی ژیان بەسەر دەبەن و ئاسایش و كەرامەت و مافەكانیان پارێزراوە.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی ئەم جەژنەتان لێ دەكەم و هیواخوازم ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا بكێشێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
27-3-2016