Print this page

نێچیرڤان بارزانى داكۆكى له ‌كوالیتیى به‌رزى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان ده‌كاته‌وه‌

 پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ى نۆڤه‌مبه‌رى 2013، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان و به‌ ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى كوردستان كۆ بووه‌وه‌.

 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و پرسى بواره‌ جیاجیاكانى وه‌به‌رهێنان و كه‌رته‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان و چه‌ندین دۆسیه‌ى كێشه‌ و گرفته‌كانى ئه‌و بواره و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌كرنیان تاوتوێ كران و هه‌ر یه‌كێك له‌و دۆسیانه‌ به‌پێى تایبه‌تمه‌ندیى خۆى ڕێوشوێن و میكانیزمى چاره‌سه‌ركردنیان بۆ دیارى كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى جارێكى دیكه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیى ڕه‌چاوكردنى كوالیتیى به‌رز له‌ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێناندا كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێ هه‌ندێ ستاندارد و پێوه‌رى تایبه‌ت به‌ كوالیتى و چاودێرى هه‌بن و میكانیزمێك بۆ به‌دواداچوونى كوالیتى و چاودێرى هه‌بێت كه‌ زۆر به‌ ووردى جێبه‌جێ بكرێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ خوار ئه‌و ستاندارد و پێوه‌رانه‌وه‌ بێت كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن.

هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان پێك بێت تاكوو زۆر به‌ ووردى و به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى له‌م بابه‌ته‌ بكۆڵێته‌وه‌ و ئه‌و پێوه‌ر و ستانداردانه‌ دیارى بكات كه‌ به‌پێى ستاندار و پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان بن و ته‌واوى وورده‌كاریى هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى تیادا بێت، هه‌ر له‌ دیزاینه‌وه‌ تا جێبه‌جێكردن و ئه‌و ماددانه‌ى له‌ دروستكردنیدا به‌كار دێن، هه‌روه‌ها میكانیزمێكى تۆكمه‌ش بۆ به‌دواداچوونێكى وورد دابمه‌زرێت و ئه‌و پێوه‌ر و ستانداردانه‌ هه‌موو پڕۆژه‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌كانى كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت باڵه‌خانه‌ و خانوویه‌كى ئاساییش بگرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان هه‌روه‌ها بڕیارى دا تۆماركرن و به‌ناوكردن بۆ هه‌موو ئه‌و یه‌كانه‌ى‌ نیشته‌جێبوون به‌ ناوى ئه‌و هاووڵاتیانه‌وه‌ بكرێت كه‌ گرێبه‌ستى كڕینى ئه‌و یه‌كانه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نى جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌كان مۆر كردووه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش ڕاسپێردران كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و ڕێگه‌وبان و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه‌ى ناو پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان بتوانن له‌ ماوه‌یه‌كى زوودا له‌و پڕۆژانه‌ سوومه‌ند بن.

هه‌ر له‌پێناو باشتر به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆژه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان و تا ببنه‌ هاوكارێك بۆ په‌له‌كردن له‌ ئه‌نجامدانى كار و پڕۆژه‌كان، بڕیار درا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى له‌مه‌ودواى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێناندا پارێزگاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتیى وه‌به‌رهێنان له‌ پارێزگاكان به‌شدار بن.

 

Read کد خبر: 219