Print this page

فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێكی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا كۆبووەوە

 ئێوارەی ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا كرد بە سەرۆكایەتی خاتوو مێگ مون.

 
 
لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، خاتوو مێگ مون بەناوی شاندی پەرلەمانتارانی بەریتانیا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم سازداوەو تاوێی پرسەكانی پەیوەست بە پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیامان لەگەڵ كردوون.
 
فەلاح مستەفا ستایشی هەوڵەكانی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان كرد بە تایبەت لە هەردوو بواری پێشخستنی پەیوەندیەكانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وروژاندن و بە فەرمی ناساندنی پرسی جینۆسایدی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا.
 
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان وەك بەردەوام بوون و زیاتر چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێم، هاوكات باسی دوایین گۆڕانكاریەكانی یاسای هەڵبژاردنی عیراق كردو هیوای خواست هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
 
فەلاح مستەفا باسی لە ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردو گووتی ئێستا ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئاسیای دوور خوازیارن نوێنەرایەتی لە هەرێم بكەنەوەو پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێم پەرە پێبدەن. 
 
هەردوولا باسیان لە قەیرانی سوریا و بارودۆخی سەختی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان كرد، لەم بارەیە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی و كۆمەكی پێویست پێشكەشی ئاوارەكان بكەن. 
 
هەر لەدیدارەكەدا جەخت لە بایەخی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا كرایەوەو هەردوولا كۆك بوون لەسەر پێشخستنی پەیوەندیەكان لەڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتووری و بوارەكانی پەروەردەو زانكۆو تەندروستی.

 

Read کد خبر: 239