سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە

ئەمڕۆ شەممە 11ـی 1ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ كونسوڵی گشتی و كونسوڵ و نوێنەران و بەرپرسی نووسینگەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستانی كۆبوویەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە وەك نەریتێكی ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی شیكردنەوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە دواپەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵە، سەرەتا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و هەروەها ژمارە و ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان باس كرد و ئاماژەی بەوەدا كە دەرگەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ جیهانی دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ كراوەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە ئاسانكارییەك بۆ گەشەپێدان و پتەوتركردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان بخاتەڕوو، هەروەها سوپاسی ئەو وڵاتانەشی كرد كە لەسەر بابەتی بەجینۆسایدناساندنی نەهامەتییەكانی گەلی كورد كاریان كردووە و هەنگاوی باشیان ناوە.

دواتر سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی كونسوڵ و دیپلۆمات و نوێنەرانی وڵاتان پیرۆزبایی ساڵی تازەی لە ئامادەبووان كرد و هیوای خواست كە ساڵی تازە ببێتە مایەی بڵاوبوونەوەی ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و كاولكاری لەسەرانسەری جیهاندا. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی لە دوایین هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و هێمای بەوەدا كە حكوومەتی نوێ حكوومەتێكی بنكەفراوان و بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەكان دەبێت و ئامانجیش بەرەوەپێشبردنی سەقامگیری و ئارامی و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و بووژانەوە دەبێت. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە هەڵبژاردنی ئەیلوولی ڕابردووی هەرێمی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجامدراو و چاوەڕوانیش نەدەكرا پێكهێنانی حكوومەت ئەوەندە دوابخرێ بەڵام دەرفەت بە گشت لایەك دراوە قسەی خۆیان بكەن و بەشداریی هەموو لایەك لەم حكوومەتەدا یەكلایی بووەتەوە و چوار ساڵی ئاییە چوارساڵی هێمنی و بووژانەوە دەبێت.

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیش سەرۆك بارزانی گوتی: " ئێمە نیگەرانین لە ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق بە تایبەت لە پارێزگای ئەنبار. ئەو بارودۆخە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشەكان هاتووەتە كایەوە و پێویستە حكوومەتی عێراقی مامەڵەیەكی ژیرانەتری لەگەڵ گرفتەكان كردبا". هەر لەبارەی بارودۆخی پارێزگای ئەنبار سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بارودۆخێكی مەترسیدار لەم ناوچەیەدا هاتووەتە ئارا و لەوانەیە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش بگوازرێتەوە و چارەكردنی كێشەكان لەڕێی هێزی سەربازی ڕەنگە گرفتەكان قووڵتر بكاتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە پێویستە حكوومەتی ناوەندی گرنگی بە داواكارییەكانی خەڵك بدات و ڕێزی لێ بگرێت و بەهەموو شێوەیەكیش ڕێگە لەوە بگیرێت كە شەڕی دژی تیرۆریستان ببێتە شەڕی تاییفی و شەڕی نێوان شیعە و سووننە.

كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی قسەكانی سەرۆك بارزانی بوون و سەرۆك بارزانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند كە هەرێم پێشوازی لەوە دەكات كێشەی نەوت و گاز و مادەی 140 و پێشمەرگە و گرفتەكانی دی چارەسەر بكرێت و شاندەكانی هەولێر و بەغدا بەردەوام سەردانی یەكتر بكەن و دانوساندن بەردەوام بێت. سەرۆك بارزانی لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا گوتی:" ئێمە حەز دەكەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین و كار لەسەر نەهێشتنی كێشەكانی عێراق بكەین بەڵام پێویستیشە لە عێراقدا چەمكی شەراكەتی ڕاستەقینە جێبەجێ بكرێت و هەموو خەڵكی عێراق هەست بكەن كە شەریكن لە وڵاتدا". سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە كاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجام بدرێت.

لەبارەی ڕەوشی سووریا و ئاییندەی ئەم وڵاتە سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە بەزووترین كات كۆتایی بە خوێنڕشتن و نەهامەتییەكانی گەلانی سووریا بهێنرێت و لە ئاییندەی سووریادا مافی هەموو پێكهاتەكان ڕەچاو بگیرێت. سەرۆك بارزانی كورتەیەكیشی لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ ئامادەبووان باس كرد و ڕایگەیاند كە كورد بە یەك شاند بەشداری كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 دەبێت. داواشی لە وڵاتان كرد كە لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن چونكە بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و هەروەها خێزانی عەرەب لە باشوور و ناوەندی عێراق و مەسیحییەكان و ئاوارەكانی ئەنبار ئێستا گوشارێكی زۆر لەسەر هەرێمی كوردستانە بۆ حەواندنەوەی ئەم ژمارە زۆرەی پەنابەر. لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا نییە و دەست لە كاروباری كەس وەرنادات و نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێك بەڵكو فاكتەری بووژانەوە و پێشخستنی ناوچەكەیە و دەرگاكانی بەڕووی جیرانەكان و هەموو جیهاندا كراوەیە.

لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆك بارزانی و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان نوێنەرانی وڵاتانی بیانی سوپاسی میوانداریی سەرۆك بارزانیان كرد و دەستخۆشیشیان لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و هەروەها یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران. نوێنەر و كونسۆڵی وڵاتان ئامادەیی وڵاتەكانیان نیشاندا بۆ پاراستن و یارمەتیدانی ئەو سەقامگیری و پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 299

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی