سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

  • سێ شەممە, 04 شوبات 2014

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 2ـی 2014 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا فڕانك واڵتەر شتاینمایەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە گەرمی پێشوازی لە بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە لە بەڕێزان فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دلشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا پێكهاتبوو.

لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی سەردانەكەی پێشووی خۆی بۆ كوردستان كرد و خۆشحاڵی و سەرسووڕمانی خۆیشی نیشان دا بەرانبەر ئەو پێشكەوتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتەئاراوە.

لە بەشێكی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ڕەوشی عێراق بە گشتی و پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی و ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق و پێشبینیەكانی بۆ نەخشەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردن چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ھیوای خواست كە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جارێكیتر سەردانی كوردستان بكات بۆ ئەوەی زیاتر بە پێشكەوتنەكانی كوردستان ئاشنا ببێت. ھەروەھا سەرۆك بارزانی پەیوەندیەكانی نێوان ئەڵمانیا و ھەرێمی كوردستانی بە گرنگ نرخاند و لە وەڵامی پرسیارەكانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا رۆشنایی خستەسەر ڕەوشی ئاساییشی عێراق و پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی و بە پێویستی زانی ئەم بارودۆخە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت و گوتی: "چارەسەری گشتی ئەوەیە كە عێراق پابەندبێت بە سیستەمی فیدڕاڵی چونكە ئەمە بنەمایەكی سەرەكییە لە دەستوری عێراق". لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان هێمای بەوەدا كە پێویستە ھەموو لایەك ھاوكار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان چونكە ئێستا ئەوان بەھێزترن و بوونەتە هەڕەشە لەسەر هەموو ناوچەكە. پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ھەمو لایەك پابەند بن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

لەبارەی پەیوەندیەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا سەرۆك بارزانی بە ڕوونی باسی لەوە كرد كە ئەو پەیوەندیانە لە بەرژەوەندی ھەردولا و لە ھەمانكاتدا لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە. سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی باسی هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان و ھەوڵەكانی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستانی كرد و گوتی: "ئەولەویاتی حكوومەتی تازەی ھەرێمی كوردستان، بەردەوامیی ئاساییش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و هەروەها بەرەوەپێشەوەبردنی هەمەلایەنەی ژێرخانی ھەرێمی كوردستانە".

لەم دانیشتنەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا و بارودۆخی ڕەوەندی كورد لە ئەوڕووپا و ڕۆڵی لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. شایانی باسە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان و هەروەها بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوون.

Read کد خبر: 348

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی