Print this page

لە ئیسپانیا فەلاح مستەفا لە سیمینارێکدا باس لە بۆچوون و رۆڵى هەرێمى کوردستان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارو بەرپرسانى حکومەت دەکات

رۆژى 24/02/2014 فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم سیمینارێکى پێشکەش کرد کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارو بەرپرسانى حکومەت و توێژەران و ئەکادیمیکارانى لە دامەزراوەکانى هزرو را لە ماڵى عەرەبى لە مەدرید ئامادەى بوون. لەم سیمینارەدا کە لە ژێر ناونیشانى (دیمەنى سیاسى نوێى عێراق: پێشبینیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان) بەڕێوەچوو، دابان شەدەڵە نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا یاوەرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بوو.

لە سەرەتادا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە تیشکى خستەسەر گۆڕانکاریەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کێشەکانى سەروەرى و ناسنامە و باسى لەوە کرد کە دەتوانرێت چى بکرێت بۆ سەرخستنى پرۆسەى گواستنەوەى دیموکراسى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. لەم رووەشەوە تیشکى خستەسەر ئەزموونى هەرێمى کوردستان کە لە راپەڕینى بەهارى 1991 دەستى پێکرد.

فەلاح مستەفا ئەزموونى نوێى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان بۆ ئامادەبووان شیکردەوە کە لە راپەڕینى گەلى کوردستان دژى رژێمى بەعس لە بەهارى 1991دەستى پێکرد و هەروەها باسى لە بەردەوامى و پەرەپێدانى ئەو پرۆسەیە دواى روخانى رژێم لە ساڵى 2003 کرد. هاوکات باسى لە یەکەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئازاد لە هەرێم لە ساڵى 1992 کرد.

لە بەشێکى دیکەى سیمینارەکە بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە کاریگەریەکانى شۆڕشەکانى وڵاتانى عەرەبى لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەتى کاریگەریەکانى لەسەر هەرێمى کوردستان کرد، لە ناویشیاندا باسى لە لەخۆگرتنى ئاوارەکانى ئاوارەکانى سوریا و هەروەها دابینکردنى شوێنی مانەوە بۆ ئەو عێراقیانەى کە بەهۆى توندوتیژیەکان لە بەشەکانى دیکەى عێراق روویان لە هەرێم کردووە کرد.

لەبارەى قەیرانى مرۆیی لە سووریا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى چارەسەرى سەربازى بۆ ئەو توندوتیژیانە لە سوریا نیە و ووتیشى کە حکومەتى هەرێم هیوادارە کە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەوڵى زیاتر بدات بۆ چارەسەر کردنى قەیرانى سوریا. سەبارەت بە کوردەکان لە سوریا، جەختى لە یەکگرتووى کوردەکان لەو وڵاتەدا کردەوە و گووتى کە بەم شێوە دەتوانن دەستبەرى ماف و داواکاریەکانیان بکەن.

هەر لە سیمنارەکەدا فەلاح مستەفا باسى لە لایەنە کەلتورى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها باسى لە پێشکەوتنە سیاسى و ئابووریەکانى هەرێم کرد. بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى لە ئێستا بە بڕى 37 سى و حەوت بلیۆن دۆلارى ئەمەریکى پرۆژەى وەبەرهێنان لە هەرێم ئەنجام دراوە و زیاتر لە 2600 دوو هەزار و شەش سەد کۆمپانیاى بیانى لە هەرێم کار دەکەن.

دەربارەى پەیوەندیەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى دراوسێى، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە بەروپێشچوونى پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتى تورکیا کرد. هەروەها باسى لە چارەسەر کردنى پرسى ئێستاى نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا و تورکیا کرد.

هاوکات لەبارەى پەیوەندیەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ بەغدا گووتى کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتووى عێراق لە 30/4/2014 خاڵى وەرچەرخان و گرینگیشە بۆ حکومەتى هەرێم. گووتیشى کە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا چەند لایەنێک لەخۆ دەگرێت کە لە پێناوى بەرژەوەندى هەموو عێراقیەکاندا پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 396