Print this page

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژان فڕانسوا گیرۆ بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارە و لەسەرەتای قسەكانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی عێراق كرد و هەروەها نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا لە كارانەبوونی بنەماكانی فیدڕالیزم و كاری پارلەمانتاری و لاوازیی دامودەزگا قەزاییەكانی عێراق و هەروەها قووڵتربوونی كێشەكان لەنێو پێكهاتەكانی عێراقدا. ژان فڕانسوا گیرۆ هیوای ئەوەی خواست كە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكاتەوە. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسایش ئاماژەی بەوەدا كە هەڵگری پەیامی دۆستایەتیی فەڕەنسایە بۆ گەلی كوردستان و پێشكەوتنی كوردستانیشی لەنێو ئەو ژینگە پڕكێشەیەی عێراق و ناوچەكە بە سەرنجڕاكێش و گرنگ لەقەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراق و هەروەها كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە سەرچاوەی كێشەكان پێشێلكردنی دەستوور و پاوانكردنی دەستەڵاتە. ئەنجامەكەشی ئەوە بووە كە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بكەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەكرێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هیوای ئەوەی خواست كە لەڕێی پابەندبوون لایەنەكان بە دەستوور و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێگەیەك بۆ چارەسەری گرفتەكانی عێراق بدۆزرێتەوە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

 

 

Read کد خبر: 403