Print this page

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 3ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئێدوارد ئۆکدێن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد کە لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر پێکهاتبوو.

لە سەرەتای دیدارەکدا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارە و لەسەرەتای قسەكانیدا سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی عێراق كرد و ڕایگەیاند کە بریتانیا بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنە عێراقییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداربن و نابێ هیچ لایەنێک پشتگوێ بخرێت، ئەوەیشی بە فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی عێراق لەقەڵەم دا. هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لە زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستان لە عێراق و ناوچەکە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو لایەک هاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی ناوچەکە دێن.

بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی هەرێمی کوردستان کرد لە حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و ستایش و سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و قەیرانی سیاسیی عێراق و هەروەها كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور سەرچاوەی سەرەکیی كێشەكانی عێراقە، ئەنجامەكەشی ئەوە بووە كە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون دوور بكەوێتەوە و خزمەتگوزاری و ئاساییش و ژیانی دامەزراوەیی بۆ وڵات دابین نەكرێت. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند عێراقی نوێ لەسەر بنەمای شەراکەت دامەزراوە کەچی بەغدا دەستوور پشتگوێ دەخات و وەک شەریک سەیری هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵام گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە و ڕێگە نادات جارێکی تر وەک پاشکۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 هەینی, 14 ئازار 2014

 

 

Read کد خبر: 448