Print this page

فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێكی پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی كۆبووەوە

ئەمڕۆ شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ شاندێكی USIP (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) بەسەرۆكایەتی د. ایلی ابو عون بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و سەرهەنگ حەمەسعید بەرپرسی پێشكەوتوو لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان باسیان لە كردنەوەی ئۆفیسێكی تایبەت بە USIP لە هەولێر كرد كە ئامانج تێیدا پتەوكردنی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و USIP یە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكان و باروودۆخی ئەمڕۆی ئاوارەكان و دوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

هەروا باس لە دوایین پێشووەچوونەكانی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرا هەروەها باروودۆخی ئاوارە یەزیدیەكان و كریستیانەكان و چۆنێتی یارمەتیدانیان.

فەلاح مستەفا بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو هیوای خواست ئەم دیدارە سەرەتایەك بێت بۆ پەیوەندیەكی بەردەوام و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروا گووتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزیران دووچاری هێرشێكی بەرفراوانی تیرۆرستان هات. بەڵام پێشمەرگەو گەلی كوردستان قارەمانانە توانیان بەرگری بكەن و رێگری لە پێشڕەوی كردنی تیرۆرستان بگرن، دواتر پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گورزی ئاسمانی و یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە هاوكێشەی جەنگی گۆڕی و توانرا زۆر ناوچە لە تیرۆرستان پاك بكرێنەوە. 

سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەكان و ژمارەیان ، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی بە داخەوە ئێستا ئاوارەكان لە بارودۆخێكی دژواردان و بەهۆی زۆری ژمارەیان حكومەتی هەرێم ناتوانێ‌ وەك پێویست تەواوی پێداویستیەكانیان بۆ مسۆگەر بكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازیەكان رۆلی بەرچاویان هەبووە لە پێشكەش كردنی یارمەتیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین كۆمەك و یارمەتی زیاتر بگاتە هەرێم چونكە ئاوارەكان پێویستیان بە جێگەو شوێنی حەوانەوەو خوێندن و تەندروستی زیاتر هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا فەلاح مستەفا گووتی ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا ئەرێنی بوو، كێشە گرنگەكان تاوتۆێ كران و ڕێگە چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە. پێویستە هەموو پێكهاتەكانی عیراق لەم پرۆسە سیاسیە بەشداربن و بەغدا ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە گۆڕینی باری سیاسی ئێستا بۆ بارێكی گوونجاوتر.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دەستخۆشی لەم هەنگاوەی (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) كرد بۆ كردنەوەی نووسینگەیان لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی بۆ پێشكەشكردنی هەمووجۆرە ئاسانكاری و هاوكاریەك بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان .
 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 992