ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسی هاوڕابوون و جەختیش لە هەماهەنگی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیریی سیاسی و چارەكردنی پڕۆسەی سیاسی.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕۆشنایی خرایە سەر شەڕی داعش و ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و تەئكید لەسەر كاری هاوبەش و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كرایەوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.

 

 

 

 

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 17ـی 11ـی 2015 جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال و سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە قارەمانێتی و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت.

 

بەمەبەستى گەیاندنى پرسەنامەو هاوخەمى بەڕێز مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم بەبۆنەى کۆچى دوایى بو بایدن کوڕى بەڕێز جۆ بایدنى جێگرى سەرۆکى ئەمەریکا، دواى نێوەڕۆى ئەمڕۆ بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە نوێنەرایەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم سەردانى کونسوڵگەرى گشتى ئەمەریکایان لە هەولێر کرد و لەلایەن جۆزێف پێننیگتۆن کونسوڵى گشتى ئەمەریکا و بەرپرسانى کونسوڵگەرى پێشوازیان لێکرا.

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بەناوى جەنابى سەرۆکى هەرێم ویڕاى نیشاندانى هاوخەمى و سەرەخۆشى کردن لە جۆ بایدن و گەل و حکومەتى ئەمەریکا، ستایشى رۆلى بەرێز جۆ بایدن جێگرى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاى کرد کە هەمیشە پشتگیرى لە ئەزموونى هەرێم و گەلى کوردستان کردووەو چەندین جار سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووەو پشتگیرى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردۆتەوە.

لە بەرامبەردا جۆزێف پێننیگتۆن کونسوڵى گشتى ئەمەریکا سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ هاوخەمى و هاوسۆزى و ئەو سەردانەى بەرپرسانى هەرێم نیشانداو دڵنیاى کردن کە پەیامەکە دەگەیەننە واشنتن، بەڕێزیان جەختى لەسەر پەیوەندى پتەوو دۆستایەتى نزیکى هەردوولا کردەوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت .

لە پەیوەندییەکەدا جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد. هەروەها هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان کرد کە لە پێناوی بەرگرییکردن لە گەل و وڵاتەکەیان گیانیان بەخشیوە.

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی ئازایانە و کاریگەری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان نیشان دا کە لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.

لە بەشێکی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرا و بەڕێز جۆ بایدن، تەئکیدی لەسەر دۆستایەتی و هاوکاری و هاوپەیمانێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و جەختی لەسەر پێویستیی زیاتر پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.

له‌ به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئەمەریکای كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی ئه‌و تیرۆریستانه‌ پێویستە هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بەردەوام بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠١٤، بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستخۆشیی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن و سەرسامیی خۆی بە توانا و ئازایەتیی پێشمەرگە نێشان دا.

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕایگەیاند کە ئێوە جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازاد و هەموو ئەوانەن کە دژی تیرۆرن، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە دەرهێنانی ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لیستی ڕەش ڕایگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە خۆمان و کۆنگرێس کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، چونکە بەڕاستی دانانی ناوی ئەو دوو پارتەی کوردستان لەو لیستە کارێکی زۆر نابەجێ و نەشیاو بوو و خۆشبەختانە دوای هەوڵەکان ئێستا کۆنگرێس بە یاسا ئەوەی چەسپاند کە نەدەبوو ناوی ئەو دوو پارتە لەو لیستەدا بێت و بە فەرمی ناویان لە لیستە دەرهێندرا و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و ڕێگەخۆشکەر بۆ پێدانی ڤیزا بە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک ئۆباما و بەڕێز بایدن و گەلی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی گەلی کوردستانیان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەو پشتگیری و هاوکارییە هێزی زیاتری دایە گەلی کوردستان، بەتایبەتییش بەشدارییکردنی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان کاریگەریی زۆری هەبووە.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.

 

 

 

 

به‌ڕێز فۆاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند ئه‌مرۆ هه‌ینی (31/1/2014) به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ به‌رێز جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ پێگه‌یشت .

سه‌رۆكی دیوان گووتی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا باس له‌ سه‌ردانه‌ چاوه‌روانكراوه‌كه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم كرا كه‌ بڕیاربوو ئه‌مرۆ ئه‌نجام بدرێت ، به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز باراك ئۆباما سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و جۆبایدنی جێگری سه‌رۆك .

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند جێگای داخبوو كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاته‌كه‌ گونجاو نه‌بوو ، و هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌ پێویستی ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ كاتێكی گونجاودا له‌ ماوه‌ی داهاتوو .

له‌ به‌شێكی تری په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرا و به‌ڕێزان جۆبایدن و سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دۆستایه‌تی نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان و پێویستی زیاتر پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.

به‌رێز فۆاد حسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌ ته‌وه‌رێكی تری په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا باس له‌ باروودۆخی عێراق و باری ئاسایش به‌ گشتی و په‌یوه‌ندی و دانوساندنه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی كرا .

له‌ كۆتایی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغێكی هه‌ستیاره‌ و پێویسته‌ په‌یوه‌ندی و بیرۆرا گۆڕینه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستاندا به‌رده‌وام بێت. 

 

 

 

 

 شەوی پێنجشەممە 9ـی 1ـی 2014 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵی هاوبەشی لایەنە سیاسیەكانی عێراق و سەرۆك هۆزەكانی پارێزگای ئەلئەنبار و سەركردە خۆجێییەكانی ناوچەكە لە دژی هێزە تیرۆریستەكان دووپات كردەوە و، جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە ڕێگەی دیالۆگ بكرێتە ئامرازێك بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی عێراق.

لەم پەیوەندییەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش كرا و بە پێویست زانرا كە ئەو دانوساندنانەی دەستپێكراوە و هەروەها سەردانی شاندەكان لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو لێكتێنەگەییشتنانەی سەبارەت بە مەسەلەی هەنارەكردنی نەوت هاتووەتە ئاراوە بە هاوبەشی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ چارەسەر بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشاندا كە وەك هەموو جارێك هەوڵەكانی خۆی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەم قەیران و گرژییەی ئێستا ڕزگار بێت. هەر لەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی بۆ عێراقی فیدڕاڵی یەكگرتوو و دەستوورەكەی دووپات كردەوە.

 

 

 

 

  بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیە دوو لایەنەكانی نێوانیان، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نەمساو سلۆڤینیا كرد كە پێكهاتبوو ئەلفرێد براتانێك جێگری سەرۆكی نێردە لە باڵیۆزخانەی نەمسا لە عەممان و لودویچ موك بەرپرسی بەشی ڤیزە لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئەنتۆن پیرینج لە بەشی ڤیزەی وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و د. مستەفا رەمەزان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە نەمسا ئامادەبوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەكی سەبارەت بە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی نەمسا و رۆلیان لە بەرەو پێشچوونی هاوكێشەی سیاسی كورد لە ناوچەكە كرد.

بەڕێز براتانێك خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و پاشان مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوە ئەویش كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بوو بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی چیتر  هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی عەممان نەكەن.

ئەگەرچی (13) وڵاتی بیانی لە هەرێمی كوردستان ڤیزە دەدەن، بەڵام جیاوازی سەنتەرەكەی ئەوان ئەوەیە كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش وەكو بەشێك لە سیاسەتی كاركردنی هاوبەشە بۆ ناوچە هەرێمایەتیەكان و ووڵاتە نزیكەكان كە بەشێكی زۆر لە كاروباری پێدانی ڤیزە بە كەرتی تایبەت و سەنتەرە بازرگانیەكان دەدرێت.

لەم بارەیەوە، بەرێز ئەنتۆن پیرینج ڕایگەیاند كە بەرپرسانی سلۆڤینیا هاوكاری دەكەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بۆ ئاسانكاری و دابینكردنی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەنتەری ناوبراوەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاسانی سەردانی ووڵاتەكەیان بكەن.

لەم رووەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت خوشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و ستایشی رۆڵی هەردوو حكومەتی نەمسا و  سلۆڤینیا كرد بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بە جێگەیاندنی سیاسەتی كرانەوەی حكومەت بەرووی دونیای دەرەوەدا.

پاشان، هەریەك لە بابەتەكانی پەرەپێدانی هاوكاری لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و ئابووری و پەروەردە و ئاڵوگۆری كەلتوری و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان تەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكە بوو.

لەكۆتاییدا، باسیان لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی كارا كرد بۆ پێشخستنی پەیوەندیە دوولایەنەكانی نێوان هەردوولا و چالاككردن و زیاتر ئاڵوگۆر كردنی پەیوەندیەكان كرا. 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی