"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، له‌گه‌ڵ"پێر لینێر" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران کۆبۆوە.

سەرلەبەیانی  ئەمرۆپێنجشه‌مه‌ رێکەوتی ١٣/٨/٢٠١٥ "پێر لینێر" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیکرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران و "ئەمجەد بابەحاجی" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانلە تارانپێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا دوو لایه‌ن سه‌باره‌ت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمیکوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و هه‌روه‌ها ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی تورکیا هاتنه‌ ئاخاوتن.

سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران و شاندی هاوڕێی پشتیوانی خۆیان نیشاندا بۆ بەردەوام بوون لە پشتیوانی کردنی هەرێمی کوردستان  لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران تێروانینی حکومەتی هەرێمی لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بۆ سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید لە ئێرانباس کرد.

ڕۆژی سێشەممە 11ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و،شاندێكی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوە و و فەرماندەی سەربازیی سوپای ئەمەریکا پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا باسی بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرا و ڕەوشی بەرەکانی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ڕێگاكانی شكستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا جەختیشیان لەوە کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بایەخێکی تایبەتی هەیە.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر بەشداریی تورکیا لە شەڕی دژی داعش، خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر هاوکاری و بەشداریی هەموو لایەنەکان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و PKK خرایە بەرباس و شاندەکەی ئەمەریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەوبارەیەوە خستەڕوو و تەکیدیان کردەوە کە ئەوانیش پێیان وایە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.

هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە بەردەوامیی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و ڕایانگەیاند کە پشتگیریی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. شاندەکەهەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی و سەركەوتوو وەسف كرد و پاڵپشتیی سەرۆک بارزانییان بۆ لیژنەکانی هەماهەنگی بەرز نرخاند.

سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی وشەڕی رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، هۆی سەرەکی بوون بۆ دابەزینی ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان. پێش دروستبوونی ئەم بارە، كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێم لە گەشەكردنی بەردەوامدا بوو.

نادر رۆستی، ووتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، لە لێداونێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، "لە ساڵی 2007 ەوە پرۆسەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیپێكرد ولەم ساڵەدا 370,000 گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد وساڵانە بە لەسەدا 30 زیاتر رێژەی هاتنی گەشتیاران زیادی دەكرد. ئەمەش چونكە زۆربەی بوارەكان لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی خێرا گەشەیان دەكرد، کە بووە هۆی بەردەوامی زیادكردنی رێژەی هاتنی گەشتیاران. لە ساڵی 2013، پێش دەستپێكردنی قەیرانی دارایی، ژمارەی گەشتیاران گەیشتە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار."

وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاری

سەبارەت بە وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان، نادر رۆستی وتی، "وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی لە كەرتی گەشتوگوزاردا ساڵانە بەرێژەی لە سەدا 15 بۆ 20 زیادیكردووە ولە ساڵەكانی 2012 و 2013 زیاد بوو و گەیشتە 25 لە سەد. جگە لەوەش دەستەی گەشتوگوزار توانی بەهۆی سەقامگیری و ئارامی رەوشی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكان وگەشەكردنی هەموو بوارەكان لە هەرێم سەرنجی كۆمەڵێك ماركەی جیهانی رابكێشێت كە بێنە كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ژمارەی ماركەی جیهانی لە بواری هوتێڵداریدا لە ساڵی 2013 گەیشتە 15 ماركە و بەشێكیان جێبەجێكراون و بەشێكیانیش لەقوناغی مامەڵەكردندان"

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێش ساڵی 2012 كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان لە پلەی چوارەمدا بوو، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك كار و چالاكی وەكو بەشداریكردنی دەستە لە ژمارەیەك پیشانگای نێودەوڵەتی لە شارەكانی ئەستەنبۆڵ و بەرلین و دوبەی و ئەنجامدانی چەند پرۆژە و كۆر و سمینار و كۆنفرانس لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەرتی گەشتوگوزاری وچونیەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا لە هەرێم، چاپكردنی بڵاوكراوەی تایبەت بە شوێنی گەشتیاری و نەخشە ودەلیل بە چەندین زمان، ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی کە كەرتی گەشتوگوزار بچێتە پلەی سێ وپاشان لە ساڵی 2013 بوو بە دووەم بوار لە بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و لەسەرەتای ساڵی 2014 كەرتی گەشتوگوزار بوو بە پلەی یەكەم لە بواری وەبەرهێنان. بەڵام ئەگەر سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش دروست نەبوایە، كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێناندا هەر لە پلەی یەكەمدا دەماوە."

گەشتیاران وشوێنە گەشتیارییەكان

هەروەها سەبارەت بە جۆری گەشتیاران بەتایبەتی لە ساڵی 2013 كە نزیكەی سێ ملیون گەشتیار بووە و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، نادر رۆستی گوتی "60 تا 70 لەسەدی ئەم گەشتیارانە گەشتیاری عیراقی بوون لە ناوچەكانی ناوەراست و باشووری عیراق بەبەردەوامی روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. دە تا پازدە لەسەد گەشتیاری ناوخۆیی بووە و لە 12 تا 20 لەسەدیش گەشتیاری بیانی بووە ولە ئێران و توركیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەورۆپا هاتوون. ئێران بە پلەی یەكەم بووە، ئینجا لە توركیا وئەمریكا ووڵاتانی ئەورۆپا و كەنداو هاتوون.

سەبارەت بە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كە زیاتر ناسراون نادر رۆستی رایگەیاند "قەڵای هەولێر كە لە لیستی رێكخراوی یۆنسكۆی دایە وئەشكەوتی شانەدەر كە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە پێش شەست هەزار ساڵ مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا ژیاوە وپەرستگای لالش کە تاكە پەرستگای ئایینی ئێزدی لە هەموو جیهان كە لە قەزای شێخانەو هەر وەكو چون مەككە و ڤاتیكان تاكە شوێنی ئایینی ئیسلام و مەسیحین لە جیهاندا، لالشیش تاكە شوێنی ئایینی ئێزدییە لە جیهان كە ساڵانە گەشتیاری ئێزدی و بیانی لە هەموو جیهان سەردانی لالش دەكەن. هەروەها دەیان شوێنی تریش کە دەکرێ رێکلامیان بۆ بکرێت وزیاتر بە گەشتیاران بیانناسێنین."

داهاتی كەرتی گەشتوگوزار

سەبارەت بە داهاتی كەرتی گەشتوگوزار پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش، نادر رۆستی گوتی "لەساڵی 2013 دا كە نزیكەی سێ ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، داهاتی ئەم ساڵە زیاتربوو لە 000 ,000, 650 دۆلار. بەڵام سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێم كاریگەری زۆری كردە سەر كەرتی گەشتوگوزاری وزۆربەی پرۆژەكانی ئەم كەرتە راوەستان وهاتنی داعشیش فاكتەرێكی تربوو كە كاریگەری بكاتە سەر ئەم كەرتە کە بووە هۆی نەهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ هەرێم بەتایبەتی گەشتیارانی ناوچەكانی تری عیراق چونكە شەڕ تێدا پەرپابوو وەكو پارێزگەكانی مووسڵ و ئەنبار و تكریت و دیالا. زۆربەی خەڵكی ئەم پارێزگانە ئاوارەبوون و رێژەیەکی زۆری ئاوارەكانیش روویان لە شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاوارەش بە هیچ جۆرێك گەشتیار نییە، لەگەڵ ئەمەشدا بوونە بارگرانی بەسەر خەڵكی كوردستان وحكومەتی هەرێم، كە پێشتر لەوانەیە ئەم ئاوارانە ساڵێ جارێك تا دوو جار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبێت بەمەبەستی گەشیتاری. جگە لەمە، ئەوانەی لەبن دەستی داعش ماینەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن سەردانی هەرێم بكەن. گەشتیارانی نزیكەی چوار پارێزگای عیراق بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی داعش نەما. بۆیە رێژەی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان رووی لە كەمیكرد ولەساڵی 2014 بە رێژەی 60 لەسەد كەمیكرد و تەنها ملیونێك و دوو سەد هەزار گەشتیار هەبوو و لە ساڵی 2015 بەپێی ئامارە سەرەتایەكانی چوار مانگی یەكەم دیسان رێژەی هاتنی گەشتیاران لە 60 لەسەد  كەمیكردووە بەبەراورد لەگەڵ چوار مانگی یەكەمی ساڵی 2013. بەڵام لەگەڵ هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبوویتەوە وبە بەراورد لەگەڵ جەژنی پێشوتر زۆر زیاترە."

پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوو

دەربارەی پرۆژە گەشتیاریەكانی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان، نادر رۆستی راگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران وئەنجوومەنی ئابووری كوردستان بڕیار لەسەر دروستكردنی چوار پرۆژە شاری گەشتیاری لە هەرێم دواوە وەكو شاری گەشتیاری بەنداوی دوكان و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای سەفین و شاری گەشتیاری بەنداوی دهۆك و پرۆژەی گەشتیاری سەر چیای زاڤا لە دهۆك. ئەم پرۆژانە هەموو بوارەكانی گەشتیاری لەخۆی دەگرێت بەتەواوبوونیان گۆڕانكاریەكی جۆری لە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان روودەدات."

گرفتەکان

دەربارەی كێشە وگرفتەكان، نادر رۆستی رایگەیاند، "سەرەرای ئەوەی كە دەستەی گشتی گەشتوگوزار تاكە دەزگایە لە هەموو عیراق كە بووە بە خاوەنی بروانامە ئایزۆ، كە بروانامەیەكی بەرزی نێودەوڵەتیە لە رووی رێكخستنی كارگێری، بەڵام هەندێك كێشە هەنە كە رێگرن لەبەردەم زیاتر گەشەكردنی ئەم كەرتە لە هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوەی کە هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعیراق وعیراقیش ناوچەیەكی ناسراوە لە جیهان بە شەڕ ونائارامی، بۆیە ناساندنی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام وجیا لە عیراق کاری زۆری دەوێت. لەلایەکی ترەوە، كێشەی پێدانی ڤیزە بە گەشتیاران ونەبوونی یاسایەكی گەشتیاری تایبەت كە رەشنووسەكەی ئامادەكراوە بەڵام تائێستا نەبویتە یاسا وكێشەی رێگاوبان وكارەبا و خزمەتگوزاریش، لەم گرفتانەن کە رێگرن لەبەردەم زیاتر گەشەكردنی کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێم.

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری جارێکی تر سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیان كرد كە ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لێقەوماوانی هەموو پێکهاتەکانیان لە کوردستان حەواندۆتەوە و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا.

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان بە سەرۆكایەتی ئۆسمان بایدەمیر پارلەمانتاری توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدانی باكوور بۆ زێدی بابوباپیرانیان و هەروەها سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە شەهیدانە كرد كە لە ئەنجامی بوردومانی زارگەلی لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە شەهید كران. هەروەها سەرۆكی شاندەكە، سەرۆك بارزانیی لە وردەكارییەكانی پڕۆسەی سیاسیی توركیا و هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان ئاگادار كردەوە و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لەوەی كە قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە و دەرفەتی ئاشتی لە كیس بچێت و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێ پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە. شاندی پارتی دیموكراتی گەلان وێڕای ستاییشكردنی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەكردنی گرفتەكان و پێشڤەبردنی پڕۆسەی ئاشتی داوایان كرد سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بخاتەگەڕ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان بە بێ خواستی خۆی دابەشكراوە و بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی شەڕی كرد و توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و ئێستا لەپێناو مسۆگەركردنی دەستكەوت و بەرەوپێشوەچوونی دۆزی كورد پێویستیمان بە ئاشتییە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەی باسكرد كە ئەنجامی شەڕ ماڵوێرانی و كاولكارییە و، ڕۆژێك شەڕ زووتر ڕابگیرێت باشە و لە قازانجی هەموو لایەكە و بۆ سەرخستنی ئاشتییش پێویستە هەموو لایەك پاڵپشت و هاوكاری یەكتر بین. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و نزیككردنەوەی لایەنەكان هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە و ئەوەی لەدەستی هاتووە كردوویەتی و ئێستایش ئامادەیە لەپێناو دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا یارمەتیدەر بێت.

هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەی بیری توندڕۆیی و تیرۆریستانی داعش لەسەر كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرا و باس لە قارەمانێتیی و بەرخودانی گەلی كورد لەبەرانبەر دوژمن و داگیركاران كرا و جەختیش لە پتەوتركردنی برایەتی و تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان كرایەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی دیبلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوامە و توانیویەتی بە شێوەیەكی یەكجار باش ڕووبەڕووی هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و لە ڕووی ئابووریشەوە خۆڕاگر بێت بەرامبەر ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و بە شێوەیەكی زۆر باشیش پێشوازیی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەران بكات و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكات.

پشتگیری و بەردەوامیی هاوكارییەكانی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. هەروەها باسی لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا كرد و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندیی نێوان هەردو بەرەو پێشتر بڕوات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دڵخۆشیی خۆی دەربارەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران مێژوویین و جەختی لەوە كردەوە كە لە كاتە سەختەكاندا كۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم پاڵپشت و هاوكاری گەلی كورد بووە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكاری پێشكەش دەكات بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەكاندا.

گفتوگۆكردنی بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

ئیلنا: ئاستی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کانی ئێران و حکومه‌تی هه‌رێم، گرفته‌کانی نێوانیان و کاریگه‌ری قه‌یرانی داعش له‌سه‌ر هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کان، بابه‌تی وتووێژی په‌یامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بوو له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران.

 

هاوکاری ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق مێژووییه‌کی دێرینی هه‌یه، به پێی قوڵایی و پانتایی مێژوویی ئه‌م هاوکارییه‌ی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته له بواری ئابووریشذدا ره‌نگدانه‌وه‌ی پێویستی ببێت. به‌ڵام ئاماره ئابوورییه‌کان ئه‌مه ناگه‌یه‌نێت.

ئاستی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کانی ئێران و حکومه‌تی هه‌رێم، گرفته‌کانی نێوانیان و کاریگه‌ری قه‌یرانی داعش له‌سه‌ر هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کان، بابه‌تی وتووێژی په‌یامنێری ئیلنا بوو له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکومه‌تی کوردستانی عێراق له تاران.

 

ئیلنا:دوای گه‌شه‌کردنی داعش له ناوچه‌که‌دا، گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی کوردستانی عێراق دابه‌زیوه، چونکه زۆربه‌ی بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان ده‌کرێت بۆ به‌شی ئاسایش. له ئێستادا بارودۆخی سه‌رمایه‌گوزاری له پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و پیشه‌یی به چ شێوه‌یه‌که؟

نازم ده‌باغ: به بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌و دوای ئه‌وه سه‌رهه‌‌ڵدانی داعش، کێشه‌ی گه‌وره بۆ هه‌رێمی کوردستان هاته ئاراوه. شه‌ڕی داعش تیچووه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی به‌رزکرده‌وه. ئێمه له ئێستادا له‌گه‌ڵ داعش هاوسنوورین و سنوورێکی درێژ، نزیکه‌ی هه‌زار و ٥٠ کیلۆمه‌ترمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه و له‌م سنووره هاوبه‌شه‌دا له‌گه‌ڵیان له شه‌ڕداین. له‌م هه‌زار و ٥٠ کیلۆمه‌تره نزیکه‌ی ٣٠ کیلۆمه‌تر هه‌یه که ده‌توانین له‌ رێگایه‌وه هاتوچۆی به‌غداد بکه‌ین. رێگای بازرگانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م رێگایه. ئه‌م بابه‌ته له دابه‌زینی چالاکییه بازرگانییه‌کاندا کاریگه‌ر بووه. بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه، سه‌ره‌ڕای تێچووی شه‌ڕ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له ئێستادا حکومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت بۆ پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و پیشه‌یی هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرێت. ته‌نانه‌ت رێژه‌ی سه‌ردانی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی کوردستان، دابه‌زیوه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه. به‌داخه‌وه قه‌یرانی دارایی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زیاتر له ٢٥٠ کۆمپانی له هه‌رێمی کوردستان ئیفلاس‌بوونی خۆیان رابگه‌یه‌نن که ئه‌مه‌ش رێژه‌ی بێکاری به‌رزکردۆته‌وه.

ئه‌و کۆمپانیانه‌‌ش که ئیفلاس‌بوونی خۆیان رانه‌گه‌یاندووه چالاکییه‌کانی خۆیان راگرتووه‌و چالاکیان نییه‌و چاوه‌ڕوانی داهاتوون. له‌م نێوانه‌دا ئه‌و کۆمپانیا ئێرانییانه‌ی له هه‌رێم چالاک بوون تووشی کێشه بوون.

 

ئیلنا: دوای رێککه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێرتان و وڵاتانی ١+٥ وادیاره که بارودۆخێکی نوێ بۆ سه‌رمایه‌گوزاری و چالاکی هاوبه‌ش هاتووه‌ته ئاراوه. به تایبه‌ت که له رابردوودا به هۆی کێشه‌ی بانکییه‌وه گواستنه‌وه‌ی پاره نه‌ده‌کرا. به زووی ئه‌م گرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به پێی بارودۆخی نوێ، ئێران و هه‌رێم له چ بوارێکدا ده‌توانن بۆ کاوکاری هاوبه‌ش هه‌نگاو هه‌ڵبگرن؟

نازم ده‌باغ: من رێککه‌وتنی ئێران و ١+٥ بۆ ناوچه‌که به‌سوود ده‌زانم و ئه‌م رێککه‌وتنه بۆ ناوچه‌که زۆر کاریگه‌ره. چ له رووی ئاسایشه‌وه چ له رووی سیاسی و چ له رووی ئابوورییه‌وه. چونکه بارودۆخێک دێته ئاراوه که هاوکاری له‌م بوارانه‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت. به‌ڵام لابردنی ئابڵۆقه‌کانی ئێران رووداوێک نییه له چه‌ند هه‌فته‌دا رووبدات. ده‌بێت چاوه‌روانی جێبه‌جێ‌کردنی رێککه‌وتنه‌کان بین، کاتێک جێبه‌جێ بوو و گرفته بانکییه‌کان نه‌ما و گواستنه‌وه‌ی پاره ئاسان کرایه‌وه، ورده ورده بارودۆخی ئێستا ده‌گۆڕدرێت و زیادکردنی هاوکارییه‌کان ده‌ست پێده‌کات و جوڵه‌ی بازرگانه‌کان و کۆمپانیاکان ده‌ست پێده‌کات.

 

ئیلنا: حزبه‌کانی کوردستانی عێراق وه‌کو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و ته‌نانه‌ت پارتی، مێژوویه‌کی چه‌پیان هه‌یه و بڕێک له گروپه‌کانی ناو یه‌کێتیی، له رابردوودا مارکسی یان مائۆیی بوون، روانگه‌ی ئێستای ئه‌م حزبانه به ئابووری چۆنه؟ ئایا هه‌روه‌ها له‌ژێر کاریگه‌ری روانگه‌ی مارکسی‌دان؟

نازم ده‌باغ: من ئێستا نامه‌وێت له زمانی حزبه‌کانه‌وه، بۆ نمونه یه‌کێتیی نیشتمانیی قسه بکه‌م. به‌ڵام به گشتیی، بیرۆکه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم، زۆرتر به‌لای سۆسیال دیموکراسی‌دا ده‌ڕوات. به‌ڵام ئێمه له هه‌رێمدا به شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی بڕوامان به که‌رتی تایبه‌ته. هه‌روه‌ها بڕوامان به ئازادییه ئابوورییه‌کان هه‌یه. ئێمه ئیدی به‌دوای سیستمێکی سۆسیالیستی یان مارکسییه‌وه نین. سه‌رده‌می مارکسیسم کۆتایی هاتووه. ئه‌م بیرۆکانه به که‌ڵكی سۆڤیه‌تیش نه‌هاتن. چ بگات به‌وه‌ی ئێستا ئێمه بمانه‌وێت له‌م بیرۆکانه سوود وه‌ربگرین. به گشتیی سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، سیاسه‌تی ئاماده‌کردنی که‌شی گونجاوه بۆ کارو چالاکی که‌رتی تایبه‌ت. ئێمه له بواری ئابووریدا له بیرۆکه لیبراڵییه‌کانیش که‌ڵك وه‌رده‌گرین. ئێمه به شێوه‌ی یه‌ک‌لایه‌نه سنووره‌کانی هه‌رێم‌مان به رووی دراوسێکاندا کردووه‌ته‌وه به تایبه‌ت ئێران. له ئێستا هه‌رکه‌س بیه‌وێت بۆ چالاکی بازرگانی، ئابووری و سه‌رمایه‌گوزاری بێته هه‌رێمی کوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ک پێویستی به ڤیزه نییه. به هۆی ئه‌م که‌شه ئازاده‌وه، کۆمپانیایه‌کی زۆر له هه‌رێمدا سه‌رمایه‌یان داناوه‌و له بواری ده‌رهێنانی نه‌وتدا چالاکن. له ئێستدا کۆی گشتیی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له سه‌رووی ٣٠ ملیار دۆلاره. به‌ڵام هه‌روه‌ها که ئاماژه‌م پێدا به هۆی قه‌یرانی داعش و کێشه‌ی ئاسایشه‌وه‌و قه‌یرانی داراییه‌وه، جێبه‌جێ‌کردنی زۆربه‌ی پرۆژه‌کان هێواش بووه‌ته‌وه‌ یان له بڕێ بواردا وه‌ستاوه. حکومه‌تی هه‌رێم له هه‌‌وڵدایه به هیوای خوا جارێکی دیکه بارودۆخی گونجاو ئاماده بکات.

 

ئیلنا: له ئێستدا ئاستی هاوکارییه‌کانی ژووری بازرگانی ئێران و هه‌رێم له چ ئاستێکدایه؟

نازم ده‌باغ: ئاستی هاوکارییه‌کان له رابردوودا باش بوو به‌ڵام ئێستا زۆر باش نییه‌ چونکه که‌شی چالاکی له هه‌رێمدا ناگونجاوه‌و بارودۆخه‌وه وه‌کو جاران نییه. به‌ڵام چاوه‌ڕوانین له‌م بواره‌دا به‌ره‌و باشتربوون هه‌نگاو بنێین.

 

ئیلنا: ژووره هاوبه‌شه بازرگانییه‌کان، پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانه‌کانن و ده‌بنه هۆی ئاسانتربوونی ئیشه‌کان. له ئێستادا ژووری هاوبه‌شی بازرگانی ئێران و عێراق، چالاکه. ئایا رێگایه‌کتان گرتووه‌ته‌ به‌ر که به پێی ئاستی هاوکارییه باشه‌کانی ئێران و عێراق، ئه‌م هاوکارییه له نێوان ژووری بازرگانی ئێران و هه‌رێمدا به‌رزبێته‌وه؟

نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، ئێمه ئه‌و هاوکارییانه‌ی که له ساڵانی رابردوودا ده‌ستمان پێکرد له‌م خاڵه‌وه بوو. واتا هاوکارییه ئابوورییه‌کان به هاوکاری ژووره بازرگانییه‌کان ده‌ستی پێکرد. ئێمه وه‌کو هه‌رێم که به‌شێکین له حکومه‌ت و خه‌ڵکی عێراق له ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران و عێراق‌دا به‌شدارین و ئاماده‌بوونمان کاریگه‌ر بووه. به‌ڵام هه‌رێمی کوردستانی عێراق، بۆ خۆی له چوارچێوه‌ی ژووره بازرگانییه‌کانی پارێزگاکاندا وه‌کو سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌کانی پارێزگاکانی ئێراندا وه‌کو، تاران، ئیسفه‌هان، خوزستان و کرماشان  دامه‌رزاندووه. ژووری بازرگانی هاوبه‌شی ئێران و هه‌رێمیش چالاک بووه. تا ئێستا ژووری بازرگانی پارێزگاکانی ئێران و پارێزگاکانی هه‌رێم چالاکی هاوبه‌شی باشیان بووه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه. بۆ نمونه له هه‌مه‌دان، ورمێ، ته‌ورێز و کرماشان. ژووره بازرگانییه‌کان ناتوانن به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌گوزاران و بازرگانان و سوودمه‌ندی ئیشه‌كان گه‌ره‌نتی بکه‌ن به‌ڵام ده‌توانن پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بن. له‌م بواره‌شدا ئێمه پشتیوان بووین و تا ئێستاش به‌رده‌وامه. جگه له‌وه‌ش، کومیته‌ی هاوبه‌شی ئابووری ئێران و عێراقیش دامه‌رزاوه‌و که تیایدا، به‌شێک به‌ناوی کوردستانی عێراقه‌وه هه‌یه که له‌وێش بۆ ئاسانکاری له‌ بواری ئابووریدا هه‌وڵ ده‌درێت.

 

ئیلنا: له ئێستادا رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان دوو وڵات چه‌نده؟ پێش داعش ئه‌م رێژه‌یه نزیکه‌ی ٦ ملیار دۆلار بوو، ئێستا چه‌نده؟

نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، نزیکه‌ی ٦ ملیار دۆلار بوو و پلانمان دانابوو که بگاته ١٠ ملیار دۆلار. پێش قه‌یرانی داعش نزیکه‌ی ٥ ملیار دۆلاری جێبه‌جێ‌کرا. ئێمه پێشتر تاوه‌کو ٨ ملیار دۆلار پرۆژه‌مان دانابوو که ٥ ملیار دۆلاری جێبه‌جێ‌کرا. به‌ڵام کێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی پاره کاریگه‌ر بوو. هه‌روه‌ها دابه‌‌زینی چه‌ندایه‌تی و کواڵیتی شتومه‌کی ئێرانی بووه هۆی نه‌مانی متمانه لای بازرگان و به‌کارهێنه‌رانی هه‌رێم. دوای قه‌یرانی داعش، رێژه‌ی هاوکارییه‌کان زۆر دابه‌زی‌و گه‌یشته ٢.٥ بۆ ٣ ملیار دۆلار له ساڵدا. به‌ڵام ئێستا به‌و پێیه‌ی که سنووری هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهاتووه و کراوه‌ته‌وه، ئاستی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تاراده‌یه‌ک به‌رزبۆته‌وه.

 

ئیلنا: له ئێستادا، رێژه‌یه‌کی زۆر له شتومه‌کی پێداویستیی رۆژانه‌ی عێراق له ئێرانه‌وه دابین ده‌کرێت بۆ نمونه‌ له بواری کاشی و سه‌رامیکدا ده‌توانین بڵێین به شێوه‌یه‌کی ته‌واو له ئێرانه‌وه بۆ عێراق هه‌نارده ده‌کرێت. هه‌روه‌ها له بواری پلاستیک و که‌ره‌سه‌ی دروستکردنیدا، پێداویستی عێران له ئێرانه‌وه دابین ده‌کرێت. به‌و پێیه‌ی که ئێران بۆ دابینکردنی زۆربه‌ی پێداویستییه خواردنی و پیشه‌ییه‌کان، له عێراقدا ئاماده‌یه، ئایا پلانێک هه‌یه بۆ گه‌شه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بۆ هه‌رێم؟ ئایا ته‌نها کێشه‌ی داعش، هۆکاری نه‌بوونی هاوکاری به‌ربڵاوه یا کێشه‌ی سیاسی دیکه‌ش کاریگه‌ره؟

نازم ده‌باغ: من ده‌مه‌وێت وته‌کانی ئێوه باشتر بڵێمه‌وه. سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێم لێک جودان. من له‌سه‌ر عێراق قسه‌یه‌کم نییه، سه‌باره‌ت به عێراق، باڵیۆزی عێراق و به‌رپرسی ئابووری باڵیۆزخانه‌ی عێراق ده‌توانن قسه‌ بکه‌ن. به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک بڕوامان به سیاسه‌تی مۆنۆپۆل و سیاسه‌تی یه‌کلایه‌نه بڕوامان نییه. ئێمه بڕوامان به بوونی که‌شێکه که کێبڕکێی تێدابێت. بازاڕی هه‌رێمی کوردستان بازاڕێکی ئازاده و ته‌رخان نه‌کراوه بۆ وڵاتێک. بۆ نمونه کۆمپانیای ئێرانی کاله که له بواری قاتغ‌دا له هه‌رێمی کوردستان چالاکه و نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه. به‌رهه‌مه‌کانیان له هه‌رێمی کوردستان ده‌فرۆشرێت. به‌ڵام ئێمه ناتوانین بڵێین چونکه کاله له هه‌رێمدا ئاماده‌یه، به‌رهه‌می کۆمپانیاکانی دیکه‌ی ئێرانی ناکڕین یان له وڵاتانی دراوسێ قاتغ هاورده ناکه‌ین. ئێمه دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ین. ئێمه ناچینه ناو مۆنۆپۆله‌وه. هه‌روه‌ها که پشتیوانیی له هیچ کۆمپانیایه‌ک ناکه‌ێن، ئه‌وه‌ی که ئێمه کۆمپانیایه‌کی ئێرانی بۆ ئیشکردن له هه‌رێمدا بناسێنین له‌ناو رای گشتیدا قسه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌و ئه‌م بیرۆکه له‌ناو خه‌ڵکدا دروست ده‌کات که گوایا په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت له نێوان ئه‌و کۆمپانیا و بڕێک به‌رپرسی هه‌رێمدا هه‌یه. هه‌موو کۆمپانیاکان له هه‌رێمدا بۆ چالاکی‌کردن و  ئاماده‌بوون له بازاڕی هه‌رێمدا، ئازادن و ده‌بێت پێکه‌وه کێبڕکێ بکه‌ن. ئه‌م کاره ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی کواڵیتی و باشتربوونی به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کان. یه‌کێک له کێشه‌کانی ئێمه کێشه‌ی جێبه‌جێ‌کردنی رێککه‌وتنه‌کان و باش جێبه‌جێ‌کردنیانه. من له کاره‌کان و هه‌و‌ڵه‌کانی نێوان کۆمپانیا ئێرانییه‌کان و حکومه‌تی عێراق ئاگادارنیم به‌ڵام له هه‌رێمدا هیچکات ئینحسارمان نه‌بووه.

 

ئیلنا: وادیاره نه‌بوونی ئاسایش وهمێنی و سه‌رهه‌ڵدانی داعش به هۆی نه‌بوونی سیستمێکی هاوکاری هاوبه‌شی ئه‌منییه له ناوچه‌که‌دا. حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که، به پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورپا، تا ئێستا رێککه‌وتنی ئه‌منی هاوبه‌شیان نییه. به‌و پێیه که بوونی ئاسایش مه‌رجی پێویستی چالاکی ئابوورییه، له‌م بواره‌دا تا ئێستا چ هه‌نگاوێک هه‌ڵگیراوه و چ هه‌نگاوگه‌لێک له به‌رنامه‌دایه؟

نازم ده‌باغ: دانانی ناوه‌ندێکی ئه‌منی هاوبه‌ش له ناوچه‌که‌دا پێویستی به چه‌ند مه‌رجێک هه‌ێه. هه‌رێمی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌ستووری عێراق مۆڵه‌تمان پێده‌دات، به‌دوای ئه‌وه‌وه بووین له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کومیته‌ی هاوبه‌شی ئه‌منی دابنێین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌ویط سیستمێک وه‌کو یه‌کێتیی ئه‌وروپا دابنێین پێویستی به چه‌ند مه‌رجێکه که له ئه‌وروپا بوونی هه‌یه. له ئێستادا له ئه‌وروپا له نێوان وڵاتانی ئه‌ندامدا سنوور نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر ئێمه سنووری نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێءران کاڵ بکه‌ینه‌وه هه‌ستێکی نزیکبوونه‌وه له نێوان هاووڵاتیاندا دروست ده‌بێت و ئه‌و که‌سه‌ی که دانیشتووی هه‌رێمه هه‌ست ده‌کات وه‌کو ئێرانییه‌که و هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی که دانیشتووی ئێرانه ده‌توانێت به ئاسانی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بکه‌ین نزیکی و یه‌کبوونی نێوان نه‌ته‌وه‌کان به‌رزده‌بێته‌وه. ساڵانێک پێش ئێستا پێشنیارمان دا به چه‌ند به‌رپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران که ئه‌م بیرۆکه‌ێه، واتا لابردنی سنووره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانین وه‌کو ئه‌روپاییه‌کان سنووره‌کان کاڵ بکه‌ینه‌وه، به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هێمنی و ئاسایش. له ئێستادا له رووی بوونی خواستی سیاسی و گرنگیدان به هاوکاری ئه‌منی له بارودۆخێکی باشداین، چالاکی بازرگانی و ئابووری زیاتر له هه‌موو شتێک پێویستی به ئاسایشه‌و ئه‌گه‌ر هێمنی سنووره‌کان نه‌پارێزرێت چالاکی ئابووری ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه‌و داده‌به‌زێت.

 

ئیلنا: چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران ده‌ستیان دایه دروستکردنی بازاڕی هه‌میشه‌یی له ناوچه سنوورییه‌کان و له بڕێک شاردا وه‌کو سلێمانی ئه‌مه‌یان دانا. ئه‌م بازاڕانه تا ئێستا توانیویانه یارمه‌تییه‌کی باش بگه‌یه‌نن به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هاوکاری بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێم. به‌ڵام بوونی بڕێک یاسا له هه‌رێمدا، ئاستی هاوکارییه‌کانی دابه‌زاندووه. به پێی بوونی ئه‌م ژووره بازرگانییانه له پارێزگا سنوورییه‌کاندا که ده‌توان هاوکارییه‌کان گه‌شه پێبده‌ن، چ رێگایه‌ک گیراوه‌ته به‌ر و چ پلانێک له ئارادایه که بازاڕه ناوچه‌یی و سنوورییه‌کان گه‌شه بکه‌ن؟ ئه‌م بازاڕنه ده‌توانن ببنه هۆی گه‌شه‌ی کار و بارودۆخی ئابووری خه‌ڵکی ناوچه سنوورییه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه.

نازم ده‌باغ: له ناوچه سنوورییه‌کاندا یه‌کێک له که‌ره‌سته گرنگ و پڕبایه‌خه‌کان بۆ گه‌شه‌ی چالاکی بازرگانی، دانانی ناوچه‌ ئازادانه. ئێمه له هه‌رێمی کوردستان ئه‌م هه‌نگاوه‌مان چه‌ند ساڵ پێش ئێستا هه‌ڵگرتووه‌و زه‌وییه‌کی به‌ربڵاو و گه‌وره‌مان بۆ داناوه. ئه‌م زه‌وییه ١٠٠٠ دۆنم بوو و ته‌نها دابین کرابوو بۆ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان. به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ نه‌کراوه. ئێمه وه‌کو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێک بۆ گه‌شه‌ی چالاکی ئابووری و بازرگانی ئه‌نجام داوه به‌ڵام به ئاکام گه‌یشتنی به یه‌کلایه‌ن ناکرێت. په‌یوه‌سته به بارودۆخی ئێرانه‌وه. به‌داخه‌وه له بارودۆخی ئابڵۆقه‌کانی ئێراندا ئه‌گه‌ر هاوکاری به‌ربڵاو نه‌بوو، له ئێستادا نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر و سلێمانی بوونی هه‌یه. نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمیش له تاران چالاکه. ئیشی ئه‌م شوێنانه شتێک نییه جگه له ئاماده‌کردنی به‌ستێنه‌کان بۆ گه‌شه‌ی چالاکییه‌کان. ئیشی ئێمه ئه‌وه‌یه که بۆ ئازادکردنی چالاکییه‌کان هه‌وڵ بده‌ین. ئه‌وه‌ی که ‌ ده‌بێت سه‌رنجی بده‌ین ئه‌وه‌یه که ئێمه وه‌کو هه‌رێم شتێکمان بۆ هه‌نارده‌کردن نییه. هاوکارییه‌کانی ئێمه له راستیدا هه‌نارده‌ له ئێرانه‌وه‌یه، چه هه‌نارده‌ی که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی و چ پێداویستیی رۆژانه‌ی خه‌ڵک له چبس و پفه‌ک تا شتومه‌کی پێشکه‌وتووی پیشه‌یی وه‌کو که‌ره‌سه‌ی وێستگه‌ی کاره‌با. بۆیه ئێتان ده‌بێت زیاتر گرنگی بداته ئاماده‌کردنی بارودۆخی گونجاوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی که ئێمه بتوانین ئه‌م ئاڵوگۆڕه بکه‌ین و هاوکارییه‌کانمان درێژه پێبده‌ین. ئێمه ده‌بێت چالاکی بازرگانی له چوارچێوه‌ی کۆمپانیاکاندا گه‌شه پێبده‌ین، به‌ڵام ئێستا بارزگانی زیاتر له رێگای پیله‌وه‌رییه‌وه ده‌کرێت. زۆرتر پارێزگاری ناوچه سنوورییه‌کان بۆ دابینکردنی ئیش بۆ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه چالاکی پیله‌وه‌ری گه‌شه ده‌ده‌ن، واتا خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن که خه‌ڵک به شێوه‌ی تاکه‌که‌سی له‌م ناوچانه چالاکی ئابووری بکه‌ن و ئیش بکه‌ن. هه‌میشه پێشنیارم کردووه به پارێزگاره‌کانی ئێران که له جیایی چالاکی پیله‌وه‌ری هه‌وڵ بده‌ن چالاکی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان گه‌شه پێبده‌ن. له راستیدا ئێرانیی بیربکه‌نه‌وه نه پارێزگاریی. له ئێستادا له ناوچه‌ سنوورییه‌کان له جیایی ئه‌وه‌ی بیر له چالاک‌کردنی بۆ نمونه ١٠ کۆمپانیای گه‌وره بکه‌نه‌وه له جیایی چالاک‌کردنی هه‌زار پیله‌وه‌ر. چونکه چالاکی پیله‌وه‌ر، کارێکی فه‌رمی و کراوه نییه، کۆمپانیاکان و بازرگانانی هه‌رێم به‌ره‌و تورکیا رۆیشتوون چونکه چالاکی له تورکیا زۆرتر به شێوه‌ی کۆمپانیا و کراوه ئه‌نجام ده‌درێت.

 

ئیلنا: یه‌کێک له کێشه‌کانی ناوچه سنوورییه‌کان بوونی کۆڵبه‌ره‌کانه که جاروبار له لایه‌ن سه‌ربازه‌کانی سنوورپارێزه‌وه ده‌کرێنه ئامانج. ئه‌م کێشه‌یه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟

نازم ده‌باغ: کۆڵبه‌ر، قاچاخچی نییه، به‌ڵام ده‌بێت به رێگایه‌کی دیاریکراودا تێپه‌ڕن، کاتێک به هه‌ڵه ده‌ڕۆن ته‌قه‌یان لێده‌کرێت. زۆربه‌یان جاری یه‌که‌میانه و رێگاکه به باشی ناناسن و به هه‌ڵه ده‌چنه ناو رێگای قاچاخه‌وه. ئه‌م بابه‌تی پیله‌وه‌ری و کۆڵبه‌رییه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت چونکه ئابووری نافه‌رمی گه‌شه پێده‌دات و له‌سه‌ر کوالێتیش کاریگه‌ره. چونکه پیله‌وه‌ره‌کان و کۆڵبه‌ره‌کان بۆ به‌ده‌ست‌هێنانی سوودی زیاتر به‌دوای شتومه‌کی هه‌رزان و بێ‌کواڵیتی‌دا ده‌ڕۆن و هه‌نارده‌ی ئه‌م شتومه‌که خراپانه ده‌بێته هۆی دروستبوونی بێ‌متمانه‌یی و بازاڕ له کیس ده‌چێت.

 

وتووێژ: مێهدی ئه‌لیاسی

 

 

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی ٧ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە کریستۆس ستایلیاندس کۆمیساری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و خاتوو جانا هایپەسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆکی شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەو دیدارەی بە مێژوویی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە بۆ من جێگەی شانازییە بە دیداری ئێوە شاد بووم، هاتووم بە ناوی خۆمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سوپاسی بەڕێزتان و هەرێمی کوردستان بکەم کە سەرباری ئەو ڕەوشەی ناخۆشەی بەهۆی شەڕی تیرۆریستانەوە هەیە کەچی دەرگاتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و لێقەوماوە کردۆتەوە و ژیانی ئەوانتان پاراستووە. بۆیە سەرکرداتیی ئێوە بۆ پرۆسەی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان زۆر بەرز دەنرخێنین.

سەرۆکی شاندەکە هەروەها ڕایگەیاند ئێمە وەک یەکێتیی ئەورووپا داعش تەنیا بە هەڕەشەیەکی ناوچەیی نابینین، بەڵکوو هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتییە و ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستی بە هاوکارییەکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە ڕۆڵی بەڕێزتان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕووبەرووبوونەوەیەدا هاوکارییەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشە نێودەوڵەتییە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی شاندی میوان ڕایگەیاند کە لەبەر ئەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و زیانمەندانی ئەو هەڕەشەیەش بەردەوام لە زیادبووندان، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتییش بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەردەوام بێت و لە ئاستی پێشهاتەکاندا بێت، بۆیە یەکێتیی ئەورووپا بەردەام دەبێت لە هاوکارییە مرۆییەکان و هەماهەنگیی زیاتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەشی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری تیرۆر و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەدا.

سەرۆکی شاندی میوان هەروەها گوتی: کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕژێمی سەدام ئەو هەموو تاوانەی دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجام دا کەچی ئێستا دەبینین ئێوە باوەشتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و دەربەدەرەی ناوچەکانی عێراق کردۆتەوە، سەرسام دەبم بەو لێبوردەییە مەزنە و دڵکراوەیی ئێوە و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆییە هەیە.

سەرۆکی شاندی میوان ئاماژەشی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و عێراق کرد و ڕایگەیاند کە ئەو پێشهاتانە نیشانەی ئەوەن کە ناکۆکیی قووڵی نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە و سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشانە بەردەوام کێشە درووست دەکات.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شاندی میوان لە بارەی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و PKK ڕایگەیاند: ئێمە بە تەوای پشتیوانیی لە هەڵوێستی بەڕیزتان دەکەین کە داوتان کردووە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و پرۆسەی ئاشتی و بە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکەی دەزانین.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی شاندەکە دوای لە سەرۆک بارزانی کرد تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5 +1 بۆ شاندەکە بخاتەڕوو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەبارەی هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان، پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستان تێکبشکێنێت و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكاتەوە و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت.

سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی کێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: بێ گومان مێژوو هەڵەی گەورەی تێدایە و بەردەوام ئەو کێشە مێژووییانە سەر هەڵدەدەنەوە، ئێستا دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ ئەوەی هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە، چوونکە دەرکەوت کە نە دابەشکردنی بەزۆر و نە پێکەوەژیانی بەزۆر تاسەر بەردەوام نابێت.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕەچاوکردنی ئەوەی هەرێم لە شەڕێکی قورسدایە و ئەو ڕەوشە ئابوورییەی کە هەیە، حەواندنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و لێقەوماوی شەڕ بارگرانییەکی زۆری بۆ هەرێم درووست کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکات کە بۆتە پەناگەی لێقەوماوان و ئەوە بەشێکە لە فەرهەنگ و بەهای بەرزەکانی گەلەکەمان، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان هێندە زیاد بووە کە لەسەرووی تواناکانی هەرێمی کوردستانە وحکوومەتی عێراقیش وەک پێویست پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی بنێن. هێمای بۆ ئەوەش کرد کە لەهەندێ ناوچەدا پێشمەرگەی کوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەوناوچەیە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە سەر بە چ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی یان ئایینین.

سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکانی ئێستای نێوان تورکیا و PKK ڕایگەیاند: بێ گومان شەڕ شتێکی خراپە و ئەوانەی شەڕیان بینیوە دەزانن شەڕ واتە کوشتار و وێرانکاری، بەڕای ئێمە پێویستە پێش هەموو شتێک شەڕ بوەستێت و بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئێمە زۆر پێوەی ماندوو بووین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو شەڕ و ناخۆشییە لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات و کاریگەریی خراپی لەسەر هەرێم دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو شەڕە بوەستێت و هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ ئەو دەیکەین. ئێستاش مەترسییەکی هاوبەش هەیە کە شەڕی داعشە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەرخان بکرێت.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی 5 +1 یش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە لایەنەکانی ئەو رێککەوتنە چەندە پێوەی پابەند دەبن، بێ گوومان ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی