ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ـی١١ـی٢٠١٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەلاحەدین پێشوازێی لە بەڕێز عوسمان گۆدەن سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون پیرۆزبایی سەرکەوتنە مەزنەکەی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگال لە سەرۆک بارزانی بکەن و ڕایگەیاند: ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات زۆر گەورە بوو، بەڵام کاتێک سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە بابەشێخ و ئێزدییەکان دا، ئێمە پشتڕاست بووین کە بەڵێنەکەیان دەهێننەجێ و خۆیان سەرکردایەتیی ئەو ئۆپەراسیۆنەتان کرد و ئەمڕۆ ئێمە بۆ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگە لێرەین و سوپاستان دەکەین.

سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال برینێکی قووڵ بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکبوونی گەلی کوردستانی سەلماند و پتەوتری کرد، ئێمەی ئێزدی ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لە ٧٣ فەرمانی ڕابردوودا بێ پشتوپەنا و مەزڵووم بووین، بەڵام لەم فەرمانەی کۆتاییدا هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوان و هاوخەممان بوون و هەموو تواناکانیش بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانمان خرایەڕوو و جەنابتان بەڵێنتان پێ داین و بەڵێنەکەشتان هاتەدی. لە سەر ئاستی جیهانیش ئێزدییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستان و ئایینێک زیاتر ناوبانگیان دەرکرد و سۆزێکی جیهانیی بۆمان هەبوو.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی ماڵی ئێزدییان هیوایان خواست کە هەموو هەوڵەکان بۆ زووتر ئاوەدانکردنەوەی شنگال بخرێتەگەر.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال بۆ ئێمەی کورد بەشێکە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون و درێژەی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گەندەکانمان بوو و زۆریش ئازاری داین، بەڵام ئەمجارەش دەرکەوت کە ئەگەر دوژمن زیانیشمان پێ بگەیەنێت لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی گەلەکەمان سەردەکەوێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەو بڕوا بەخۆبوونەی لای خوشک و برایانی ئێزدی دروست بوو زۆر گرینگە، هەموو گەلی کوردستان پشتیوانی خوشک و برایانی ئێزدییە.

سەرۆک بارزانی دڵنیاییشی بە خوشک و برایانی ئێزدی دا کە هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکرێت و داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی