"نازم دەباغ" نوێنەرى حکومەتی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران دیداری کرد.

 سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٩/٤/٢٠١٥ "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان لە نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمى کوردستان لە تاران پێشوازیکرد لە "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە لە وڵاتی ئێران.

 لە دانیشتنەکەدا باس لە دواترین بارودۆخی سیاسییهەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن وهەرێمی كوردستان قسەی لەبارەوه كرا.

 شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و باسی لەو هاووڵاتییە ژاپۆنییە کرد کە لە رێگای حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان گیرابوو و دواییش ئازاد کراوە. ستایشی رۆڵ و بەدواداچوون و بەرەنگاربونەوەیان کرد.

 و هەروەها داوایان کرد کە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان لە رێگای حاجی ئۆمەرانەوە بە پلاکی دیپلۆماسی و لەسەر حسابی خۆیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان ئاگاداری کردن کە بە نامەیەکی فەرمی لە داخوازی و بەرنامەی خۆیان ئاگادارمان بکەنەوە.

 هەروەها لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوە کرا کە حکومەتی ژاپۆن ناتوانێت راستەوخۆ یارمەتی سەربازی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام دەکریت لەڕوی کۆمەکی مرۆڤی و تەکنەلۆجیای شەر و مین هەڵگرتنەوە هاوکاری بکەن.

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێویستی بە هەوڵ و هاوكاریی هەموو لایەك هەیە و هیوای خواست کە حکومەتی ژاپۆن زیاتر لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە بێت و پشتیوانی و هاوکاری زیاتری هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت دوای ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو میلیۆن کەس بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو جەنگانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە و بوونی قەیرانێکی ئابووری توند لە هەرێمی کوردستان.

 لەلای خۆشییەوە "هیسافومی شیمیزۆ" گوتی بۆ ئەم داواکارییە خوێندنەوەی جددی بۆ دەکەین و لەو پرسە بەرپرسان ئاگادار دەکەینەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز كێنتارۆ سۆنۆرا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە و سوپاس و پێزانینی سەرۆك وەزیران و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی بۆ ئەم هەڵوێستەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و پشتگیریی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی وڵاتەكەی پشتگیریی مرۆیی و كۆمەك پێشكەش بەو ئاوارە و پەنابەرانە دەكات كە بەهۆی ترسی تیرۆره‌وه‌ هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. هه‌روه‌ها باسی لە سەردانی شاندێكی پەرلەمانی عیراق بۆ وڵاتەكەی كرد كە لە هەموو لایەنەكانی كورد و سوننە و شیعە پێكهاتبوو و لە وێش ژاپۆن ئامادەییی خۆی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عیراق و هەرێمی كوردستان نیشان داوە و ژمارەیەك لەو پرۆژانە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەم سەردانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆنی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی لەم كاتەدا وەك پشتگیرییەك بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵه‌م دا. جەختی لەوەش كردەوە كە كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە بەو شێوە وەحشیگەرییە، تراژیدیایەك بوو هەمووانی شۆك كرد و دووبارە سەرخۆشیی خۆی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بە حكوومەت و گەلی ژاپۆن راگەیاند. پوختەیەكیشی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر خستە ڕوو و تیایدا ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لە پێشڕەوی و سەركەوتن و تیرۆریستانیش لە شكست و پاشەكشێی بەردەوامدان و پێشمەرگە كۆمەڵێك شوێن و پێگەی زۆر ستراتیژی لە دەستی تیرۆریستان دەرهێناوە.

هەروەها باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار پەنابەر و ئاوارە كردووە و ئەمەش پاڵەپەستۆیەكی زۆری بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتى كە حكوومەتی عیراق وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرانی نەكردووە و داوای كرد حكوومەتی ژاپۆن لە هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكانی بەردەوام بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە ژاپۆن لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا بە دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی و تەكنەلۆژیای نوێی بواری هەڵگرتنەوەی مین، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بارودۆخی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت، هه‌روه‌ها سوپاسی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات و ئەم هاوكاریانەی ژاپۆنی بەرز نرخاند.

بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە بەڕێز كازویا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق كرد. لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى ژاپۆن کراو تیشک خرایە سەر ئاستى یارمەتیە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانى ناوخۆ و پەنابەرانى سوریا، لەم ڕووە بەرپرسى یەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى ووڵاتى ژاپۆنى کرد بۆ پێشکەشکردنى ئەم هاوکاریانەو جەختى لە بەردەوامى هاوکارییەکان کردەوە بەهۆى ئەوەى کە ئەم قەیرانە تا ئێستا بەردەوامە.

لە تەوەرەیەکى ترى دیدارەکە باس لە مەترسى و هەڕەشەکانى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش بۆ سەر هەرێمى کوردستان و ناوچەکە کرا کە هیچ بەهایەکە مرۆڤایەتى نیەو جیاوازى ناکەن لە نێوان هاووڵاتیان ئەگەر سەر بەهەر ڕەگەز و ئاین و نەتەوەیەک بن. هەروەها باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لەو شەڕەدا كرد، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى پێویستە هاوپەیمانان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەیەکەوە کاربکەن بۆ لەناوبردنى ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئەویش بە گورزى سەربازى و بڕینى سەرچاوە داراییەکان و ئاشکرا کردنى رووى شاراوەى ئەم ئایدۆلۆژیا شەڕانگێزە.

باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق سوپاس و پێزانینی  وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو لە بەرامبەر ئیدانەكردنی ئەو تاوانەى گەورەیەى بەرامبەر هاووڵاتییەكی ژاپۆنی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، لە هەمان كاتدا هاوسۆزى و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەى خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا شەهید بوون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17/2/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز كازویا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق كرد.

سەرەتای دیدارەكە بەڕێز باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق سوپاس و پێزانینی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بەرامبەر ئیدانەكردنی تیرۆركردنی هاووڵاتییەكی ژاپۆنی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە و لە هەمان كاتدا هاوسۆزى و سەرەخۆشیی خۆی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا شەهید بوون.

بەڕێز باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق هەروەها باسی لەوەش كرد كە وەك بەشێك لە هاوكارییەكانیان بۆ هەموو عیراق، حكوومەتی وڵاتەكەی پرۆژەیەكی ژێرخانى تایبەت بە ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر پارەدار دەكات كە بەم نزیكانە گرێبەستی پرۆژەكە ڕادەگەیەنن و دووپاتیشی كردەوە كە لەسەر هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

لە دیدارەكەدا باس لە ڕەوشی ناوچەكە و عیراق و هەرێمی كوردستان و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر كرا و لەمبارەیەشەوە ئاماژە بە پێداویستییەكانی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژی داعش، كرا.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا دوایین سەرەدانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئەو ڕێككەوتنەی كە مانگی 12ی ساڵی 2014 لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، خرایە ڕوو و لەو میانەشدا ئاماژە بەوە كرا بەغدا بە فەرمی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردۆتەوە كه‌ بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوە، ناتوانن بەشە بودجەی هەرێم وەك چۆن لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە، بنێرن.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی لە هەرێم ئەنجامی داون و داوای كرد لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی داهاتوویان بۆ عیراق، بەشی هەرێمی كوردستان دابین بكەن بە شێوەیه‌ك كە شایستەی هەرێم بێت. هەروەها باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لەو شەڕەدا كرد.

به‌ توندی سەرکۆنەی کوشتنی هاووڵاتیی ژاپۆنی "هارونا یۆکاوا" بە دەستی تیرۆریستانی داعش دەکەین کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە لە سووریا، لە لایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیەوە ڕفێنرابوو.

ئەم ڕەفتارە وەحشیگەری و نامرۆڤانەیەی داعش هێندەی دی دەیسەلمێنێ کە مەترسیی ئەم تیرۆریستانە هیچ سنوور  و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و وڵاتێک نابوێرێ و دوژمنێکی گەورەی جیهان و شارستانی و مرۆڤایەتییە، هەر بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جددیتر و یەکدەست لە هەموو ڕووەیەکەوە، پێکەوە کار بکەن بۆ بنەبڕکردن و لەناوبردنی ئەم مەترسییە گەورەیه‌.
                                                    
بە ناوی حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی "هارونا یۆکاوا" و حکوومەت و گەلی ژاپۆن دەکەین، هاوکات داواکار و هیوادارین هاووڵاتیی ژاپۆنی"کینجی گۆتۆ" کە ئەویش بارمتەیەکی دیكەی دەست تیرۆریستانی داعشە، بە زووترین کات ئازاد بکرێ و لە هەڕەشەی کوشتن ڕزگاری بێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

2015/1/25

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ "هاجیمە ئوئەدا" کونسوڵى باڵیۆزخانەى ژاپۆن و "هیسافومى شیمیزو" بەرپرسی بەشی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران دیداری کرد.

 

"هاجیمە ئوئەدا" کونسوڵى باڵیۆزخانەى ژاپۆن و "هیسافومى شیمیزو" بەرپرسی بەشی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن، سەر لە بەیانى ئەمرۆ چوارشمە ( 22-10-2014) سەردانى  نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تاران پێشوازیان لێکرا.

 

لەم دیدارەدا باس لە ڕەوشی ئێستاى کوردستان و  عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها باس لە دروستبوونى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی کرا و پابەندبوونى وڵاتى ژاپۆن بەو هاوپەیمانیەتییە و بەردەوامبوون لە هاوکاریکردن لەپرسی ئاوارەکان و پەنابەران و "هاجیمە ئوئەدا" ئاماژەى بەوە کرد ئەگەر لە توانایاندا بووایە لە بوارى سەربازیشدا هاوکارى هەرێمى کوردستانیان دەکرد.

 

لەم دانیشتنەدا تیشک خرایە سەر گرنگیی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستان لە لایەن پێشمەرگەى کوردستانەوە.

 

لە بەشێکی دیکەى دیدارەکەدا بەشداریی کردنى هەرێمى کوردستان لە حکوومەتى نوێی عێراق بە گرینگ باسکرا بۆ ئایندەى کوردستان و عێراق .

 

 

 

 

بە بۆنەي دەستبەكاربووني وەك باڵيۆزي ژاپۆن لە عيراق، ئەمڕۆ بەڕێز كازويا ناشيدا باڵيۆزي ژاپۆن سەرداني فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي حكومەتي كردو لەلايەن فەلاح مستەفا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوەي پێشوازي لێكرا.

لە ديدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگري بەرپرسي فەرمانگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا پيرۆزبايي دەستبەكاربووني لە باڵيۆز ناشيدا كرد و هيواي سەركەوتني بۆخواست لە كارەكانيدا و ئامادەيي فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي نيشاندا بۆ هەماهەنگي و ئاسانكاري پێويست بەمەبەستي سەرخستني كارەكانيان لە هەرێم. 

بەڕێزيان تيشكي خستە سەر قەيراني سياسي و ئەمني ئەمڕۆي عيراق و مەترسي تيرۆرستان لەسەر چەند ناوچەيەكي عيراق و هێرشكردنە سەر چەند ناوچەيەكي هەرێمي كوردستان لە رۆژاني رابردوو. لەم رووەوە هەڵوێستي سەركردايەتي سياسي هەرێمي كوردستاني خستەڕوو كە بە پاڵپشتي پێشمەرگەو جەماوەري كوردستان و كۆمەڵگاي نێودەوڵەتي دەتوانن رێگە لە تيرۆرستان بگرن و ئارامي و سەقامگيري كوردستان بپارێزن.

باڵيۆز ناشيدا خۆشحاڵي خۆي دەربڕي بە سەرداني بۆ  هەرێمي كوردستان پاش دەست بەكاربووني وەك باڵيۆزي ژاپۆن و هيواي خواست بتوانن پەيوەنديەكانيان لەگەڵ هەرێمي كوردستان زياتر پەرە پێبدەن، هاوكات نيگەراني خۆي سەبارەت بە بارودۆخي چەند ناوچەيەكي عيراق كە لەژێر دەسەڵاتي تيرۆرستاني دەوڵەتي ئيسلاميدايە خستەڕوو.

لە تەوەرێكي ديكەي كۆبوونەوەكە باس لە رەوشي نالەباري ئاوارەكاني سورياو ئاوارەكاني ناوخۆي عيراق لە هەرێمي كوردستان كرا كە ژمارەيان بە بەردەوامي لەزيادبووندايەو ئەركي حكومەتي هەرێميان قورستر كردووە، لەم رووەوە بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە وێڕاي نيشانداني سوپاسگوزاري بۆ ووڵاتي ژاپۆن لەبەرامبەر ئەو هاوكاريانەي كە تاكو ئێستا پێشكەشيان كردووەو داواي كرد كە بەردەوامبن لە پێشكەش كردني هاوكاري يە مرۆييەكانيان بۆ ئاوارەكاني عيراق و سوريا لە هەرێم.

هەردوولا باسيان لە ميكانيزمي پێشخستني پەيوەنديەكان كرد، فەلاح مستەفا هيواي خواست حكومەتي ژاپۆن ئاستي نوێنەرايەتي خۆي لە هەرێمي كوردستان بەرزبكاتەوە.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "هاجیمە اوئە دا" راوێژکارى سیاسی باڵیۆزخانەى وڵاتی ژاپۆن لە ئێران کۆبۆوە.

سەر لەبەیانى ئەمرۆ دووشەمە (7/7/2014) "هاجیمە اوئە دا" راوێژکارى سیاسی باڵیۆزخانەى ژاپۆن لە تاران سەردانى نووسینگەی نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران پێشوازیی لێکرا.

"هاجیمە اوئە دا" بە بۆنەى دەستبەکاربوونیان وەکوو راوێژکارى تازەى باڵیۆزخانەى وڵاتی ژاپۆن و خۆناساندن، سەردانى نوێنەرایەتیى هەرێمی کوردستانی کرد و باسی پەیوەندییەکانى دوو لایەنە و باروودۆخى ئێستا و ئایندەى عێراق کرا، و سوپاسی "مەسعوود بارزانى" سەرۆکى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانی کرد کە لە ڕابردوودا جێگرى وەزیرى دەرەوەى ژاپۆن سەردانى هەرێمى کوردستانى کردبوو بۆ هاوکارى کردنى ئاوارەکانى سوریا لە هەرێمى کوردستان و دیسانەوە جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریکردنى ئاوارە سوورییەکان.

لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران، روونیکردەوە کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان بێجگە لە ئاوارە سورییەکان، ژمارەیەکى زۆر ئاوارەى شارەکانى ناوەڕاستى عێراق ڕویان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

"نازم دەباغ" بۆ ئایندەى عێراقیش جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەى کە حکوومەتى داهاتووى عێراق دەبێت حکوومەتی هەموو چین و توێژەکانى ئەم وڵاتە بێت.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی