هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى به‌ریتانى كرد

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز "ڕۆڕی ستیوارت" سەرۆكی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كه‌ له‌سه‌ر داواى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه.


له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕگه‌ و به‌ره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى تیرۆرستى داعش و پێشڕه‌وییه‌كانى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا خرانه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وش و بارودۆخى ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاوارانه‌ى كوردى ئێزدیى شه‌نگال و مه‌سیحییه‌كانى مووسڵ و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ده‌وروبه‌رى كه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعشدا ڕوویان له ‌ناوچه‌ ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ به‌هاناوه‌چوونى په‌نابه‌ران ته‌نیا به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناكرێت كه‌ ماوه‌یه‌ى حه‌وت مانگه‌ بودجه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌ بڕاوه‌ و حكوومه‌تى به‌غداش هاوكارییه‌كى واى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ هانایانه‌وه‌ بێت و له‌مڕووه‌وه‌ هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له‌ گرنگیى به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌وامیى ئه‌و پشتگیرییه‌ كرد تا بتوانێت ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستانى داعش ببێته‌وه‌ و مه‌ترسیى تیرۆر له‌ هه‌رێمى كوردستان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى دوور بخاته‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگیى دابینكردنى پاراستنێكى ئاسمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كوردانى ئێزدى و مه‌سیحییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌به‌ك و توركمانى ناوچه‌كه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ئامانجى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعش.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا پرۆسه‌ى سیاسى و پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عیراق تاوتوێ كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كێشه‌كانى عیراق به‌ر له‌ ڕێكاره‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كان، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پێویستى به‌ چاره‌سه‌رى سیاسى هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌مووان له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ عیراقى به‌ر له‌ كه‌وتنى مووسڵ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك عیراقى دواى ئه‌وه‌ نیه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست حكوومه‌تێكى عیراقیى وا پێك بێت كه‌ بتوانێت كۆكه‌ره‌وه‌ و ده‌ربڕى خواست و ما‌فه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى عیراق بێت و سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى حكوومه‌تى پێش خۆى وه‌ربگرێت.

 

 

 

 

سوێد و ده‌زگاكانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا سوپاسى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن

دواى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر، ئێواریه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى ئابى 2014 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد "كارل بیلد" و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسانى ده‌زگاكانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و هه‌ردوو باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و سوێد له‌ عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێكهاتبوو.


له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوێد خۆشحاڵیى به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌ربڕى و باسى له‌ هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستانى داعشدا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ به‌م سه‌ردانه‌یان ویستوویانه‌ هه‌م بارودۆخه‌كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ببینن، هه‌م ئه‌وه‌ نیشان بده‌ن و ئه‌و په‌یامه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نن كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا پشتیوانى هه‌رێمى كوردستانن.

به‌ڕیز سه‌رۆك وه‌زیرانیش وێڕاى به‌خێرهێنان و خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌یان، ڕوونى كرده‌وه‌ هاتنیان بۆ هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى دروست بۆ گه‌لى كوردستان ده‌نێرێت به‌وه‌ى كه‌ له‌ ڕۆژگارێكى ئاوادا ته‌نیا نیه‌. ئینجا پوخته‌یه‌كى له‌ پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پێشكه‌ش كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر به‌رپه‌چدانه‌وه‌ى تیرۆرستان و شكستپێهێنانیان. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ چه‌ك و تفاقى پێشكه‌وتووى سه‌ربازى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕه‌وشى مرۆییى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان زۆر قورسه‌ و ئه‌وه‌ى ده‌گوره‌زێ كاره‌ساتێكى مرۆییى یه‌، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان چاوى له‌ كۆمه‌ك و هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به‌هاناى په‌نابه‌ران و ئاواراه‌كانه‌وه‌ بچێت. پابه‌ندیى حكوومه‌تیشى بۆ پاراستن و هاوكاریكردنى هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى ناوچه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ كۆمیسارى مرۆییى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا تیشكى خسته‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان و سوپاس و پێزانینى كۆمسیۆنه‌كه‌یانى پێشكه‌ش به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ وێڕاى بارقورسى و بڕینى بودجه‌ى كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ هه‌مووان كردووه‌، به‌مه‌ش هه‌رێمى كوردستان سه‌لماندوویه‌تى كه‌ شایانى پشتیوانیى نێوده‌وڵه‌تییه‌.

له‌ كۆتاییدا هه‌ردوولا هیوایان خواست كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق بكه‌وێته‌ سه‌ر ڕاسته‌ڕێى خۆى و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ببێته‌ ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌ى سیاسى له‌ عێراق كه‌ گشتگیر و به‌ به‌شداریى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق بێت و ببێته‌ مایه‌ى گۆڕانكاریى ڕاسته‌قینه له‌ شێواز و سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتداریى عیراقدا‌.

 

 

 

 

وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوید گەیشتە هەرێمی كوردستان

لەچوارچێوەی بایەخدانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر هەر هێرش و پەلامارێكی تیرۆرستان، ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێز كارل بیلت وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوید بە یاوەری شاندێك لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن بەڕێزان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و  فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكای دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

ئەمەو بڕیار وایە بەڕێزیان دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لێژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی بەریتانیا كرد

 ئەمڕۆ یەك شەممە 17 ـی 8 ـی 2014 لە سەلاحەددین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ڕۆڕی ستیوارت سەرۆكی لێژنەی بەرگری لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەكانی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستان تاوتوێكرا و هەروەها قسە لەبارەی رەوشی ئاوارەكان و چۆنییەتی گەیاندنی هاریكاریی مرۆیی بریتانیا كرا. 

لەو دیدارەدا سەرۆكی لێژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی بەریتانیا سڵاوی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بەسەرۆك بارزانی گەیاند و دووپاتی ئەوەی كردەوە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە گەلی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستان و سەقامگیری و پێشكەوتنەكەی بۆ بەریتانیا بابەتێكی پڕ بەهایە.

پرۆسەی سیاسی عێراق و دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی لوبنان دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی لوبنان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی گەلی لوبنان و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان كردەوە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ئەو هاووڵاتییە مەسیحییانەی كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان پەنایان بۆ كوردستان هێناوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و لوبنان پێشوازی لە فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و لوبنان كرد.

هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە تاوتوێ كرا. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و حكوومەتی عێراقیش بە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر هاووڵاتیان و پەنابەران پابەند بێت و ئاسانكاری بۆ یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەران بخاتەڕوو.

پەیوەست بە پاراستن و یارمەتیدانی خوشك و برا مەسیحییەكان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە یارمەتییان بدات و بیانپارێزێت و داوایشی كرد كە بیر لە جێهێشتنی خاك و وڵاتیان نەكەنەوە چونكە هەڕەشەی تیرۆر كاتییە و تیرۆریستان تێكدەشكێن و ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە یان هەموومان پێكەوە دەمرن یان پێكەوە بە ئازادی لەسەر خاكی خۆمان دەژیین. سەرۆك بارزانی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی ڕاگەیاند كە دەرگەی خۆبەخشین بۆ خوشك و برا مەسیحییەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی پێشمەرگە پارێزگاری لە وڵات بكەن.

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج پێده‌گات

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 18/8/2014 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ بۆرج برێندا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویجه‌وه‌ پێگه‌یشت.


له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج پاڵپشتی حكوومه‌ت و گه‌لی نه‌رویجی بۆ گه‌لی كوردستان له‌ شه‌ڕی تیرۆریستاندا راگه‌یاند و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌سه‌ر تیرۆریستان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد، به‌وه‌ی كە هێزەكانی پێشمەرگە رێگه‌یان نه‌دا تیرۆریستان پێشڕه‌وی بكه‌ن و توانیان تێكیان بشكێنن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هیوادارین ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان و هه‌رێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا كردوویه‌تی ببێته‌ سه‌ره‌تای كۆتایهاتن و تێكشكاندنی تیرۆریستان له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا. له‌درێژه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج هاوسۆزی خۆی به‌رامبه‌ر مه‌ینه‌تی ئه‌و هه‌موو هاووڵاتیانه‌ نیشاندا كه‌ له‌ ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستاندا ئاوارە بوونە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی هه‌ڵویسستی حكوومه‌تی نه‌رویجی كرد و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ له‌ جیاتی جیهانی ئازاد شه‌ڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی ده‌كات، كه‌ چه‌كی هه‌ردوو سوپای عێراق و سوریای كه‌وتۆته‌ ده‌ست و گوتی: سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی گیانی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره‌ بپارێزێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌سه‌ر پاراستنی به‌ها و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان سوورین‌.

له‌ كۆتایی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج ڕایگەیاند وه‌ك هه‌نگاوێكی پراكتیكی هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نەرویج بەردەوام دەبێت لە هاریكاریی مرۆیی و حكوومه‌ته‌كه‌ی دیراسه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چۆن ئه‌م هاوكاری و پشتیوانیانه‌ فراوانتر بكرێن.‌

 

 

 

 

پەڕەى 276 لەکۆى 342 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی