هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا دەکات

ڕۆژی چوارشەممە 9/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا (ئۆستریا) کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو ، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا تاوتوێ کرا.


سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەت و خەڵکی نەمسای کرد بۆ پشتگیریی خەڵکی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا . خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەمسا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.


وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی بەوەدا کە هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە سەر دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بۆ برەودانە بە پەیوەندیی لەمێژینەمان.


تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان ، تایبەت بوو بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و گرنگیی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پێویسیی بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی فیدرالیزم لە جیهان و ئەوروپا و لەنێویشیاندا نەمسا کردەوە.


ڕووبەڕووبوونەوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/september/سەرۆکی-حکومەت-پێشوازی-لە-وەزیری-دەرەوەی-نەمسا-دەکات/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە 9/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

 
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ، تاوتوێکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا . سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن ، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە. بۆیە پێویستە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.


هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوو و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان.

بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک. لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئاساییکردنەو گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی کەرکووک کرا.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/september/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-لەگەڵ-باڵیۆزی-ئەمەریکا-لە-عێراق-کۆبووەوە/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ر بكرێن

دوای كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، له‌ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنانووساندا دەربارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەوڵی جەنابیان لەمبارەیەوە، گوتی:

“هەموومان هەوڵمان داوە، مەسەلە ئەوە نییە لایەنێك بێت، سەرۆك وەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵه‌ و بەندە خۆم لەسەر هێڵم، بێگومان بۆ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی ڕەوایە و مافى خۆیانە، ئەوەی گرنگه‌ ئه‌وه‌يه‌ كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵی هیچ بابەتێك بكرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر پابه‌ندييه‌كى لە ماوه‌ی پێش یاسای بودجەدا، هەمووی جێبەجێ كردووە، بەوپەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوكەوتی كردووە. لەو باوەڕەداین بەغداش هەر بەم شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. پرسی مووچە بابەتێك نییە هەر قسه‌ى لەسەر بكرێت، مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە وەك بەشێك لە هاووڵاتیانی عێراق كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵى بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، هەر بۆ ئەم مەبەستە لەسەر هێڵين، لەم نزیكانەش شاندێكی پایەبەرز لە هەرێمی كوردستانه‌وه‌ بە سەرۆكایەتیی خودی به‌ڕێزان سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەكەن و هیوادارین ئەم كێشانە و كێشەكانی دیكەش بە لێكگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن.

دەربارەی ئەوەی كە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو چی دەبێت، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:

“ئەم حكوومەتەی ئێستا كاتێك پێكهێنرا لە ئەنجامی گفتوگۆیەكی دورودرێژ لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا دروست بووە. كورد بەشدار بووە، سوننە بەشدار بووە و شیعەش بەشدار بووە. ئێمە ڕێككەوتنێكی نووسراومان هەیە بۆ بەشداریكردن لەم حكوومەتەدا و ئێمە بەشێكی سه‌ره‌كين لەم حكوومەتە، لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵێكی خۆمان بدەین و ئەو كێشانەی كە هەن بە دایەلۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكەین لەگەڵیان، چونكە ئێمە بەشێكی سه‌ره‌كين و بەشێكی سه‌ره‌كين لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتە. پێویستە ئەم پرسە لە بەغدا زۆر بە باشی چارەسەر بكرێت. دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت، واتە ئەمە زیاتر مەبەستە كە جێبەجێ بكرێت.

سەبارەت بە هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی حزبە ئۆپۆزسيۆنه‌كان و هەوڵی هەرێمى كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە، بەڕێزیان گوتی:

“ڕێككەوتنێكی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تاراندا ئیمزا كراوە و ئێمە لە هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق پابەندی ئەو ڕێككەوتنەین و نامانەوێ هەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ هیچ یەك لە دراوسێكانمان، نە بۆ ئێران و نە بۆ توركیا و نە بۆ هیچ لایەنێك. لەم چوارچێوەیەدا لە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ بەغدا هەندێك هەنگاوی گرنگ نراوە و هیوادارین ئەم هەنگاوانە ببنە هۆى ئەوەی هیچ كێشەیەكی ئەمنی و سەربازی دروست نەبێت. من خۆم باوەڕ ناكەم هیچ بەهانەیەك بۆ كردەوەیەكی سەربازی هەبێت”.

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە:

“لە پرسی هەڵبژاردن خۆتان دەزانن كێشەیەك دروست بوو و دوای ئەوە ڕۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشان كردووە. ئێستا ئەم بابەتە پەیوەندی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە هەیە كە نامەشم بۆیان نووسیوە و چاوەڕوانین ئەوان دەست بە هەنگاوی كردەیی بكەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و لە هەموو لایەنەكانەوە پابەندین بەم بابەتەوە.

ده‌رباره‌ى ئه‌و داتايانه‌ش كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غداى ناردووه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گوتى:

“نەخێر ئەوە ڕاست نییە كه‌ ده‌ڵێن داتاكان دروست نين، دەتوانم پێتان بڵێم حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی شەفافییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا كردووە، هەموو داتاكانیش داتای دروستن و هیچ داتایەكیش نییە كە بە هەڵە ڕەوانەی بەغدا كرابێت. هیوادارین دیسانەوە ئەم بابەتە تێكەڵ بە بابەتی سیاسی نەكرێت، پرسی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانه‌ وەك دەستووری عێراق باسی دەكات. ئێمە ئەو چاوەڕوانییە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك سەرۆك وەزیرانی هه‌موو عێراق دەكەین كە پێویستە ئەم بابەتە بە زووترین كات چارەسەر ببێت. كێشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا پرسی مووچە نییە، كێشەی ماددەی سەد و چلمان هەیە كە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، پرسی ڕێككەوتنی شەنگال هەیە كە بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگە و دەبێت چارەسەر بكرێت. له‌وە گرنگتر ئەوەی كە دەبێت بە ڕاستی چارەسەر بكرێت ئەوەیە ئایا سیستمی عێراق سیستمێكی فیدراڵييه‌، یان سیستمێكی مەركەزییە؟ ئەو مامەڵەیەی ئێستا لەگەڵ هەرێم دەكرێت، مامەڵەیەكی فیدراڵی نییە و هیوادارین لە هاوكاری لەگەڵ بەغدا بگەینە لێكگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر پرسی سیستمی فیدرالی لە عێراق”.

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوە و نەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەڕێزیان گوتی:

“گەر سەیری هەموو قسەكانم بكەن لە چەندین ساڵی ڕابردوو، هەمووى داكۆكييه‌ و ئێستاش داكۆكييه‌ لەسەر ئەوەی هه‌تا ئێمە تا ڕادەیەكی زۆر لەنێو خۆماندا بە یەكێتی و پارتی و لایەنەكانەوە هەموومان تێگەیشتنێكی دروستمان لەسەر دۆخه‌كه‌ نەبێت و پێكەوە نەبین، بەردەوام ئەم كێشانە دێنە پێش و چارەسەریش تەنیا ئەوەیە كە دەبێت زمانێكی هاوبەش پەیدا بكەین بۆ مامەڵەكردن و چارەسەركردنی كێشەكان لەناوخۆ و لەگەڵ عێراقیش، چونكە با پێتان بڵێم، پرسی بودجه‌ پەیوەندی بە یەك لایەنەوە نییە، مەسەلە ئەوە نییە بڵێی پەیوەندی بە یەك حزبەوە هەبێت، ئەمە پەیوەندی بە هەموو هەرێمی كوردستانەوە هەیە و هەموو لایەنە سیاسیيەكان و گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دەبێت لەسەر ئەمە یەك هەڵوێست بێ و پشتگیریی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كەوردستان بكات”.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەمبارەیەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڕێزیان ئاشكرای كرد:

“نەخێر تا ئێستا نە”.

دەربارەی پرسی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و سستيی هەنگاوەكانی ئەم پرۆسەیە و نیگەرانیی هاوپەیمانان لەمبارەیەوە و هەڵوێستی ئەمەریكا دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:

“پرسی پێشمەرگە بابەتێكی گرنگە و گلەیيیەكی گەورە هەیە، بەتایبەتی گلەیيی گەورە لە پارتی و یەكێتی هەیە، ئەمەریكییەكان گلەییيان هەیە كە پرۆسەكە زۆر بە خاوی دەڕوات، ڕاستیشە زۆر بە خاوی دەڕوات، بەڵام ئەوە نییە كە هیچ نەكراوە، شت كراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی كە تا ئێستا لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نراون، هەنگاوی گەورە نین. هیوادارین ئەم هەنگاوانە زیاتر پەره‌ی پێ بدرێت و ئەم هێزانە ببنە یەك. ڕۆڵی ئەمەریكا ئەوەیە كە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن و ڕۆڵی ئەمەریكا ڕۆڵێكی یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.”

سەبارەب بە ڕۆڵی به‌ڕێزيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، گوتی:

“وەك بەرپرسیاريه‌تیی خۆم، بەڵێ ئێمە ڕۆڵی خۆمان دەبینین و هەموو لایەكمان لە هەرێمی كوردستان دەبێت ئەو ڕۆڵە ببینین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.”

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بەوەی كە ئایا هەرێمی كوردستان لە پرسی ئابووريدا شكستی هێناوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:

“پێموانییە هەرێمی كوردستان شكستی هێنابێت لەو بابەتە. سەیری دۆسیەكانی پێشوو بكەن لەو پرسەدا ئیشی زۆر باش كراوە، كێشەش هەبوو، كێشەكانیش دەبێت بە گفتوگۆ و دایەلۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام لەم پرۆسەیەدا هەرێمی كوردستان شكستی نەهێناوە.”

لە وەڵامی كۆتا پرسیاریشدا سەبارەت بە ئەگەری سەردانی بەڕێزیان بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان، بەڕێزیان گوتی:

“وەك پێمگوتن بەڕێزان سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن، هەركاتێكیش پێویست بێت، بەڵی سەردانی بەغداش دەكەین. پرسی چوونی ئێمە بۆ بەغدا زۆر ئاساییيە و ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین، ئێمە لەم جوگرافیایەكدا دەژین كە جوگرافیای عێراقه‌ و ئێمە بەشێكین لەم جوگرافیایەی عێراق و دەبێت سەردانی ئێمە زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت و هەركاتێك پێویست بوو بچینە بەغدا، دەچینە بەغدا.”

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-the-problems-must-be-resolved-through-understanding/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌‏

به‌يانيى ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2023/9/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و ‏شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى ‏په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ ئه‌ورووپا و دوايين ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كران.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێراى ئاماژه‌دان به‌ په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى هه‌ردوولا و ‏ستايشى پشتگيريى نه‌مسا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گه‌شتيى ‏ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى ڤيه‌ننا ـ هه‌ولێر، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ‏ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كرد بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له‌ به‌غدا و ‏داواى كرد نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌مسا له‌ هه‌موو ‏بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌. ‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏‏بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و كار بۆ ‏‏ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ ‏كه‌رتى تايبه‌تى نه‌مسايى خوازياره‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان بكات. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئه‌منى گرنگه‌ بۆ ‏ڕاكێشانى سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى و ‏پێشكه‌وتنى ئابوورى. ده‌رباره‌ى كۆچى ‏ناياساييش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ‏كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى ‏ناسايى، ده‌بێ هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌نێوان ‏وڵاتانى ئه‌ورووپا و ناوچه‌كه‌دا ‏هه‌بێت.‏

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‏كه‌ ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و سيستمى فيدراڵى به‌ ‏ته‌واوى جێگير ببێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان، به‌ڕێوه‌ بچێت. هه‌روه‌ها ‏جه‌ختی له‌ په‌يوه‌نديى دراوسێيه‌تيى باش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و پاراستنى ‏به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه‌.‏

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-austrian-foreign-minister/

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌‏

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/9/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ ‏عێراق و شانديكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تايبه‌تى پرسى ‏بودجه‌ و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌رانه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى ‏عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، به‌ شێوه‌يه‌ك مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان ‏ده‌سته‌به‌ر بكات و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى له‌ ‏عێراق كرده‌وه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێ وه‌ك ‏هه‌رێمێكى فيدراڵى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت و به‌رده‌واميى كێشه‌ و ‏ناكۆكی له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ ‏به‌رژه‌وه‌نديى وڵاتدا نييه‌.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان و دابينكردنى شايسته‌ ‏دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ياسا و ڕێككه‌وتنه‌كان، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ ‏ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى ‏پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرده‌وه‌.‏

ده‌رفه‌ته‌كانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى و ناوخۆيى و به‌هێزكردنى كه‌رتى ‏تايبه‌ت له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ‏ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

 

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-meets-with-us-ambassador-to-kurdistan/

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا دەکات

ڕۆژی دووشەممە 9/4 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.


سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە.


شاندەکە هەروەها ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن.


سەرۆکی حکومەت سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.


لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لەمبارەیەوە ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە ، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.


سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت ، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/september/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-شاندێکی-پەرلەمانی-کەنەدا-دەکات/

پەڕەى 17 لەکۆى 341 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی