Print this page

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی شارەوانیی پاریس کرد

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ـی ١٠ـی ٢٠١٥ لە شاری هەولێر، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان پێشوازیی لە خاتوو ئان هیدلگۆ سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری کرد.


لە دیدارەکەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی و هاوشارییانی پاریسی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری بارودۆخ و تەحەدییاتی بەردەم هەرێمی کوردستانن و پشتیوانی پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئەوەشی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند کە شاری پاریس لە بواری ئاوەدانی و تەکنۆلۆژیا و ژینگە، یارمەتیی شاری هەولێر دەدات و کار بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو شارە دەکات.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە پشتیوانی خەڵکی کوردستانن و لەکاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و پێشوازیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و پاریس کرد. هەروەها بە ستایشەوە باسی لە دۆستی گەلی کورد مادام میتران کرد کە پاڵپشتێکی گەورەی گەلی کوردستان بووە و پێزانینیشی بۆ سەردانی سەرۆک هۆلاند بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەکاتی شەڕ و تەنگانەدا سەردانی هەولێری کرد و ئەو سەردانە ئاماژەیەک بوو بۆ پەیوەندیی قووڵی هەردوو گەلی کوردستان و فەڕەنسا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە مەترسییەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهانی کرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموولایەکە و پێویستە بە جیدی و هەوڵی هەموولایەک کار بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و بیری توندڕۆیی بکرێت. هەر لە دیدارەکەدا باس لە قەیرانی ئاوارە و پەنابەران کرا و ڕێگەکانی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە تاوتوێ کرا.

جێی ئاماژەیە بەڕێزان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ئالێن جیرات کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی دیدارەکە بوون.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1637