نێچیرڤان بارزانی گەیشتە تاران

رووداو // دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە تاران.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانییەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەدوای گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و هێرشی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک و دەوروبەری لە 16 ی ئۆکتۆبەردا.


هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانین و رۆژی یەکشەممە 21-1-2018 کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ئەنجامدەدەن.


کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کولتوورییەکان سەردانی تاران دەکات و سبەی یەکشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە".

کونسوڵخانەی ئێران سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە بە گرنگ ناودەبات و رایدەگەیێنێت: "سەفەری ئەو شاندە کە یەکەمین سەردانە لەدوای گشتپرسی و دژایەتی حکومەت و دادگای فیدراڵی عێراق بۆ گشتپرسییەکە، بە ئەرێنی دادەنرێت".

 

رۆژی شەممە 20-1-2018، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بە سەردانێک گەیشتنە بەغدا و بۆ یەکەمجار لەدوای گشتپرسی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. نووسینگەی عەبادی راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەردوولا کۆکبوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور.  

 

Read کد خبر: 2027

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی