نازم ده‌باغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی مێهر: په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق توانای گه‌شه‌ی هه‌یه

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێران توانا و هێزی ئه‌وه‌ی تێدایه که زیاتر له جاران گه‌شه بکات و به‌ره‌و پێش بڕوات.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی مێهر سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان له حکومه‌تی تازه‌ی عێراق‌دا ده‌ڵێت: ئێران له گه‌شه‌و پێشکه‌وتنی ئابووری عێراقدا رۆڵێکی گرنگی بووه و هه‌روه‌ها له پشتیوانی‌کردن له هه‌ڵوێستی سیاسی و پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خۆی خستووه‌ته گه‌ڕ و لای ئێران، یه‌کگرتوویی و هاوئاهه‌‌نگی نێوان هێزه سیاسییه‌کانی عێراق له پێناو چاره‌سه‌کردنی کێشه‌کانیان، به‌رده‌وام گرنگییه‌کی تایبه‌تی بووه.

ئه‌و ده‌ڵێت: به‌رده‌وام پێم وایه که په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران توانا و هێزی ئه‌وه‌ی تێدایه که زیاتر له جاران گه‌شه بکات و به‌ره‌و پێش بڕوات.

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی کاک مه‌سعود بۆ به‌غدا و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڵێت: دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م سه‌ردانه‌ی کاک مه‌سعود بۆ به‌غدا هه‌نگاوێکی گرنگ و کاریگه‌ر له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا بوو.

ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: هه‌لومه‌رج و په‌یوه‌ندی کورده‌کان له قۆناغی ئیستادا به جۆڕیکه که ده‌بێت کێشه‌کانی خۆیان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن. 

ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بوونی سه‌رۆک کۆمارێکی به‌‌هێزی کورد له به‌غدا و سه‌رۆک وه‌زیرانێک که له رابردوودا دۆستی نزیکی سه‌رکرده‌کانی کورد له‌وانه مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بووه ده‌توانێت ده‌رفه‌تێکی زێڕین بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌من و ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بپارێزێت.

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به گوشاره‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر عێراق به مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ڵێت: من پێم وایه ئه‌مریکا وه‌کوو رابردوو، گوشاره‌کانی بۆ سه‌ر عێراق زیاد ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له به‌رپرسانی عیراق و هه‌رێمی کوردستان گوێبیستی ده‌بین ئه‌وه‌یه که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌بن و به پێی ده‌ستووری عێراق هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ئه‌و یاسا و رێوشوێنانه په‌یڕه‌و ده‌که‌ن که له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌غداوه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

نازم ده‌باغ له کۆتاییدا ده‌ڵێت: پێم وایه عێراق و هه‌رێمی کوردستان نابێت ببنه به‌شێک له کێبڕکێی دوژمنانه‌ی هێزه بیانییه‌کان که زیان‌گه‌یاندن به عێراق له به‌رنامه‌یاندایه.

 

Read کد خبر: 2155

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی