نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران تایبەت بۆ کوردپرێس: پێچەوانەی گەمارۆکانی ئەمریکا سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پێوەندییەکانی لەگەڵ تاران دەوەڵەمەند بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گفتوگۆیێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و گوتوویەتی پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت و لە هەموو بوارەکاندا عیلاقاتی هەردوولایەن قووڵتر دەکرێنەوە بەتایبەتی لە کەرتی بازرگانی و هەڵگرتنی لەمپەرەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

کوردپرێس:

نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تاران بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەردانەکەی بەڕێز دوکتور بەرهەم بۆ تاران دەستپێکێکی باش بوو بۆ نوێ کردنەوە و پتەو کردنەوە پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها عێراق و ڕۆیشتن لە سەر ئەو سیاسەتەی کە جەنابی مام جەلال ئەو پێوەندییەی بە گرینگ هەڵدەسەنگاند.

نازم دەباغ گوتیشی: جوگرافیایێکی تایبەتی لە نێوان ئێران و کۆماری عێراقدا هەیە کە ناکرێت نادیدەی بگرین بۆیە بە باشی دەزانین چ لە باری ئابووری و چ لە باری ئەمنی و سیاسییشەوە بە هەند وەربگیرێن.

ناوبراو زیادی کرد: سەردانی دوو لایەنە هەیە و بەتایبەت لە ئاستی وەزیرەکاندا وەزیرە ئێرانییەکان لەم ڕۆژانەدا سەردانیان هەیە و پێشتریش ئەو سەردانانە بووە و دیارە ئەو کارانە کاری یەک ڕۆژە و دوو ڕۆژە نییە کە ئەنجامەکەی لە چەند ڕۆژ مانگێکدا بەدی بکرێت. بەڵام بۆ ئایندەیێکی دوورتر کاریگەریی خۆی دەبێت.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەبارەی پێوەندییە ئابوورییەکان و کێشەی خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: بەردەوام هاتوچۆ باس کردن لەو بارەیەوە هەیە و بەتایبەتی ئێستا خۆشبەختانە دوولایەنە لە سەر مەرزەکان کێشەکان باس دەکرێت و چارەسەریان بۆ دەکرێت. بۆ نموونە هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا شاندێکی وەزارەت  لە مەریوان (دەروازەی سنووری باشماخ) کۆبوونەوەیان کردووە لە پێناو چارەسەر کردنی کێشەکان و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لە چالاکیی بازرگانی.

نازم دەباغ جەختیشی کردەوە کێشەیێکی ئەوتۆ لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نابینرێت و چالاکیی بازرگانی بەردەوامە ئەگەرچی لەم دواییەدا چەند کێشەیێکی بچووک لە مەریوان هەبوو و ڕەنگە هەندێک جاریش لە حاجی ئومەران کێشە هەبێت بەڵام بەگشتی کێشەکان بچووکن و زوو چارەسەر دەکرێن.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە ڕەهەندەکانی دیکەی پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پێوەندیی فەرهەنگی لە بواری زانکۆکانی هەردوو لا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: هەموو پێوەندییەکان گرینگن بەتایبەتی پێوەندیی فەرهەنگی و زانستی کە فراوانترن و لە ڕێگای زانکۆکانەوە لە کۆمەڵانی خەڵکی زانستی و خوێندەوار پێوەندی دروست دەبێت بۆیە پێم وایە ئەم هەوڵانە گرینگن.

ناوبراو سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و کارتێکەریی ئەو گەمارۆیانە لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاند: ناکرێت حاشا لە کاریگەریی گەمارۆکان لە پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکەین بەڵام کاریگەرییەکان تا ئێستا ئەوەندە زۆر نەبوون کە بکرێتە هۆی باس کردن. لە بەر ئەوەی هەمووان دەزانن کە بازرگان و سەرمایە ڕەوشتی ترسنۆکانەیە و ئەوەندەی کە بیر لە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی و قازانج و سوودەکانی خۆی دەکاتەوە ئەوەندە بیر لە هەندێک بەرژەوەندی ناکاتەوە بۆیە لەو مەترسییە کە بیری لێ دەکرێتەوە لە ئایندە چالاکییەکان سست بووە بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە کە لایەنگری ئەو دوژمنایەتی و ئابڵۆقە و تەحریمانە نەبێت کە بە سەر ئێراندا سەپێندراوە بۆیە زیاتر خۆی دەبەستێتەوە بەو بڕیارە سیاسی و ئابوووری و بازرگانییانەی کە حکوومەتی عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیاری لە سەر دەدات.

نازم دەباغ گوتیشی تا ئێستا سەبارەت بە گەمارۆکان هیچ ڕانەگەیێندراوە جگە لەوەی بەردەوام بوونە لە سەر چالاکییەکان.

 

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=42712

Read کد خبر: 2158

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی