نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ: "ئێران ھەمیشە لە ھەوڵدایە تا پەیوەنديیەکی باشی ھەبێت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە"

دیمانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئێران

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ: "ئێران ھەمیشە لە ھەوڵدایە تا پەیوەنديیەکی باشی ھەبێت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە"

سلێمانی ـ AA

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ ھەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوولا، ململانێ و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و کاردانەوەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان، گوشاری ئەمریکا لەسەر ھەرێم بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و نیگەرانییەکانی تاران دەکات.

نازم دەباغ سەرەتا لە بارەی ئامانجی دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبونەوەکانی، ھەروەھا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا قسەی کرد و گوتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران جاری یەکەمی نییە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، جگە لەو بەرپرسانی تریش سەردانیان کردووە، بەڵام ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران مانایەکی تر دەبەخشێت کە ئەویش لە لایەک بۆ یەکەمجارە دوای راپرسی سەردانی ھەرێم دەکات. لە لایەکی تریشەوە دوابەدوای سەردانی وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە پەیامی ئەوە بە خۆیەوە دەگرێت کە ئێران ھەمیشە لە ھەوڵدایە تا پەیوەندیەکی باشی ھەبێت بە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە".

نازم دەباغ ھەروەھا گوتی: "دەکرێت ئەم سەردانە ببەستینەوە بە پەیوەندییەکانی پێشووی حکوومەتی ھەرێم و بەردەوامبوون و بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کە لە بەشێکی بنەڕەتیدا باری گەشەپێدانی چالاکی بازرگانی و ئابوورییە کە بە دڵنیایییەوە ئەگەر زیاتریش نەبێت کەم نابێت لە ئایندەوە، ھەرچەندە جارێک زووە باس لە بەرەو پێشەوەچوون بکەین".

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئێران لە بارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا گوتی: "ئێران پێشبینی دەکات قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێم بگاتە سەرووی هەشت ملیار دۆلار لە کاتێکدا تا ئێستا لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕنەبووە لە ساڵێکدا".

لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە و زیاتربوونی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، پێویستە ھەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە بکات لەم نێوەندەدا و بەرژەوەندییەکانی خۆی چۆن بپارێزێت؟

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، نازم دەباغ لە وەڵامدا دەڵێت "دەبێت ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و بڕیارەکانی عێراق دەربارەی پابەندبوون بەو ململانێیانەی ئەمریکا و ئێران ھەیانە، ئەوان ھەر وەک چۆن لە پرۆسەی راپرسی لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان پشتیان لە کورد کرد، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت رەچاوی ئەم جوگرافیا و مێژووە ھاوبەشە بکات کە لە ناوچەکە لەگەڵ دراوسێیەکانیدا ھەی بووە و ھەیەتی".

نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بارەی ئامانجی ھەوڵەکانی ئێران بۆ کردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری دەروازە سنوورییەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گوتی: "کردنەوەی زیاتری دەروازە سنوورییەکان بە شێوەی فەرمی کارێکی تازە نییە و ھەر ساڵ لە رابردووشدا ھاتۆتە پێش، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری ھەرێم و عێراق بووە، چونکە ئەو مەرزانە چالاکی پیلەوەری ھەر لێکراوە، ئەمرۆ جارێکی تر داوا دەکرێت بکرێتە فەرمی و چاوەڕێی بەغدا دەکەن".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەوان وەک نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە تاران ئاگاداریان لە ھیچ گوشار و داواکارییەکی ئەمریکا ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، نازم دەباغ گوتی: "ئێمە ئاگادار نین، چونکە کار بەندە بە ئێرانە، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رووداوەکان سەردانەکان دڵنیایی دەدات کە ئەمریکا لە پێناو بەدەستھێنانی سەرکەوتن دەبێت فشار بخاتە سەر ھەرێم و عێراق و ئەورووپا و وڵاتانی تر".

سەبارەت بە ئێران و نیگەرانی لەبارەی ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی خۆی و بنکە سەربازییەکانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و کاردانەوەکانی بەرامبەر حکوومەتی ھەرێم، نوێنەری ھەرێم لەو بارەیەشەوە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئێران نیگەرانە لەسەر ئەو ھەواڵ و دەنگوباسانەی کە سوپای ئەمریکا روو بکاتە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە ئێمە پێی ئاگادارین ھیچ بنکەیەکی فەرمی بەناوی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق نەکراوەتەوە، جگە لەو بنکانەی کە بۆ شەڕی داعش ھەبوون و بنکەکانیشی شوێنی تایبەت نەبووە بەڵکو پایەگا و بنکەی سوپای عێراق بووە، چەند شوێنێکی پێشمەرگەش ھەبووە کە بۆ شەڕی دژی داعش ھاتوون".

ئەو گوتی: "ھەرێمی کوردستان ھەرچییەک بکات پێویستە لە چوارچێوەی رێککەوتنی بڕیاری حکوومەتی ناوەندی عێراق بێت".

 

 

 

Read کد خبر: 2172

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی