نازم ده‌باغ: بایدن كۆبوونه‌وه‌ سێ قۆڵییه‌كه‌ی تارانی پێشخست

ئه‌مڕ‌ۆ لوتكه‌ی سێ قۆڵی سه‌رۆكه‌كانی ھه‌ر سێ وڵاتی ئێران و روسیا و توركیا له‌ تاران به‌ڕ‌ێوه‌ده‌چێت، ئه‌گه‌ری ھێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ئه‌جێندای سه‌ره‌كی لوتكه‌كه‌ ده‌بێت و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاسان نیه‌ حكومه‌تی ئێران به‌و داوایه‌ی توركیا رازی بێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێران به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و سێ هێزه‌ نوێ نیه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ گرنگی زیاتری پێده‌درێت.

وتیشی: ئه‌و سێ هێزه‌ پێیانوایه‌ ئه‌مریكا مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌  دروستكردوه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد، كه‌ روسیا په‌له‌ بكات له‌هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی زیاتر بۆ ناوچه‌كه‌و داوای ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توركیا چاوی له‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ویلایه‌تی موسڵ و باكوری كوستان، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێران نایه‌وێت پێگه‌ی خۆی له‌ سوریا لاوازببێت، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی وایانكرد كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵییه‌ ببه‌سترێت.

نازم ده‌باغ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هاتنی جۆبایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ سعودیه‌و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو هانی ئه‌و سێ وڵاته‌ی دا كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ زووتر ببه‌ستن و بتوانن هێزێك له‌به‌رامبه‌ر ناتۆ دروستبكه‌ن و ببنه‌ هاوپه‌یمان.

راشیگه‌یاند: به‌بۆچوونی من له‌م بارودۆخه‌دا مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كورد به‌گشتی زیاتر ده‌بن، بۆیه‌ گرنگه‌ كورد له‌م كاته‌دا یه‌كده‌نگبێت و مه‌ترسی و ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌چاو بگرێت.

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێران وتیشی: رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و توركیا ده‌یه‌وێت بێته‌وه‌و ناوچه‌كه‌و پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین كه‌ ئاسان نیه‌ ئێران به‌وه‌ رازیی ببێت كه‌ توركیا بێته‌وه‌ ویلایه‌تی موسڵ و باكوری كوردستان.

جێی ئاماژه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكی وڵاتانی روسیا و توركیا و ئێران له‌تاران، له‌دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ جۆبایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی جدده‌ رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌مریكا ناوچه‌كه‌ چۆڵناكات و پێگه‌ی خۆی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌هێڵێته‌وه‌.

 

https://www.pukmedia.com/KS/Details/192217

Read کد خبر: 2734

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی