هەرێم - ئێران

    هەرێم - ئێران

ڕۆژنامەی ئیعتماد: شەهاب شهسواری ـ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژێر تۆپبارانی هێزە سەربازییەکانی ئێراندابوو. هێشتا کاری تاران لەگەڵ گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێین، کۆتایی نەهاتووە، تورکیاش عەمەلیاتی نوێی لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێین دەستپێکردۆتەوە. بە پێی زانیارییەکان کە دوو ڕۆژ پێش ئاژانسی "تەسنیم" بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، عەمەلیاتی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام وشیاریان بە بەرپرسانی هەرێم داوە کە ئەگەر پێشی شەڕەنگێزی گرووپەکانی "خوازیاری دابەشکردن و دژی ئێران" نەگرن، عەمەلیات دیسانەوە دەست پێدەکاتەوە.

هێزی زەوینی سپای پاسداڕانی شۆڕشی ئێران لە 24ی سێپتەمبەری 2022 بۆ ماوەی دوو هەفتە بە شێوەی بەربڵاو بنکەکانی هەندێک لە گرووپە چەکدارییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستانیان بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکە بالستیەکییەکان، درۆن و هەروەها تۆپخانە کردە مەبەستی هێرشەکانی خۆیان. بە پێی نووسراوەکەی ئاژانسی "تەسنیم" ئەم عەمەلیاتە لە ڕۆژی شەمە ڕاگیراوە. ئاژانسی "تەسنیم" دەنووسێت: هێرشەکانی سپا دوای وێرانکردنی ئەو مەبەستانەی کە پێشتر دیاریکرابوون، درێژەی ئەوانیان پەیوەست کردووە بە کردەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق. "تەسنیم" ئەو ڕاگرتنەی بە "دەرفەتی سپا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم تیرۆریستانە" وەسف کردووە. هاوکات ڕۆژی شەمە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی بۆردوومانی هەوایی شاری العماریە لە پارێزگای دهۆک لە لایەن فڕۆکەکانی سپای تورکیایان ڕاگەیاند. رۆژی یەکشەوە "ئانادۆڵ" ئاژانسی فەرمی تورکیا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاویکردەوە کە لانی کەم 6 کەس لە ئەندامانی دوو گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) و کۆما جڤاکی کوردستان (ک ج ک) لە عەمەلیاتی ڕێکخراوەی زانیاریی و ئەمنی قەومی تورکیا (میت) کوژراون. بە پێی ڕاپۆڕتی ئاژانسی "تەسنیم" لە عەمەلیاتەکانی دوو هەفتەی ئێران لە هەرێمی کوردستانیش لانی کەم 30 کەس کوژران و 200 کەسیش لە نێوان ئەندامانی گرووپە چاکدارییەکان برینداربوون.  

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، کە لەو بڕوایەدایە مەسەلەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی گرووپە کوردییە ئێرانییەکانی کە لە هەرێم نیشتەجێین، مەسەلەیەکی نوێی نییە و تا ئێستا چەندین جار ڕوویداوە، گوتی: "بابەتی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و مەسەلەی بۆردوومانی بنکەکانی ئەوان شتێکی نوێ نییە. مەسەلەی پەیوەست بەم بابەتە هەمیشە لە کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم مەسەلەیە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆندا باسکراوە".

ئەو لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا پەیامێک سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە بە دەستی هەولێر گەیشتووە، جەختی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایانەی کۆمیسیۆندا دیسانەوە ئەم مەسەلەیە خرایەڕوو و بەرپرسانی کونسوولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم ئاگاداری ڕەوتی دانووستانەکانن و پەیامیان ئاڵووگۆڕ کردووە کە بە چ شێوەیەک ئەم مەسەلانە ڕابگیرێت."     

دەباغ سەبارەت بە خانەخێوی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی هەڵسووکەوتی هەولێر لەگەڵ ئەم گرووپانە دەڵێت: "ئێمە خانەخێوی ئەم گرووپانە لە هەرێمین و ڕێز لە میوانەکانی خۆمان دەگرین، بەڵام ئەم ڕێزە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤە. هەندێک کەس یا هەندێک لە گرووپەکان لە باروودۆخەکاندا وتەکانی خۆیان دەخەنەڕوو یا کردەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن کە دەبێتە هۆی هێرشی چەکداری و هەروەها لە ناوبردنی ئەمن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی. ئەم مەسەلەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان شیاوی پەسەند نییە. کاتێک کە کردوەی لەم چەشنە لە لایەن ئەم گرووپانەوە ئەنجام دەدرێت، ئیدی لە چوارچێوەی میوان دەچێتە دەرەوە. میوان دەبێت حورمەت و ڕێز لە خانەخێوەکەی بگرێت و نابێت ببێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و مایەی نیگەرانی." 

 

نیگەرانی هاوبەشی تاران و ئەنکاڕا

ئێران و تورکیا، هەر دووکیان سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپە چەکدارە کوردییەکان کە لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەکەن و بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەم دوو وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە، ناڕەزایەتی خۆیان بە دەوڵەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە. "نازم دەباغ" دەڵێت کە هەندێک لە کردەوە سەربازییەکانی ئێران لە خاکی هەرێم بە ڕێژەیەک لە تورکیا کەمترە. ئەم بەرپرسەی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی: "لە نێوان هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا لەگەڵ مەسەلەکان لە هەرێمی کوردستان جیاوازی ئەوتۆ هەیە. بەم دوایانە یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم شیکردەوە کە تا ئێستا لانی کەم 100 هێرشی بەربڵاوی سەربازی لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تا ئەم کاتە کۆماری ئیسلامی ئێران 19 هێرشی سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە."

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەو بڕوایەدایە کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەر بەغدا ئیرادەیەکی جیدی هەبێت دەتوانێت لە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە یارمەتیدەر بێت و سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا بۆ ئەم مەسەلەیە ڕایگەیاند: "هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق زیاتر پڕۆپاگاندایە. ئەگەر بڕیاردان و ئیرادەی ئەوتۆ لە لایەن بەغداوە بوونی هەبێت و تارانیش بڕیارێکی کۆتایی بگرێت، هەرێمی کوردستان ئامادەی هاوکارییە بۆ دیاریکردنی دانانی سنوور بۆ چالاکی ئەم گرووپانە."   

 

لینکی چاوپێکەوتن: 

https://www.etemadnewspaper.ir/fa/main/detail/191567

تاران ـ ئیرنا: "نازم دەباغ" بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکانی سپای
پاسداران بۆ سەر بنکەکانی کوردییەکانی دژی ئێران دوای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرگریکردن لە هەوڵەکانی ئەم گرووپانە گوتی: بۆ ئێمە شیاوی پەسەند نییە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان ببنە مایەی دڵەڕاوکێ و بە لەبەرچاوگرتنی درێژەی چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان، ئەمجارە ڕووبەڕووی هەڵسووکەوتی جیدی دەبنەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی پەیامنێری سیاسی ئاژانسی ئیرنا، لە دوای جووڵە
تیرۆریستییەکانی گرووپەکانی دژی شۆڕش لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵات لەم ڕۆژانەی دواییدا، بنەکەکانی ئەم گرووپانە لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق خرایە بەر هێرشی دڕۆن و تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
هەندێک سەرچاوە بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکان دوای وێرانکردنی ئەو مەبەستانەی کە پێشتر دیاریکرابوون، درێژەی ئەوانیان پەیوەست کرد بە کردەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق و وشیاریاندا ئەگەر هاتوو بەرپرسانی هەرێم بڕیارێکی گونجاو دەرنەکەن و پێش شەڕەنگێزی ئەو گرووپانەی کە خوازیاری دابەشکردن و دژی ئێرانن نەگرن، عەمەلیات دژی ئەوان سەر لە.نوێی دەست پێدەکاتەوە.

لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی ئێران و هەرێمی کوردستان باسی چی کرا؟
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی کە پێشی چالاکییە گرووپەکانی دژی شۆڕشی ئێران کە بنکەکانیان لە باکووری عێراقە بە پەیامنێری ئاژانسی "ئیرنا"ی ڕاگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە و هەندێک بەرپرسانی دیکەوە، پەرۆشی خۆی لە چالاکییەکانی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.
گوتیشی: سێ مانگ پێش و جارێکی دیکەش نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمیتەیەکی ئەمنی هاوبەش لە هەولێر و تاران چەندین کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد کە لەم کۆبوونەوانەدا چەندین بڕیار سەبارەت بە بەهێزکردنی سنوورەکان گیرا و جەختکرایەوە کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی نابێت چالاکی چەکداری یا فێرکاریان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەبێت و تا ماوەیەکیش بینیمان کە چالاکییەکانی ئەم گرووپانە ڕاوەستابوو تاکوو ئەم ڕۆژانەی دوایی کە هەندێک ڕووداو لە ناو ئێران هاتە ئاراوە.

بنکەی گرووپەکانی دژی ئێران لە هەرێمی کوردستان چۆڵ دەکرێن
دەباغ هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی لێژنە هاوبەشەکانی کونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باس و لێکدانەوەی باشی لەسەر کرا و جەختکرایەوە دەبێت بنکەی گرووپە کوردییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێت کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەیەن بەڵام ئەم بابەتەوە لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت کە تەنیا بنکە سنوورییەکان دەبێت چۆڵ بکەن یا ئەم بڕیارە تەواوی مقەڕەکانیشیان دەگرێتەوە کە لە سەردەمی سەدام تا ئەمڕۆ بوونیان هەیە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ئاشکراشیکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕایگەیاندووە کە ئیزن نادات لە ناو خاکی ئەم ناوچەیەوە کردەوەی دژی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت و ئەم بابەتەی بە ناونیشانی سیاسەتی ئستراتجیکی خۆی بە گرووپە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکانیش ڕاگەیاندووە.

پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان سیاسەتی ئستراتجیکی ئێمەیە
"نازم دەباغ" بە ئاماژە بەوەی کە خۆمان بە بەڵێندەر دەزانین کە ئیزن نەدەین هەندێک گرووپ ببنە مایەی دڵەڕاوکێ ئێران یا شارۆمەندانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی کە گرووپ گەلێک بە چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان ببنە ئەوەی کە خاکی هەرێمی کوردستان جارناجارێک بۆردوومان بکرێت و گیان و ماڵی خەڵکی بکەوێتە مەترسییە و زیانیان بەرکەوێت.
گوتیشی: گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییە ئێرانییەکان دەیان ساڵە کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و ئێمە توانیمانە تا ڕادەیەک چالاکییەکانی ئەوان کۆنتڕۆل و پابەندی ڕێکەوتەنامەکانیان بکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە گرووپەکان و کەسانێک لەو باروودۆخانەی کە دێتە ئاراوە، بە شێوەیەکی خراپ و بە مەبەست؛ کەڵکی لێوەردەگرن کە کاتێک بە ئاگادارکردنەوەی ئێمە یا کردەوەی ئێران ڕووبەڕوو دەبنەوە، جووڵەکانیان دەوەستێت.

ئەمجارە سەبارەت بە گرووپە کوردییەکانی دژی ئێران بڕیاری جیدی دەگرین نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە ئاماژە بەوەی کە نابێت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی دیکە یا هێزێکی چەکداری دیکە هەبێت کە کردەوەی خۆسەری هەبێت، ڕایگەیاند: ئەگەر گرووپە کوردە ئێرانییەکان بە ڕێکەوتەنامەکان پابەند نەبن و گرینگی بە ئامۆژگارییەکان سەبارەت بە خۆپاراستن لە چالاکییە چەکدارییەکانی دژی ئێران نەدەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بێگوکان ئەمجارە بڕیارێکی جیدی دەربارەی ئەوان دەگریت.
گوتیشی: ئێمە زۆر جار لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا ئامۆژگاریمان بەم گرووپانە داوە و وشیارمان کردوونەتەوە، بەڵام ئەگەر درێژە بە کردەوەکانی خۆیان بدەن و لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاویدەکەنەوە پێداگربن و چەت بخرێتە نێوان پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە، بۆ ئێمە شیاوی پەسەند نییە و ناچار دەبین بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکەین.
دەباغ سەبارەت بە وشیاکردنەوەی ئێران بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیهاتەکانی بوونیان لە بنکەکانی گرووپە تیرۆڕیستییەکان گوتی: هیچ کام لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوندیان نییە و دیدار و ئامادەبوونی ئاوان لە بنەکانی ئەم گرووپانە بۆ دانووستان، گەیاندنی پەیام و سنووردارکردنی ئەو بەشە لە چالاکییەکانی ئەوانە کە بۆ ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەتە مایەی نیگەرانی.

لینکی چاوپێکەوتن:
https://www.irna.ir/news/84907411/نماینده-اقلیم-کردستان-عراق-این-بار-درباره-گروه-های-کرد-مخالف

روونکردنەوە : ئەم وتوووێژەی لە خوارەوە هاتووە سەرجەم بۆچوونەکانی نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانە  سەبارەت مەسەلەی تۆپبارانی ئەم دواییەی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان ، کە لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ئەنجامدراوە ، بەڵام هەندێک لە هەواڵدێرییەکان بۆ مەرامی سیاسی یان زاڵ بوونی روانگەی هەواڵدێرییەکە یان هۆکاری دیکە ، هەندێک لە بەشەکانیان قرتاندووە و روانگەی خۆیان خستۆتە سەر وتوووێژەکان. لەحاڵێکدا ئەمە وتەکانی نازم دەباغ نیه ، بەڵام هەندێک لایەن کاڵفامانانە ئەمە لێک ناکەنەوە .  هەر بۆیە ئەم وتووێژە بە دەنگ و بە تێکست بڵاو دەکەیەنەوە .


ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" 
KNN ـ پەیوەندییەکانی ئێران بە هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی ئێران لە چ قۆناغیکدایە؟ ئایا حکومەتی تاران سوورە لەسەر فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ دەرکردن و سنووردانان بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. لەم بارەیەوە ئەم گفتووگۆ تایبەتە لەگەڵ بەڕێز "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بڵاودەکەینەوە. 

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سەرەتا لەم پرسیارەوە دەست پێبکەم، لە لێدوانەکەتدا بۆ ئاژانسی "ئیرنا" باست لەوە کردووە کە دەبێت هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بارگرانییەکانیان چۆڵ بکەن. ئایا ئەمە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە؟

نازم دەباغ: ئێمە گوتوومانە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان دەبێت چالاکییەکانیان ڕابگرن و ئەم قسەیەش تەنیا قسەی من نییە و بڕیاری ناو کۆبوونەوەی نێوان دوو لایەن بووە و هەروەها هەمووشی دووبارە و چەندبارە کراوەتەوە. ساڵی پار لەبیرمە شاندی تایبەتی هاوبەشی یەکێتی و پارتی سەردانی بارەکاگانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەشیان کردووە. ئێمە هەنگاوی یەکممان لەسەر ئەوە بووە کە لە سنوورەکان چالاکی لێنەکرێت، هەر بەم هۆیەشەوە لە سەرەتادا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، تەنیا سنوورەکان تۆپباران کرا. لە دواییدا ئەم باروودۆخەی کە لە ئێستادا لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، دوای ئەوەی کە پەیامەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕین باسی لەسەرکرا؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پەیامانە لە لایەن ئەم لایەنە سیاسیانەی کە دراوە، گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێویستە ئێوە سنوورێک بۆ ئەم چالاکیانە دابنێین نەک کەسانێک لە هەرێمی کوردستان بەرنامە و پلان دابنێین بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران. 

دیارە لەم چوارچێوەیەدا یەکەم شت باسی سنووردارکردنی چالاکییەکان کراوە و هەروەها باسی نەهێشتنی چالاکی و بارەگاکانیشیان کراوە لە سنوورەکان. دیارە ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت ڕێز لە یاسا و سەروەرییەکان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بگیردرێت و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی نێودەوڵەتی و پاراستنی مافی مرۆڤیش بۆ ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان پەنابەرن. بەڵام جگە لەم بەرنامە و سیاسەتە هەر جووڵانەوەیەک بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش بێت چ لە لایەن ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چ لە لایەن ئەو لایەنانەی کە لە ناو هەرێمی کوردستانن دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. هەموو بابەتەکان لەم چوارچێوەیەدا بووە و بەداخەوە ناحەزان بۆ مەڕامی تایبەتی خۆیان، کەسانێک هەن ئەو قسانە دەقۆزنەوە و بە پێی خواست و ئارەزووی خۆیان داڕشتنەوەی بۆ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. 

ئەگەرنا ئێمە ئەو لایەنانەی کە لە هەرێمی کوردستانن، ناومان هێناون وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و باسیشمان لەوە کردووە کە دەبێت چالاکییەکان سنووردار بن و ئەو باسەش کە چالاکییەکان سنوورداربن، قسە و پەیامی ئێمە نییە و بەڵکوو پەیامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە و چەند جارێکیش باسی لێوە کراوە.                    

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باست لەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر پابەندنەبن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. پێت وایە ئەمە ڕووبدات؟   

نازم دەباغ: باسکردن لەوەی کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کارە بەردەوام بن، بە دڵنیاییەوە بەو مانایە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێز کۆدەکاتەوە و پەلاماریان دەدات، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ڕێگایان لێدەگیرێت و پێیان دەگوترێت ئەم کارە مەحکووم دەکەین و ڕێگانادەین و پێویستە پابەندبن بەو ڕێنمایانەی کە لە کاتی خۆیدا و لە ئێستاشدا پێیان دەگوترێت و نابێت شەڕ و ئاژاوە لە سنوورەکاندا هەبێت و لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.

ئەمە شتێکی تازە نییە، نازانم بۆ ئەگەر "نازم دەباغ" بیڵێت ئەمە دنیا وەردەگەڕێت، بەڵام ئەگەر ئەوانی دیکە بیڵێین ئیعتیادییە. من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، ئەوەی پێم دەگوترێت و ئەوەی گوێم لێیە لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەموو لایەنەکانەوە ئەوە دەگوازمەوە و شتێکی زیاترم لەوە نەگووتووە و کەسیش لە خۆم بە دلسۆزتر نابینم لەوە کە پشتیوانی لە جووڵانەوەی خوازی گەلی کورد کردبێت لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژنامەکانی سەردەمی شاخ و ئەوانی دیکەش، لە هەندێک شوێین ناوی بەندەش هاتووە کە کۆمەکی کێیم کردووە و کۆمەکی کێیم نەکردووە.  

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: سپای پاسداڕان باسی لە ئاگربەست کردووە، ئاگربەست لەگەڵ کێی کراوە؟ یەک لایەنەیە یا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش پابەندبوون بەم ئاگربەستەوە؟  

نازم دەباغ: ئاگربەست کە باسی لێوەکراوە بەو مانایە نییە ئیتر ڕێککەوتنێک کرابێت، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای پەیامەکانی خۆی و لە ڕێگای گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردۆتەوە کە بۆ ماوەیەک تۆپباران و پەلامارەکان ڕادەگرن هەتا ئەو کاتەی کە بە ڕاشکاویی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت و ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی ئەم چالاکیانە. و هەر وەکوو چون ڕێگا دەگرێت لە دووبارە بوونەوەی چالاکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ڕێگا نەدات بە بێ بیانوو و بە بێ هۆکار، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستان بدات و پەلاماری ئەو لایەنانە بدات. 

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: هیچ زانیارییەکتان لەلایە لەسەر ماوەی ئەم ئاگربەستە؟ ئەگەر ماوە و تەواو بووە ئێران بە جمووجۆڵەکانی دوو حیزبەکان ڕازی نەبوو، پێت وایە هێرشی زەمینی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟ هیچ قسەیەکی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ئێوە وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە؟

نازم دەباغ: ماوەی دیاریکراو ڕانەگەیێندراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ماوەیەکی سنووردار دەبێت بۆ ئەوەی کە پەلامارەکان ڕابوەستێت تا ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دوابڕیاری خۆیان دەدەن لە بەردەوامبوون یا بەردەوامنەبوون لەسەر ئەو چالاکیانەی کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. و ئەم مەسەلەیە، بابەتێکە کە گرینگە و دەبێت هەموو لایەکمان دەرکی پێبکەین. زەرەر بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان زەرەر بۆ هەمووانە بۆیە دەکرێت ڕێز لە ئەو یاسا و ڕێسایانە بگیرێت کە لە وڵاتێکدا هەیە و نەبێتە هۆکار بۆ دوژمنایەتی وڵاتەکەی دیکە.

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: باستان لەوە کردووە کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر دانیشتنێک لە نێوان دەستەی ئەمنی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان کراوە. ئایا ئەمە دەکرێت وەک ڕێکەوتنێک باس بکرێت و زانیارییەکان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە چین؟  بەرپرسانی دیمۆکڕات و کۆمەڵە ڕۆژی یەکشەمە قسەیان بۆ ئێمە کردووە و دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ نێوانگیرییەکی نەکردووە. ئەی ڕێککەوتن لەگەڵ کێدا دەکرێت و دەبێت لەگەڵ کێدا قسە کرابێت؟ 

نازم دەباغ: زۆر بەداخەوە، زۆر تەحویل لە قسەکان دەکرێت، من نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم، بە دڵنیاییەوە هەر بابەتێک کە باسی دەکەم ئەگەر ڕای خۆم بووبێت بە ڕاشکاوانە گوتوومە ئەوە بۆچوونی خۆمە بەڵام ئەگەر ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و وەزیفەشمە پەیامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو خۆی بگەیەنم. ئەوجار ناحەزان چۆنی لێکدەدەنەوە ئەوە شتێکە کە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئەوەی کە دەکرێت جەختی لەسەر بکەینەوە ئێمە ئەو کۆمیتە هاوبەشە ئەمنییەکەی کە ئێستاکە هەمانە و باسمان لێوەکردووە هی ئەمڕۆ نییە لە ڕۆژگارێک کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە و هەیە و دەشبێت؛ کۆمیتەیەکی ناوەندی هەیە و چوار کۆمیتەی فەرعیش هەیە کە ئەم کۆمیتانە لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی خۆیان چاودێری دەکەن و کارەکانی خۆیان دەکەن. لە دانیشتنەکانی ئێمە و کۆمیتەی ئەمنییەکە هیچ شتێک یەیوەندی بەوە نەبووە کە ناوبژیوانی کردن بێت لە نێوان کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەر وەکوو ناوت هێناون برایانی کۆمەڵە و دیمۆکڕات. کە گوتوویانە بەڵێ هیچ حوزوورێکیان نەبووە و هیچ یەک لە کۆبوونەوەکانیش پەیوەندی بە ناوبژیوانییەوە نەبووە. 

بەڵکوو کۆبوونەوەکان پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی باروودۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بووە لە ناوچەکان بەتایبەتی سنوور، و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەیشاردۆتەوە و هەمیشە داوای کردووە کە پێویستە سنوورەکان پارێزراو بێت و پێویستە جمووجۆڵەکانی سەربازی نەکرێت و چالاکی ئەنجام نەدرێت و لەو چوارچێوەیەدا دانیشتن کراوە و باس کراوە و قەسە لەسەر ئەوە کراوە کە بە هەر دوولامان هەوڵ بدەین ڕێگانەدەین ئەو سنوورانە بەکاربێن بۆ دژی یەکتریی.

 

ڕادیۆ "کەی ئێن ئێن" KNN: پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداریی هێرشەکانمانن. هەرێمی کوردستان و عێراق ئاگاداریی هێرشەکان بوون؟ 

نازم دەباغ: بەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەکوو گوتیشی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕێگاوە ئاگادارن. یەکەم پێش ئەوەی کە بۆردوومانەکان بکرێت لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو ئەو کەس و هاووڵاتی و نیشتمانیانەی کە لە دەورووبەریی ئەو بارەگایانەن چۆڵی بکەن، چونکە لێیان دەدرێت. دووهەمیش لە ڕێگای کونسوولگەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە ئەو پەیامە گەیێندراوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

Media

لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، تا ئێستاش بەردەوام بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر بنکە و بارەگای لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق، هاوکات جەختیش دەکەنەوە هێرشەکان بە ئاگاداری حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێم بووە.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لەم وتووێژەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و ئێراندا هەیە کە نوێنەری پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی سوپا و ئیتڵاعاتی ئێران ئەندامن تێیدا، ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ بكەن كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته‌وه‌، دەشڵێت" ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هۆكار هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئێران تۆپباران بكات، ئه‌وكاته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه‌، ئه‌و هێز و لایانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌ن چ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بن یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێموایه‌ جوڵانه‌وه‌كانیان سنوردار ده‌كرێن، پێشبینی دووبارە بوونەوەی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی جەزائیر دەکەم لەسەر کەوڵی کورد، بەڵام ئەمجارە لە نێوان (عێراق و تورکیا و ئێران و سوریادا) دەبێت. "

" بۆ ئه‌م بابه‌تی تۆپبارانه‌ ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ جۆره‌ دەخاله‌تێكمان نه‌بووه‌ "

وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێوه‌ چیتانكردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆردومانانه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردووی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە چه‌ندین قوربانی لێكه‌وته‌وه‌؟

لە وەڵامدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت" من سوپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌م به‌ڕاستی به‌ڵێنم دابوو قسه‌ نه‌كه‌م، به‌ڵام بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و ڕاگه‌یاندكارانه‌ی كه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ ده‌نگ و باس و هه‌واڵ داده‌تاشن گوایه‌ ئێران فشاری خستۆته‌سه‌ر من كه‌ قسه‌ نه‌كه‌م بۆیه‌ ئێستا قسه‌ده‌كه‌م چونكه‌ ئه‌و براده‌ره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ی نوسیووه‌ ئه‌وكات من له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ هاتوومه‌ته‌وه‌ تاران بۆیه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ كه‌ من بڵێم، ئه‌و ئازادییه‌م هه‌بووه‌ و هه‌شمه‌ كه‌ بتوانم له‌ بیر و ڕاكانم و بیروبۆچوونه‌كانم و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌م به‌رگری بكه‌م و هه‌م بیگه‌یه‌نم، ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌ نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه‌ چه‌ندین جاریش باسمان كردووه‌، نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ پێكهاته‌یه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌كان، كۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سۆسیالیست و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر خۆیان له‌ په‌یوه‌ندیدان، ئه‌م بابه‌تی تۆپبارانه‌ ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ جۆره‌ دەخاله‌تێكمان نه‌بووه،‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌ک كرابێت یان دانیشتنێكی تایبه‌تی كرابێت له‌وێ باسمان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خه‌ڵكی سیڤیلی كوردستان هه‌میشه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌ له‌م تۆپبارانه‌دا. "

" کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران هەیە بۆ ئەو بوارانە"

نازم دەباغ ئەوەشی وت"هه‌میشه‌ جه‌ختمانكردۆته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی خۆی هه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، ناكرێت كۆمیته‌ی هاوبه‌ش و هاوكاری نه‌بێت له‌ بواری فه‌رهه‌نگی و له ‌بواری ئابوری و له‌بواری ئاسایشدا واته‌ پێویستی جوگرافیایی له‌ ناوچه‌كه‌ فه‌رزی ده‌كات به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ی هه‌بێت ئه‌و كۆمیته‌ش هی ئه‌مڕۆ نییه‌ له‌وه‌ته‌ی په‌یوه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ده‌توانم بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی به‌ته‌نها و پارتی به‌ ته‌نها ئه‌و كۆمیته‌ هه‌بووه‌ ئه‌و كۆمیته‌ش له‌م دواییانه‌ چالاكتر بووه‌ له‌چاو جاراندا به‌پێی ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌. "

" کۆمیتەکە لە کێ پێکهاتووە؟ "

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو کۆمیتە هاوبەشەی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕونیکردەوە" كۆمیته‌كه‌ بریتیه ‌له‌ نوێنه‌رایه‌تی دام و ده‌زگای ئاسایش و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو به‌شه‌كانی ناو كۆماری ئیسلامی ئێران له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات و له‌وانه‌ سوپا و قه‌رارگای قودس و قه‌رارگای هه‌مزه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار ده‌بن هه‌ریه‌كه‌ ڕاپۆرتی خۆی ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی هه‌م نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌م نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت به‌شداریان هه‌یه‌ له‌و كۆمیته‌یه‌ باس له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا كه‌ جموجۆڵێک له‌ناو ئێراندا په‌یدا ده‌بێت له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بنكانه‌ی كه‌تێیدا بڕیاری لێده‌دات واته‌ ڕاسته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ندێک شوێندا هه‌ندێک گروپ هێزی چه‌كداریان نه‌ناردبێته‌ ناو كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی سیاسیان له‌و شوێنه‌ی كه‌ بنكه‌ی سه‌ركردایه‌تی لێیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێنمایی و ئامۆژگاری و بڕیاری لێده‌درێت بۆیه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران هاتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ ده‌ڵێت ئه‌و بنكانه‌ی كه‌ ئه‌وانی تێدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بنكه‌ی ناردنی ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه‌ له‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێرانن. "

" ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ بكات كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته‌وه‌ "

ئه‌و كۆمیته‌یه‌ ئه‌ركیان چیه‌ له‌وكاته‌دا كه‌ جموجۆڵێک له‌ناو ئێراندا ده‌بێت؟

وەڵامەکەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بەمجۆرە بوو" ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ بكات كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته‌وه‌. "

" كۆمیته‌کە‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو حزبی تێدایه‌ "

وتیشی" ئه‌و كۆمیته‌یه‌ له‌و ڕۆژه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ یه‌كێتی به‌ته‌نها و پارتی به‌ته‌نها، دواتر بۆته‌ په‌یوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، واته‌ له‌وه‌ته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ئه‌م كۆمیته‌ و ئه‌م هاوكارییه‌ هه‌یه‌، ئه‌م كۆمیته‌یه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه،‌ به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو حزبی تێدایه‌. "

كه‌واته‌ کۆمیتەکە چاودێری لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ كوردستانی عێراقدا ده‌كه‌ن؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" ئه‌مه‌ تایبه‌ت نییه‌ ته‌نها بۆ لایه‌نێكی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چاودێری جموجۆڵی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران كێشه‌ی ئه‌منی و ئاسایشی بۆ په‌یدا ده‌كات، هه‌روه‌ها چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ی ئێرانیش ده‌كات بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بینیومانه‌ له‌و بابه‌تانه‌ ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو بووه‌ كه‌ ڕوویداوه‌ كۆمیته‌ش به‌دواداچوونی خۆی بۆ كردووه‌ ئێمه‌ش لێره‌ خۆمان هه‌وڵمانداوه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌ركی خۆماندا ده‌بینین چ حكومه‌ت پێمان بڵێت و چ حكومه‌ت پێمان نه‌ڵێت له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پرسیار ده‌كه‌ین و به‌دواداچوون ده‌كه‌ین هه‌میشه‌ داوای ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین هه‌ردوولا پابه‌ند بین به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌منی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ به‌ حزووری چ به‌ په‌یام له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م په‌یامانه‌ی گه‌یاندووه‌ واته‌ كارێک نه‌كراوه‌ له‌ كۆمیته‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌گه‌یانرابێت. "

" ئه‌م قسه‌یه‌ هاندانی جارێكی تری كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕژتر بێت "

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران زیاتر وتی" به‌داخه‌وه‌ دوێنێ گوێی بیست بووین له‌هه‌ندێک كه‌س و لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن "ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بین له‌م ڕێككه‌وتنانه‌ پابه‌ند نابین" ئایا بارودۆخی ئێستا وایه‌ كه‌ ئه‌وان بێنم له‌و كۆمیته‌ دابنێم؟ ئه‌گه‌ر له‌و كۆمیته‌یه‌ دایان بنێم مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ڕێككه‌وتن هه‌بێت له‌نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ هاندانی جارێكی تری كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕژتر بێت، بۆیه‌ من پێموایه‌ ده‌بێت وریا بین له‌وه‌ی لایه‌نێک یان كه‌سانێک له‌ناو لایه‌نێكدا هۆكار نه‌بێت بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ كه‌ ئاڵۆزتر بێت. "

" ئایا ئێران داوای لە هەرێم کردووە لایەنە کوردییەکانی ئێران دەربکات؟ "

ئایا داواكارییه‌ک هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" به‌ڵێ كاتی خۆی ئه‌م داواكارییه‌ هه‌بووه‌ هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ (موجاهیدینی خلق) كردیان به‌ ده‌ركردنیاندان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا نه‌چۆته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌ربكرێن له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ، وه‌ ئه‌و مافانه‌ی كه‌ په‌ناهه‌نده‌ له‌ وڵاتێكدا هه‌یه‌تی به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی غه‌ریبه‌ دانه‌نراوه‌ بۆ ئه‌وان، به‌ڵام ده‌بێت پابه‌ندبوون هه‌بێت ئایا هه‌ندێک له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ قبوڵیانه‌ لایه‌نێكی سیاسی بێت له‌سنوری جوگرافی ئه‌وان چالاكی بكات و ئه‌وان ڕه‌زامه‌ند نه‌بن! به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناكرێت ئه‌وه‌ ڕووبدات بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا پێی بكرێت دژی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ ده‌ربكرێن له‌ وڵاتدا به‌ڵام هه‌میشه‌ پشتیوان بووه‌ له‌ چه‌سپاندنی ئه‌من و ئاسایش ، وه‌ پابه‌ندبوون به‌و ڕێنماییانه‌ و به‌و ڕێسا و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک پابه‌ند بین بۆئه‌وه‌ی زیان به‌ یه‌كتری نه‌گه‌یه‌نین و زیان به‌ ئه‌من و ئاسایشی وڵاتانی داروسێمان نه‌گه‌یه‌نین واته‌ هه‌م بۆ ئێرانه‌ هه‌م بۆ توركیایه‌ و هه‌م سوریا و هه‌م بۆ لایه‌نی عێراقه‌. "


" ئه‌وكاته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه "

هیچ بڕیارێک هه‌یه‌ پێشتر و ئێستا حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران به‌ فه‌رمی ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ باره‌گاكانیان چۆڵ بكرێن؟

وەڵامەکەی نازم دەباغ بەمجۆرە بوو"هه‌تا ئێستا به‌فه‌رمی شتێكی وام نه‌بیستووه،‌ به‌ڵام ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ ڕووده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕابردوو هه‌میشه‌ ئه‌و په‌یامه‌ هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هۆكار هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئێران تۆپباران بكات، ئه‌وكاته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه‌. "

" ئەمجارە جددیه‌تی زیاتر لە كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بینم "

ئه‌گه‌ر لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران باره‌گاكانیان لەهەرێم چۆڵ نه‌كه‌ن ئێران چیتر ده‌كات ئایا ئێران هیچ هۆشداریه‌كی داوه‌ به‌ ئێوه‌؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" ئەمجارە جدییەتی زیاتر لە كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بینم به‌تایبه‌تی له‌ مه‌رزه‌كان په‌لاماری لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان بدات ئه‌گه‌ر هه‌بن. "

" پێشبینی دووبارە بوونەوەی هاوشێوەی ڕێککەوتنی جەزائیر دەکەم لەسەر کەوڵی کورد بەڵام ئەمجارە لە نێوان هەموویاندا "

پێشبینی ده‌كه‌یت هه‌مان سیناریۆی موجاهیدینی خلق به‌سه‌ر حزبه‌ كوردییه‌ ئێرانییه‌كانی كوردستانی عێراق دوباره‌ ببێته‌وه‌؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی"من پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م به‌دبه‌ختی میلله‌تی كورد له‌م جوگرافیا سیاسی و سه‌ربازیه‌دایه‌ كه‌ هه‌یه‌تی به‌دووری نابینم له‌ ئاینده‌ی دوور یان نزیک ئاشته‌وایی ناوچه‌یی له‌ نێوان عێراق و توركیا و سوریا و ئێران هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری و پشتیوانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ن له‌سه‌ر كه‌وڵی كورد ته‌واو ببێت، هەروەک چۆن پێشتر ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر كه‌ كاتی خۆی له‌نێوان شای ئێران و سه‌دامدا بوو، بەڵام ئه‌مجاره‌ له‌نێوان هه‌موویاندا ده‌بێت. "


" ئایا ڕێککەوتنی جەزائیر دووبارە دەبێتەوە؟"

ئایا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی جه‌زائیر ئه‌گه‌ر دوباره‌ بێته‌وه‌ ده‌بێته‌هۆی كۆتایی هێنان به‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ده‌ركردنی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق هاوشێوه‌ی (موجاهیدینی خه‌ڵق) كه‌ چییان لێ به‌سه‌رهات؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" ده‌رباره‌ی ڕێككه‌وتنی (الجزائیر) یان شێوه‌ی ئه‌و، به‌ بڕوای من ناكرێت له‌پێش ڕووداو شته‌كان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ باس بكه‌ین، به‌ڵام من بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو و ئێستا وای ده‌بینیم جیاوازییه‌كی ده‌بێت چونكه‌ كورد ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ واته‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كان له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ دۆست و پشتیوانی خۆی هه‌یه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به ‌دیده‌كه‌م ناتوانن ئه‌و دۆستانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵاته‌كه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای وڵاته‌كه‌ شتێک بكه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆكار بۆ نیگه‌رانی هه‌موولایه‌ک واته‌ كورد ده‌بێت پابه‌ندی ته‌واو بێت به‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی به‌تایبه‌تی عێراقیش هه‌روه‌ها پابه‌ندی یه‌ک سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ بێت و دارایی ناوه‌ندی و هه‌روه‌ها سه‌ربازیی و ئه‌منی ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد كه‌مبكرێته‌وه‌. "

" ئه‌و هێز و لایانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌ن چ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بن یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێموایه‌ جوڵانه‌وه‌كانیان سنوردار ده‌كرێن "

ئایا كۆماری ئیسلامی ئێران به‌نیازه‌ له‌ڕێگه‌ی زه‌مینیه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌مپانه‌، و چاره‌نووسی ئه‌و كه‌مپانه‌ چیان لێ به‌سه‌ردێت ئایا ته‌نانه‌ت خێزانی ناو كه‌مپه‌كانیش ده‌بێت كه‌مپه‌كه‌ چۆڵبكه‌ن؟

لە وەڵامدا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی" ئه‌و هێز و لایانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌ن چ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بن یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێموایه‌ جوڵانه‌وه‌كانیان سنوردار ده‌كرێن له‌چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤ و له‌چوارچێوه‌ی مافی په‌ناهه‌نده‌یی له‌ عێراقدا له‌وه‌ زیاتریان بۆ نه‌كرێت هه‌روه‌كو له‌كاتی خۆی خراپتر هات به‌سه‌ر كوردا له‌ ئێران په‌رت و بڵاویشیان كردن نه‌ک هه‌ر چالاكیان سنوردار كرا. "

" له‌ڕێگه‌ی كونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی یان له‌ هه‌ولێر یان باڵوێزی ئێران زۆرینه‌ی ئه‌و په‌یامانه‌ گه‌یه‌نراون "

ئێوه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت چیتان كردووه‌ ئایا ئێران هیچ په‌یامێكی به‌ ئێوه‌دا ناردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م زیانه‌ گه‌ورانه‌ به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وت وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی؟

نازم دەباغ بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە" چه‌ندین جار دوباره‌مان كردۆته‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت كاره‌كانمان سنورداره‌ ئه‌و شاندانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌چن له‌ڕێگه‌ی كونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی یان له‌ هه‌ولێر یان باڵوێزی ئێران زۆرینه‌ی ئه‌و په‌یامانه‌ گه‌یه‌نراون ئێمه‌ش وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی له‌ بۆنه‌كان و له‌ دانیشتنه‌ تایبه‌تیه‌كان ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وت به‌دڵنیاییه‌وه‌ باسمان له‌وه‌ كردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیشمانداوه‌ كه‌ تۆپباران ڕابوه‌ستێت له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. "

" ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێران چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌م ڕووداو و بۆردومانانه‌ ئاگاداریان كردنه‌وه‌ "

به‌رپرسانی ئێران ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ به‌ ئاگاداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و پێشتر ئاگاداریان كردونه‌ته‌وه‌ ئایا هه‌تا چه‌ند ئه‌مه‌ دروسته‌ ئایا چۆن ئێران هه‌رێمی كوردستانی پێشوه‌خته‌ له‌و هێرشانه‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌؟

نازم دەباغ بەمجۆرە وەڵامی دایەوە"بابه‌تی ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئێرانیه‌كان واته‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێران چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌م ڕووداو و بۆردومانانه‌ ئاگاداریان كردنه‌وه‌ وتیان داواكارین له‌ هاوڵاتیان و خه‌ڵكی سیڤیل له‌و شوێنانه‌ نه‌مێنن كه‌ باره‌گای ئه‌و هێزه‌ چه‌كدار و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی لێیه‌ ئه‌مه‌ش به‌نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی براده‌رانی (كۆمه‌ڵه‌) گوێڕایه‌ڵ بوون بینرا كه‌ زه‌ره‌رو زیانیان كه‌م بوو له‌چاو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرنگیان پێنه‌دان و له‌شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ . "

" هه‌میشه‌ سه‌یرم به‌مجۆره‌ بڕیارانه‌ دێت "

سەرەتای ئەم هەفتەیە بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق داوایان کرد، پەرلەمانی عێراق بڕیار دەربکات بۆ پابەندکردنی ئێران و تورکیا بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان پێگەیشتووە بە هۆی تۆپبارانەکانیانەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێران ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق بۆئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دراوه‌ به‌تایبه‌تی بابه‌تی قوتابخانه‌ یان شوێنی نیشته‌جێبووه‌كان؟

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی"بابه‌تی چوونه‌ ژێرباری ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌په‌رله‌مانی عێراق داویه‌تی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ من هه‌میشه‌ سه‌یرم به‌مجۆره‌ بڕیارانه‌ دێت، چونكه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م زه‌مانی ئێستا له‌نێوان عێراق و ئێران و توركیا هه‌میشه‌ كێشه‌كان و ڕووداوه‌كان سپێردراون به‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و بڕیاردان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی زیانیان لێكه‌وتووه‌ با بزانین به‌درێژایی مێژوو كام زیان له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌! یان كام زیان له‌ ڕووداوه‌كاندا قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو بڕیاره‌كانی پێشوو ده‌بێت . "

" ئه‌وكاته‌ بۆی هه‌یه‌ هێرشەکانی ئێران فراوانتر بێت "

به‌رپرسانی ئێران له‌دوایین هۆشداریاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد و سه‌رچاوه‌ لۆكاڵیه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێران هێزێكی زۆری زه‌مینی له‌ سنوره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كۆكردۆته‌وه‌ ئایا هیچ نیازێكی له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێران هێرش بكاته‌ سه‌ر حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نیشته‌جێن له‌ڕێگه‌ی زه‌مینیه‌وه‌؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" جوڵانی هێزی سه‌ربازیی هه‌روه‌ها په‌لاماردانی هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێرانی من پێموایه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌لێكدانه‌وه‌ و بۆچوونی من دوباره‌ كردنه‌وه‌ ده‌بێت وه‌كو ساڵانی پێشوو بۆ شوێنه‌ مه‌رزییه‌كان، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چالاكی بكرێت دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شێوازێكی تر وه‌ڵامی په‌لاماره‌كان بدرێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ بۆی هه‌یه‌ فراوانتر بێت. "

 

https://www.dengiamerika.com/a/6783546.html?fbclid=IwAR3-_eIkTH7s4E-OiQDAC05CH5XF-Dy5yZxixle-8N_P4_UksAYAcg8o8zw

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، هەندێ کەس بەناوی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لێدوانیان داوە و دەڵێن، پابەند نابن بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و گوتیشی، "ئەگەر حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن سنوور چۆڵ نەکەن، ئێران بیر لە بژارەی دیکە دەکاتەوە".

 ئەمڕۆ یەکشەممە 09-10-2022 نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەندێک راگەیاندنی کوردی بڵاوکرایەوە کە کۆماری ئیسلامی گوشاری خستووەتە سەر ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لێدوان بۆ میدیا نەدەین، خودی ئەو هەواڵە وایکرد لێدوان بۆ میدیای ئێرانی و کوردستانیش بدەم."

 نازم دەباغ لەبارەی داوای چۆڵکردنی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سنوور گوتی: "بابەتی چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکان نوێ نییە و حکومەتی ئێران بەدواداچوونی بۆ ئەوە کردووە و گەیشتووەتە ئەوەی کە بەشێک لەو حیزبانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن دەستیان لە خۆپێشاندانەکان وەرداوە و بە گوتەی ئەوان 'هەوڵی پشێوی نانەوە دەدەن'، بۆیە ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بارەگای ئەو حیزبانە چۆڵ بکرێن".

 نازم دەباغ گوتی: "بەشێوەی فەرمی و نافەرمی ئەوە بە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران گوتراوە کە لە نزیک سنوور نەمێنن لە ئەگەری مانەوەشیان، ئێران گوتوویەتی کە 'بیر لە بژارەی دیکە دەکەنەوە'."

 لەبارەی بژارەی ئێران لە ئەگەری مانەوەی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێران ئەوەی راگەیاندووە کە بیر لە راگرتنی پەخشی تەلەڤزیۆن و راگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەهێزکردن و زیادکردنی بنکەی سەربازی لەسەر سنوور دەکاتەوە".

 لەبارەی ئەگەری هێرشی زەوینیشەوە گوتی: "پێم وانییە بەرنامەی هێرشی زەوینی هەبێ، بەڵام بۆ بنکە نزیکەکانی سەر سنوور ئەگەرێکی دوور نییە".

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە لێدوانی چەند کەسێک بەناوی حیزبە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانەوە کرد و گوتی: "هەندێک کەس لە راگەیاندنەکان قسەیان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان پابەند نابن بە بڕیار و رێنوێنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە پێشهاتێکی خراپە و دەبێ لەم بارودۆخەدا خۆیان دووربگرن لە بڕیار و لێدوانی لەو شێوەیە".

 بە گوتەی نازم دەباغ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون، رێزی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەگرێت، "بەڵام رێگەش نادەین کێشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستبکەن".

 بە گوتەی نازم دەباغ، کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانە لە رووماڵی زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەیان بە نوێنەرایەتیی حکومەت لە تاران گوتووە کە "بەشێک لە راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان، خەون بە رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبینن".

 نازم دەباغ گوتیشی، "کۆنسوڵ و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، هەموو پەیام و نیگەرانییەکانی ئێرانیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە".

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئاب، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد .
لە دیدارەکەدا کە نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسولی گشتی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و گەشتیاری لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، تاووتوێ کرا. 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و کێشەی کەمئاوی لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن و سوود وەرگرتنی هاوبەش لە سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/august/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-پارێزگاری-ئازەربایجانی-ڕۆژئاوای-کۆماری-ئیسلامی-ئێران-دەکات/
پەڕەى 3 لەکۆى 50 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی