"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران لە وتووێژێکی تێروتەسەل لەگەڵ "ته‌سنیم"  باس لە ھەوڵە ھاوبەشەکانی سێ وڵاتی عەرەبی  و تورکیا دەکات بۆ پێکھێنانی ھەرێمێکی سوننەو دەڵێت: ئیمارات، قەتەر، عەرەبستان و تورکیا بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن.

 

بە پێی راپۆرتی بەشی نێودەوڵەتی ئاژانسی ھەواڵی "ته‌سنیم"، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە ئێران. واتا ھاوئاھەنگی پەیوەندییەکانی ئێران و ناوچەی کوردستانی عێراق لە رێگای ئەوەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەو ھەروەھا پێشتر نوێنەری "جەلال تاڵەبانی" سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

 

"نازم دەباغ" یەکێک لە ناسراوترین سیاسییەکانی کوردستانی عێراقە کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا وەکو نوێنەری کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندی بووە.

 

 

 

دەقی تەواوی ئەم چاوپێکەوتنە لە خوارەوە ھاتووە:

 

تەسنیم: سەرەتا، باسێکی گشتیی بارودۆخی عێراق و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان‌مان بۆ بکەن.

 

دەباغ: بەداخەوە قەیرانی دارایی و ھەروەھا شەڕ دژی تیرۆریستان و داعش بەردەوامەو دابەزینی نرخی نەوت ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووە. نرخی نەوت گەیشتووەتە ژێر ٤٠ دۆلار لە کاتێکدا کە راکێشانی نەوت تێچوویەکی زۆری تێدەچیت.

 

کێشەی سیاسی، بارودۆخی عێراق بە گشتیی باش نییە و کێشەی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان یان ناوەندە حکومییەکاندا ھەیە، ئەڵبەت ھەوڵ دەدەن کە پێکەوە کار بکەن وکێشەکان چارەسەر بکەن.

 

بۆ خۆم لەو بڕوایەدام کە کارێکی دژوارە، بۆچی؟ چونکە بەداخەوە بڕێک لایەن لە جیاتی گرنگیدان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتیی بیر لە بەرژەوەندی حزبی و تایبەتی خۆیان دەکەنەوە، کە دەبێت ئاڵوگۆڕیک لە تێروانین و سیاسەتەکانی خۆیاندا دروست بکەن.

 

 

 

بۆشایی بەڕێز تاڵەبانی یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی لە بواریی عێراقدا

 

ھەرێمی کوردستانیش ھەروەھا کە خۆتان ئاگادارن کێشەی تایبەت بە خۆی ھەیە. لەوانەیە یەکێک لە ھۆکارەکان، قەیرانی دارایی و سیاسی بێت. ئەڵبەت یەکێک لە ھۆکارەکانی کێشەکانی عێراق و ھەرێم نەبوونی مام جەلال‌ە لە گۆڕەپانی سیاسی‌دا، بەڵام ئەمە لە کوردستان زیاتر دیارە.

 

بەداخەوە نەخۆشی مام جەلال بە جۆرێک لە جۆرەکان بەڕێوەبەریی ھەرێمی بەرەو یەکلایەنە بوون بردووە.

 

لە رابردوودا، ھاوئاھەنگی پێویست لە نێوان مام جەلال و کاک مەسعوددا بوو و لەو کاتەدا ئیمکان و ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر بوو بەڵام لە ئێستادا ئەمە تێکچووە.

 

کێشەیەکی دیکە، بابەتی داعش‌ە. بوونی ئەم گروپە لە عێراق و سوریا قەیرانی دروست کردووە.

 

بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ھەرێمی کوردستان توانی پێشکەوتنی داعش بوەستێنێت، ھێزەکانی پێشمەرگە پێشوەچوونەکانی داعش‌یان راگرت و توانییان نزیکەی ٩٠%ی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکەن، بە تایبەت شەنگال کە لەم دواییانەدا ئازادکرا.

 

لە ئێستادا ناوچەیەکی کەمی ھەرێمی کوردستان کە لەوانەیە لە ١٠% کەمتر بێت، ماوەتەوە کە لە دەست داعشدا بێت و ئیشاللە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم ناوچانەش ئازادە دەکرێن.

 

 

 

سەرقاڵی کارنەبوون، ناکۆکییەکانی بەشوێنەوەیە

 

 

 

تەسنیم: باسی کێشەی نێوان تاڵەبانی و بارزانی، پێکدادان لە ھەرێمی کوردستان و ھێرش کردنە سەر بارەگای حزبەکان کە میدیا نێودەوڵەتییەکان باسیان کردووە و بابەتی دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە باکووری عێراق کە بارزانی پێشوازی لێکرد، لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەم بابەتانە چییە؟

 

دەباغ: یەکەم ھیچ پێکدادانێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتدا رووی نەداوە و بەرای من لە داھاتوشدا روونادات.

 

بەڵام کێشەیەک بوو، دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی سیاسی خۆپیشاندانیان کرد، چەند کێشەیەک ھاتە ئاراوە، کە کاریگەر بوو لە کوردستاندا.

 

سروشتییە کە جیاوازی بیروڕا ببێت و ئەمانە زۆر سروشتین کە لە ھەموو شوێنێکیش ھەیە. ناسروشتیی ئەوەیە کە ئەم جیاوازییانە بەرەو شەڕمان ببات، ھەمو لایەنە سیاسییەکان پێداگرن لەسەر دەرس‌وەرگرتن لە رابردوو و بۆیە تەئکید دەکەمەوە کە پێکدادان نەبوو بەڵام جیاوازیمان ھەیە.

 

 

 

وردەکاریی ناکۆکییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق

 

 

 

تەسنیم: واتا ئێوە ھێرشکردنە سەر نوسینگەو بارەگای حزبەکان لە کوردستان و ئاگردانی ئەو شوێنانە رەت دەکەنەوە؟

 

دەباغ: بەڵێ، بەداخەوە ھەواڵە دروست نەگوازراوەتەوە. بە گشتیی دەبێت بڵێم کاتێک خۆپیشاندانێک دەکرێت، رووداوی نەخوازراویش روودەدات، ئێمە ھێرشکردنە سەر بارەگاکانمان ئیدانە کرد، تەنانەت خودی حزبەکانی دیکەش ئەم رووداوانەیان ئیدانە کرد، کاتێک ھێرش دەکرێتە سەر بارەگایەک، ئەو بارەگایە پاسەوانی ھەیە و سروشتییە لە وەھا کاتێکدا تەقە بکات، لەوانەیە تەقە بە ئاسماندا بکات یان کەسێکیش بەداخەوە جۆرێکی دیکە ھەڵسوکەوت بکات، بۆیە چەند شەھید و برینداری لێکەوتەوە و چەندین نوسینگەیان ئاگردا.

 

حزبی دیموکرات کە سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەروەھا سەرۆک وەزیران لای ئەوە، چەندین رێگایان گرتەبەر کە رەخنەی لێگیرا، بە تایبەت دژبوونیان بۆ گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان، دانوستان بەردەوام بوو و دوای ماوەیەکی کورت ئەم بابەتانە کۆتایی ھات و ئێستاش دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامەو ھیوادارین لە داھاتوودا بگەینە ئەنجامی دڵخۆشکەر.

 

بابەتی دوایی ئەوەیە کە کێشە لەسەر چییە؟ ھۆکاری ئەم کێشە دەستووری ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمە. بە پێی دەستوور سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت دووجاری بەردەوام ھەڵبژێردرێت. سەرۆکایەتی ئاغای بارزانی لە ھەرێم بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە کە ئەم ماوە کۆتایی ھاتووەو ئێستا بۆ دوو ساڵی دیکە داواکراوە کە درێژەی ببێت.

 

حزبی دیموکراتی کوردستان داوایکرد کە سەرۆکایەتی ئەو درێژ بکرێتەوە، ھاوکات پێشنیارێک سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و پێداچوونەوە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم باسکرا و ئەوەی کە دەستووری ھەرێم لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت پێداچوونەوەی تێدا بکرێت تا ئێستا چارەسەر نەکراوەو بووەتە ھۆی کێشە.

 

 

 

 

 

گرفتەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و ھەرێمی کوردستان وەکوو خۆی ماوەتەوە

 

 

 

تەسنیم: باستان لە بابەتی بودجە کرد، ئێستا کێشەی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق بەکوێ گەیشتووە، ئایا کێشەکان بەردەوامە یان چارەسەر کراوە؟

 

دەباغ: ئەم کێشانە ھێشتا بەردەوامە و چارەسەر نەکراوە و تا ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین‌جار ئامادەبوونی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا راگەیاندووە و ھیواداربووین لە لایەن بەغداوە، کاتێک بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکرێت. بەغدا پێش‌مەرجی داناوە کە حکومەتی کوردستان پەسەندی نەکردووە و نایکات.

 

دەبێت دانیشین و دانوستان بکەین. ئێمە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا پابەندین بە عێراقەوە. بەڵام ھەرکەسەو بە پێی رای خۆی دەستووری عێراق شرۆڤە دەکات لە کاتێکدا کە دەستووری شرۆڤەی ناوێت. ئەوەی روونە ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستانی عێراق و سیستمی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراق‌داین. ئێمە لە پێشەوە لە رۆژی پێکھاتنی پەرلەمانی عێراقەوە چەندین پێشنیارمان بووە کە رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر کراوە کە پرۆژەیاسای نەوت، یاسای پێشمەرگە، پرۆژەی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کە بەداخەوە حکومەتی ناوەندیی تا ئێستا لای لێ نەکردووەتەوەو ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

 

 

 

تەسنیم: تا ئێستا چ رێژەیەک لە کێشەکان چارەسەر کراوە؟

 

دەباغ: تا کاتێک کە دانوستان نەکرێت ناتوانین بڵێین چ رێژەیەک چارەسەر کراوە. ئەزموونەکانی رابردوو، ئێمە ترساندووە. راستە کە تا رادەیەک خۆمان کەڵکمان وەرنەگرتووە، بەڵام لە رووی بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی ئابووری، لە ھەرێمی کوردستان گەشەی باشمان کردووە.

 

 

 

تەسنیم: واتا بوونی سەرۆک کۆماری کورد لە سیستمی سیاسیدا نەیتوانیوە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکات؟

 

دەباغ: باسی سەرۆک کۆماری نییە، باسی کەسایەتییە، ئاغای تاڵەبانی پێگەیەکی تایبەتی لە عێراقدا بوو کاتێک کە سەرۆک کۆمار بووە، ئایەتوڵڵا سیستانی وتیان ئاغای تاڵەبانی دەریچەی دڵنیایی عێراقە. ئێستاکە ھەموو کەس ھەست بە نەبوونی ئاغای تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەکات.

 

 

 

فرۆشی نەوتی کوردستانی عێراق بە تورکیا ھەم یاسایی و ھەمیش نایاساییە

 

 

 

تەسنیم: حکوومەتی عێراق لە ئێستادا. ھەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بێ رەزامەندی ئەوان نەوت دەفرۆشیت، ئەمە نایاسایی نییە؟

 

دەباغ: دەتوانین بڵێین یاساییە ودەتوانین بیشڵێین نایاساییە. ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە کە دەستووری عێراق پەسەندکرا، پرۆژەیاسای نەوتمان پێشکەش بە ھەموو لایەنەکان کرد کە لەم پرۆژەدا ئەو ئیختیارە بە ھەرێم دراوە، نە تەنھا ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە ھەر ھەرێمێک کە لە داھاتوودا لە عێراق پێکبێت. دەستووری عێراق رێگا دەدات کە ھەڕ سێ پارێزگای عێراق یان زیاتر، دوای راپرسی ھەرێم یان فیدراڵێک پێکبێنن.

 

 

 

تەسنیم: ھەموو ھەرێمەکان لەژێر چاودێری حکوومەتی ناوەندیدا دەبن؟

 

دەباغ: ھەموویان لەژێر چاودێرانی حکومەتی ناوەنددا دەبن. لەم پرۆژەیاسادا، رێگا بە ھەرێم دەدرێت، نەوتراوە ھەرێمـی کوردستان، بەڵکو وتراوە ھەر ھەرێمیک کە لە عێراقدا پێک بێت کە یەکەمینیان ھەرێمی کوردستانە، چۆن رێککەوتنی نەوتی ببەستێت، چۆن بیفرۆشێت، بەڵام بە گشتیی رێکەوتین کە داھاتی عێراق بۆ ھەموو عێراقییەکانە.

 

ئەو ناوچانەی کە نەوتی زۆریان ھەیە، ناوچەکانی باکوور و باشووری عێراقن. ئەم دەستاودەست‌کردنە بووە ھۆی ئەوەی کە ئێمە چاوەروانی سیاسەتی حکومەتی عێراق نەبین، بۆیە ئەگەر کەسێک سەردانی کوردستانی عێراقی کردبێت، پێشکەوتنەکانی ئەم ناوچە بە روونی دەبینێت.

 

راستە پێشکەوتنەکانی ئێمە لە ئاست چاوەروانی جەماوەردا نییە، بەڵام بۆ دەرک‌کردن بە ئاستی پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەتان لەچاو بێت کە ھەموو عێراق وەکو دێھاتێکەو ھەرێم وەکوو شارێک.

 

لە رووی پێشکەوتنی گشتیی و خوشگوزەرانی خەڵک، گەشتیاریی، کارەبا و ...، بۆ نمونە کارەبا، پێشتر ھەموو کوردستان تەنھا ١٦٠ مێگاوات کارەبای بووە، ئێستا زیاتر لە سێ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دێت.

 

ئەڵبەت ئەم کارانە ھەموو خواستی خەڵک دابین ناکات، بە تایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا، کە قەیرانی بودجە ئەم رەوتەی راگرت.

 

بەڵام عێراق لە پێش‌چاو بگرن، لە عێراقدا ھەست بە بوونی کارەبا ناکەن، لەم بوارەشدا ھەزاران ملیار دۆلار سەرف کراوە کە وەزیری پێشووی کارەبای عێراق لە سیستمی دادوەری دۆسییەی بۆ کراوەتەوە. ئەمانە بووە ھۆی ئەوە ئێمە کاری خۆمان بکەین و بێێن رێککەوتن بکەین. چونکە ئێمە ١٧%ی بودجەی عێراقمان پێنەدراوە. ئێمە نەوت دەفرۆشین، حەسێبی دەکەێن و بە پێی مافی خۆمان کە ١٧%ی داھاتی عێراقە لێی ھەڵدەگرین و حکومەتی عێراق زیادەکەی وەربگرێت.

 

 

 

پارەی فرۆشی نەوتی ھەرێم ڕادەستی دەوڵەتی عێراق ناکەین

 

 

 

تەسنیم: واتا ئێوە پارەی نەوتی فرۆشراو دەدەنە حکوومەتی ناوەندیی؟

 

دەباغ: نە، ئێمە نامانەوێت لەژێر سیاسەتی دەمارگرژیی و توندڕەوی بڕێک بەرپرسی عێراقیدا بین، ئێمە دەڵێین وەرن با حسێبی بکەین. بەندەری جەیهان ھی عێراقە، بەڵام لە لایەن عێراق و تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێت. بەداخەوە متمانەی نێوانمان تێکچووەو ئێستا لە عێراقدا کەسانێک دەیانەوێت کورد بخنەوە پەراوێزەوە.

 

 

 

تەسنیم: ئایا ھاتنی سەربازەکانی تورکیا بۆ عێراق بە ھاوئاھەنگی کوردەکان بووە یان نا؟ چونکە ئاغای بارزانی لەم بارەوە رایەکیان ھەیە، دەوترێت لە سەردانەکەیاندا بۆ عەرەبستان و دیدار لەگەڵ مەلک سەلمان پشتیوانی ھاتنی سەربازانی تورکی کردووە و لە بەرژەوەندی کورد و سوننەکان لێکی داوەتەوە؟

 

دەباغ: ئەمە راست نییە. من پێتان دەڵێم. ئێمەی کورد لە عێراق کێشەمان ھەیە، سەرەڕای ئەمە ئێمە نامانەوێت بچینە ناو کێشە ناوچەیی و ئایینییەکانەوە. راستە ئێمە کوردی سوننەمان ھەیە، بەڵام شیعەشمان ھەیە، ئێستا لە عێراق پێکدادان لە نێوان سوننەو شیعەدایە، پێکدادان لە نێوان تورکیا و قەتەر و ئەمریکا و عەرەبستان و ھتدە. لەم بارودۆخەدا، ئێمە بەدوای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوەین و ھەرکات کەسێک دەستێک بھێنێتە پێشەوە، ئێمەش دەستی بۆ درێژ دەکەینەوە.

 

سەبارەت بە بابەتی بوونی تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت بڵێم کە ئەم بوونە تایبەت بە ئێستا نییە، بەڵکوو بە پێی رێککەوتنێک کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە نێوان تورکیا و حکومەتی ناوەندی عێراق ئیمزا کراوە ئەوان ھاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوەو عێراقیش چووەتە ناو خاکی تورکیاوە (بۆ رووبەرووبوونەوەی کوردەکانی تورکیا)، لە رۆژێکەوە کە تورکیا ھاتە ناو خاکی عێراقەوە، ھەروا ماوەتەوە. ئەو ناوچانە جیاوازە لەم ناوچانەی کە لەم دواییانەدا لە نزیک موسڵ ھاتوون.

 

 

 

ھاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بە پێی ڕێککەوتنی نێوان سوننەی عێراق، تورکیا، عەڕەبستان و قەتەر بوو

 

 

 

بەڵام سوپای تورکیا کە ھاتووەتە ناوچەی بەعشیقە لە نزیک موسڵ، قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و تەنانەت سەبارەت بە ژمارەیان ئاماری جیاواز دەدرێت. لەوانەیە کوردەکان لە رووی تێپەڕبوونیانەوە چاوپۆشییان کردبێت، چونکە لە کوردستانەوە تێپەڕیون. بەڵام ھاتنی ئەمانە بە پێی رێککەوتنی نێوان سوننەکانی عێراق و تورکیا، عەرەبستان و قەتەر بووە. وەزیری بەرگری عێراق (کە سننەیە) خۆی سەردانی کردوون.

 

بۆ نموونە ئۆسەیل نوجەیفی پارێزگاری موسڵ (کە دوای ھێرشی داعش لەسەر کار لابراوە) خۆی لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێککەوتووە کە ئ‌وان بێن و خولی فێرکاری بۆ ھێزەکانی سوننە دابنێن بۆ ئازادکردنی موسڵ. بەڵام ژمارەێان زیاترە، ئێمە بە گشتیی پێشوازی ھەر ھێزێک دەکەین ھەروەھا کە پێشتر پێشوازیمان لە یارمەتییەکانی ئێران کرد بۆ شەڕی دژی داعش.

 

 

 

سوپای تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق تێپەڕین

 

 

 

تەسنیم: لێرەدا بابەتەکە جیاوازە، حکومەتی ناوەندی عێراق و لایەنە سیاسییەکان دژی بوونی سوپای تورکیان، ئایا حکومەتی ھەرێمیش دژی ئەمەیە؟

 

دەباغ: حکومەتی ھەرێمی کوردستان هەر رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و عێراق پەسەند دەکات. ئێمە دژی کارەکانی حکومەتی عێراق نین. ئێمە دژی ئەوە نین کە حکومەتی عێراق بەرگری لە دەسەڵاتی خۆی بکات، بەغدا بڕوات لە رێگای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش‌ەوە شکات بکات. وتم سەربازەکانی تورکیا لە ناوچەی ئێمەوە (کوردستانی عێراق) تێپەڕیون.

 

تەسنیم: ئەوەی کە ئێوە دەڵێن ئێرانیش یارمەتی بدات، تورکیاش یارمەتی بدات، ئێمە پێشوازی دەکەین، تێڕوانینی ئێمە و تورکیا بۆ رووداوەکانی ناوچە جیاوازە، لە کاتێکدا کە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە یارمەتی داعش دەدات و داعش‌یش زیاترین زیانی گەیاندووە بە کوردەکان، ئەمە چۆن لەگەڵ یەک دێتەوە کە ئێوە لە کەسێک یارمەتی وەربگرن کە پشتیوانی گروپێک دەدات کە زیاترین زیانی بە ئێوە گەیاندووە؟

 

ئێمە وەکوو کورد لە لایەن داعش‌ەوە زیانمان پێگەیشتووە ھەروەھا کە لە سەردەمی سەدام زیانمان پێ گەیشت، ئێمە سوودمان لە پەیوەندی باشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگرت و لە لایەکیشەوە لە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا سوودمان بینی، چونکە تەنھا وڵاتێک کە ئیزنی‌دا نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێت تورکیا بوو. ئێمە ناتوانین خۆمان سنووردار بکەین، ئێمە بەدوای کردنەوەی رێگاکانەوەین. ئەگەر بتەوێت لە شەڕ خۆت دوور بخەیت دەبێت رێگای دیپلۆماسی چالاک بکەیت، خودی ئاغای بارزانی لە تورکیا وتی ئێران نابێت دڵی لێمان بێشێت کە دێینە تورکیا و تورکیاش نابێت دلێ بێشێت کاتێک سەردانی ئێران دەکەین، مانای ئەوەی ئێمە ھەردوو وڵاتمان بۆ گرنگە.

 

 

 

ھاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ عێراق بە بێی ئاگاداریی دەوڵەت پێشێلکردنیی دەسەڵاتداریی عێراقە

 

 

 

تەسنیم: ببورن، ئێوە لێرە دوو بابەتتان تێکەڵ کرد، یەکێک پەیوەندی وڵاتان کە بابەتێکی جیاوازە و یەکێک پاراستنی دەسەڵاتی وڵات کە لە راستیدا ھەموو لایەن و گروپە سیاسییەکانی عێراق تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە، ھەڵوێستی ئێوە لەسەر ھاتنی سوپای تورکیا بۆ خاکی عێراق چییە؟

 

دەباغ: ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ھاتنی سوپای تورکیا بێ رێککەوتن و ئاگادری حکومەتی عێراق، پێشێلکردنی دەسەڵاتی سەربەخۆیی عێراقە.

 

 

 

تەسنیم: بەڵام سوپای تورکیا بێ ئاگاداری حکومەتی عێراق ھاتوون و ئێوە (بەرپرسانی کوردستان) پێشوازیتان لێکردووە؟

 

دەباغ: من دەڵێم بێ‌ئاگاداری عێراقییەکان نەبووە. لە کوردستان کاتێک ھاوئاھەنگی باش بوونی ھەبوو (لە نێوان بەغدا و ھەرێم) و کێشە و گرفت لەو کاتەدا کەمتر بوو، بەڵام ئێستا بۆشاییەک دروست بووە کە پێویستی بە کەسێک وەکو مام جەلال‌ە.

 

 

 

تەسنیم: چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ باس لە دروستبوونی ھەرێمی سوننە دەکەن و ھاتنی سوپای تورکیا لەم پێناوەدا ھەڵدەسەنگێنن. بە پێی وتارەکەی عەبدولباری عەتوان سەرنوسەری رۆژنامەی رال‌الیوم کە نوسیبوی: جان بوڵتون یەکلایی‌بوونەوەی پێکھاتنی ئەم ھەرێمە سوننەی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش لە خۆرھەڵاتی سوریا و خۆرئاوای عێراق لەگەڵ بوونی وڵاتێکی شیعە لە باشووری عێراق و کوردەکان لە باکووری ئەم وڵاتەی باسکردووە، عەتوان دەڵێت ئامانجی ئەوان لە کۆتاییدا دروستکردنی ھەرێمێکی سوننەیە لە عێراق و دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان دەیانەوێت داعش کۆبکەنەوە کە کاتێکی زۆر نابات و دەیانەوێت ئەم ئیمتیازە بدەنە کوردەکان، بە تایبەت کە ئازادکردنی موسڵ لە لایەن کوردەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و نایانەوێت موسڵ لە لایەن ھێزە خەڵکییەکانی عێراقەوە ئازاد بکرێت، رای ئێوە چییە؟

 

دەباغ: ئەم وتانەی عەتوان ئێستا باسی دەکات، لە کاتێکدا کە نەوشیروان موستەفا لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لە وتارێکدا لەژێرناوی "عێراقی کوردی، عیراقی شیعی و عێراقی سوننە" بڵاوی کردەوەو بووە ھۆی باس و خواسێکی زۆر و ئێمەش لەگەڵ دۆستانی خۆمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌ەوە باسمان کرد کە ئەمە رای خودی نەوشیروانە نە رای یەکێتی.

 

 

 

تەسنیم: ئەڵبەت عەتوان رای جان بوڵتونی ھێناوەتەوە؟

 

دەباغ: ئەمە بیرورای ئەمڕۆ نییەو دواتر کەسانی وەکو ئەو باسیان کردووە.

 

 

 

سێ وڵاتی عەڕەبی و تورکیا بە شوێن پڕۆژەی دابەشکردنیی عێراقدان

 

 

 

تەسنیم: ھاتنی سوپای تورکیا بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بەھێزکردووە، رای ئێوە چییە؟

 

دەباغ: رای خودی من ئەوەیە کە ئیمارات، قەتەر، عەرەبستان و تورکیا بەدوای جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەوەن(دروستکردنی ھەرێمی سوننەو دابەشکردنی عێراق). من لە سەدا سەد دڵنیام کە ھەوڵەکانی تورکیا لە پێناو دروستکردنی ھەرێمی سوننە لە عێراق و لە چوارچێوەی میراتی ئیمراتۆریەتی عوسمانی‌دایە.

 

لە سەرەتای وتەکانمدا وتم کە لە عێراقدا جیاوازی و کێشەی ئایینیی ھەیە. ئێمە پێداگری لەسەر ھاوپەیمانی کورد و شیعە دەکەینەوە و ئەمە بە گەرەنتی مافەکانمان دەزانین و چەندین‌جار دووپات‌مان کردووەتەوە، چونکە بە درێژایی مێژوو، دەسەڵاتدارانی عەرەبە سوننەکان لەگەڵ ئێمەی کورد دوژمنی‌یان کردووە، بەڵام شیعەکان وەکو ئێمە مەزڵووم و چەوساوە بوون.

 

 

 

لە ئایدیای پێکھێنانی ھەرێمەکان لە عێراق پشتیوانی دەکەین

 

 

 

تەسنیم: ئایا ئێوە پشتیوانی پێکھاتنی ھەرێمی سوننە لە عێراق دەکەن؟

 

دەباغ: ئێمە لە بیرۆکەی دروستبوونی ھەرێمەکان لە عێراق پشتیوانی دەکەین. ھەرێمی کوردستانی عێراقمان لە دەستوور پەسەند کرووە، ئەگەری بوونی چەند ھەرێم لە دەستووردا و لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیی ھەیە.

 

 

 

تەسنیم: بەڵام پلانی ئەوان (دوژمنەکانی عێراق) دروستکردنی حکوومەتێکی سەربەخۆیە بۆ سوننەکان؟

 

دەباغ: ئەمانە وەھم و خەیاڵاتە. ئیمکانی  بە ئەنجام گەیشتنی نییە. من لە ساڵی ١٩٦٤ی زایینی یەکەم‌جار کە گەنج بووم گەیشتمە خزمەت مام جەلال. تا ئێستا یەکێک لە ئاواتەکانمان دروستکردنی حکومەتی کوردستان بووە، بەڵام دەزانم گەیشتن بەم ئاواتە لە بارودۆخی ئێستادا ناکرێت.

 

 

 

تەسنیم: باسی ئازادکرندیی ناوچە داگیرکراوەکان دەخەینەڕوو، بۆچی ھیچ ھەماھەنگییەک لە نێوان کوردەکان و سوپای عێراقدا بۆ ئازادکردنیی ئەم ناوچانە بوونی نییە و ئایا ئەو ناوچانەی کە سەر بە کوردستان نین و لە ئیختیاریی ئێوەدان، ئایا دەگەڕێنەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق؟

 

دەباغ: ھەر شوێنێک کە بەشێک لە کوردستانی عێراق نەبێت، ھەر سبەینێش بیانەوێت ڕادەستیان دەکەین.

 

 

 

تەسنیم: لە ئێستادا دەوڵەتی عێراق سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعشە و ئەگەر شەڕ تەواو بێت ئایا ئێوە لەم ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵتاندایە دەچنە دەرێی؟    

 

دەباغ: بە گشتیی ئێمە چاوی تەماحمان لە زەویی ھیچ کەسێکەوە نییە.

 

 

 

تەسنیم: کەرکووک بە چ شێوەیەکە؟ 

 

دەباغ: کەرکووک سەر بە کوردستانە.

 

 

 

تەسنیم: تورکمان و عەڕەبەکانیش وادەزانن کە کەرکووک ھی ئەوانە و دەڵێن ئێوە دەستتان کردووە بە گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتووانی ئەم شارە، ئەوە پەسند دەکەن؟   

 

دەباغ: کوردستان لە سەرەتادا لە چوارچێوەی ئیمپڕاتووری ئێراندا بووە، پاشان بۆتە بەشێک لە عوسمانیی، یانی نە عێراق بوونی بوووە و نە سووریا. لە شەڕی چاڵدۆڕاندا کە بەداخەوە شکستی ئێرانییەکان لە بەرانبەر عوسمانییەکانی بەدواوە بوو، ئیمڕاتووری عوسمانی گەشەی سەند و وڵات گەلێک کەوتە ژێردەستیانەوە کە کوردیی بوون و کوردەکان دانیشتووی ئەو ناوچانە بوون و ئەو ناوچانە لە نێوان عەباسی و عوسمانیدا دابەشبوون. دوای شەڕیی یەکەمی جیھانی بە ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، عێراق پێکھات، کاتێک کە عێراقیان دامەزراند بەشێک لە وڵاتی تورکیا و بەشێک لە وڵاتی ئێران و بەشێک لە وڵاتی سعوودی و ئەردەنیان ڕادەستکرد و سووریایان پێکھێنا. ئەگەر ئەم خاڵە لەبەرچاوبگرین و سەرنجی پێبدەین، ھەندێک گرفت لە نەینەوا و مووسڵ و ئەسکەندەروون ڕوویدا، مووسڵیان بە عێراقدا و لە بەشی سووریا، ئەسکەندەروونیان بە تورکیادا. نەخشەی ویلایەتی مووسڵ نیشانبدەن، ویلایەتی مووسڵ پەسەند ناکەم کە تا چ شوێنێک ناوچەی کوردیی و تا چ شوێنێک ناوچەی عەڕەبی بووە. ئەو ناوچانەی کە من ئاماژەم پێکرد، بەشێک لەوانە لە ناوچەی مووسڵ ھەڵکەوتوون.

 

ئێمە دەڵێین کە کەرکووک لە چوارچێوەی جوگرافیای کوردستاندا ھەڵکەوتووە، حکوومەتی بەعسی فاشیستی سەدام ھەستا بە گۆڕینی پێکھاتەی دانیشتووانی ئەم شارە، کەرکووک لە بنەڕەتدا شیعەی لێ نییە، ئەو تورکمانانەی کە لە ناوچەی کەرکووکدان، کارمەندی دەوڵەتی عوسمانی ئەو سەردەمە بوون کە ھاتوون بۆ ئەم شارە. مادەی ١٤٠ دەڵێت ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا باوک و باپیرانیان خەڵکی کەرکووک نین، لەم شارە بڕۆنە دەرێی. بۆچی مادەی ١٤٠ جێبەجێی ناکرێت؟

 

ناوچەگەلێک بوون کە لە پێشدا ھەم سوپای عێراق و ھەمیش پێشمەرگە لەوێی ئامادەبوون و پشتیوانیان لێدەکرد، بەڵام ڕۆژێک کە داعش ھات، سوپای عێراق چەکەکانی خۆیان لە سەر زەوی دانا و ھێزەکانی پێشمەرگە بوونی خۆیان لەو ناوچانە بەھێزتر کرد.         

 

 

 

داواکاریی ئەمەریکا لە کوردەکان بۆ ئازادکردنیی مووسڵ

 

 

 

تەسنیم: بەڕێز دەباغ بۆچی لە نێوان سوپای عێراق و کوردەکاندا بۆ ئازادکردنیی ناوچە داگیرکراوەکان ھەماھەنگی نییە و پرسیاریی گرینگتر ئەوەیە کە ھەماھەنگی نێوان کوردەکان و ئەمەرکییەکان بۆ ئازادکردنیی مووسڵ بە بەشداریی کوردەکان لە ئارادایە؟ 

 

دەباغ: ھەموو کاتێک ئەم داخوازییە لە ئێمە بوونی ھەبووە و ئەم مەسەلەیە لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە خراوەتەڕوو. داخوازیی ھاوکاریی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و بەشداریی لە ئازادکردنیی مووسڵدا خراوەتەڕوو و ئێمەش بە ھەندێک مەرج بەشداریی دەکەین بەڵام تا ئێستا بڕیاریی کۆتایی نەگیراوە و ئەگەر بڕیاریی کۆتایی بگیرێت بێگومان بە ھاوکاریی ھاوپەیمانانی خۆمان و بەغدا ھەنگاو دەنێین. 

 

 

 

تەسنیم: بۆچی ئەو ھاماھەنگییە لە نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و کوردەکاندا بوونی نییە؟  

 

دەباغ: ئەم داخوازییە دەبێت لە لایەن عێراق بە ڕەسمی بخرێتەڕوو و ئێمە مەرجمان ھەیە و بە بێ ھاوکاریی و یارمەتی عێراق بە پێشمەرگەکان لە بواریی دابینکردنی چەک و تەقەمەنیی، فێرکردن، مافەکان و پێداویستیی و کەرەستەی پێویست ناتوانرێت ئەو چاوەڕوانییە ھەبێت کە کوردەکان لەم شەڕەدا بەشداریی بکەم.   

 

 

 

تەسنیم: ئەو بەشە سەتا ١٧ی کە لە دەوڵەتی عێراق وەریدەگرن، بۆ چییە؟

 

دەباغ: ئێمە ئەو بەشەمان وەرنەگرتووە.

 

 

 

تەسنیم: فرۆشی یەکلایەنەی نەوت چۆن پاکانەی بۆ دەکەن؟ 

 

دەباغ: ئەگەر ئێمە ئەو کارەمان نەکردبایە، بە چ شێوەیەک دەمانتوانی لەگەڵ داعش شەڕ بکەین. 

 

 

 

تەسنیم: سەبارەت بە فرۆشی نەوت لە لایەن داعشەوە کە دەڵێین لەو ناوچانەی کە لە ژێر چاودێریی ئێوەدایە تێپەڕدەبن و تورکیا لێیان دەکڕێت، ڕاتان لەم بارەیەوە چییە؟ 

 

دەباغ: ئەوە قسەیەیە بنەمایە و ھیچ ئەساسێکی نییە. 

 

 

 

تەسنیم: عەڕەبستان ھاوپەیمانییەکی بە ئامادەبوونی ٣٤ وڵات پێکھێناوە جێگای سەرنج ئەوەیە کە لەم ھاوپەیمانییەدا، ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە قوربانیی تیرۆر وەکوو عێراق و سووریا بوونیان نییە، ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەم بارەیەوە چییە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ھەندێک ئەم ھەنگاوە بە ناتۆی سوننە ناو دەبەن؟   

 

دەباغ: بە بڕوای من دەبێت چاوەڕوان بین، ھێشتا زووە بچینە ناو ھەندێک لەو مەسەلانەوە، بە بڕوای من دوای ھاتنی ڕووسیا بۆ ناوچەکە (بە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیرۆریسم لە سووریا)، گۆڕانکاریی و ئاڵووگۆڕیی نوێی پێکھاتووە و دوای پێکھاتنی وڵاتانی پێنج زێدە یەک و ئێران، خاڵێکی گەش دەبینین بەڵام بەگشتیی ھەستی من ئەوەیە کە جۆرێک ھاوپەیمانی وارشۆ لە بەرامبەر ناتۆدا پێکبێت. پەیمانی وارشۆ بە ڕووخانی سۆڤییەت، داڕما. بەڵام ئەمڕۆکە بوونی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دەسەڵاتدارییە، بەتایبەت دوای ھەنگاویی تورکیا لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ڕووسی کە بووە ھۆی ئەوەی کە ڕووسیا مووشەکی ئێس ٣٠٠ بێنێتە ناوچەکەوە (ڕووسیا). ئامادەبوونی پڕشووبڵاوی ئەورووپییەکان لە ناوچەکەدا، دوای تەقینەوەکانی پاریس ھەر یەک لە وڵاتانی ئەورووپی ھەوڵدەدات کە خۆی لە ناوچەکە دوور بخاتەوە. بەبڕوای من، چین، ڕووسیا و ئێران شایەد دامەزرێنەریی بە جۆرێک ھاوپەیمانیی نوێی وەکوو وەرشەو ببن.

 

 

 

ھاوپەیمانی خەبات لەگەڵ تیرۆریسمی عەڕەبستان دژایەتییە لەگەڵ ئێران      

 

 

 

تەسنیم: ھەندێک دەڵێین ئەم ھاوپەیمانییە (ھاوپەیمانیی عەڕەبستان دژ بە تیرۆریسم) بۆ ڕواڵەتە. چونکە ھەندێک لە وڵاتانی وەکوو لوبنان کە ناویان لەم ھاوپەیمانییەدا ھاتووە، ڕایانگەیاندووە ئاگایان لەم مەسەلەیە نییە، باسێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم ھاوپەیمانییە لە دژی ئێران، عێراق و سووریایە، ھەڵسەنگاندیی ئێوە چییە؟    

 

دەباغ: ئەم ھاوپەیمانییە ھەر چییەک بێت بە جۆرێک دژایەتی لەگەڵ ئێرانی تێدایە، بەڵام ڕۆژێک لە کۆنفڕانسێکدا گوتم کە قووڵایی ئیستراتیجێکی ئێران لە عێراقدایە.

 

بەگشتیی ئێران بۆتە ھێزێک، ھێزیی ئێران، ئەمەریکا و ڕۆژئاوای والێکردووە کە پاشەکشێی بکەن، پێکھاتنی وڵاتانی پێنج زێدە یەک لەگەڵ ئێران، مەرجگەلێکی پێکھێناوە کە ناتوانرێت ئێران لەبەرچاو نەگیرێت. بەڵام ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەڕەبی کەنداو (فارس) ئەوە پەسەند ناکەن.  

 

 

 

تەسنیم: دوای ناکۆکییەکان لە نێوان ڕووسیا و تورکیا، ھەندێک ھەواڵ بوونی ھەیە لەبارەی ئەوەی کە ڕووسیا داواکاریی بۆ دامەزراندیی پێگەی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەیە، ئەوەتان قەبووڵە؟  

 

دەباغ: نەخێر، ئەوان یارمەتی (چەک و تەقەمەنی) دەنێرن و ئێمەش وەریاندەگرین، بەڵام ڕێژەی ئەم یارمەتیانە کەمە بەڵام پێگەیان نییە.

 

 

 

تورکیا لە کوردستانی عێراق پێگەی ھەیە

 

 

 

تەسنیم: تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق پێگەی ھەیە؟

 

دەباغ: بەڵێ پێگەیان ھەیە، لە کۆنەوە لە سەردەمی سەدام ئەم پێگانەیان ھەبووە، کۆپتەر، دەبابە و تۆپ و ... لەم پێگەیەدا بوونی ھەیە، ڕێژەی سوپای تورکیا لە پێگە سەربازییەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان دیار نییە، لە ناوچەی گارا و زاخۆ بوونیان ھەیە.

 

 

 

ئامادەبوونی دکتۆرە ئێرانییەکان لە تیمی چارەسەرکردنیی بەڕێز تاڵەبانی

 

 

 

تەسنیم: لە ئێستادا باروودۆخی تەندروستی بەڕێز تاڵەبانی بە چ شێوەیەکە؟ 

 

دەباغ: باروودۆخی بەڕێز تاڵەبانی لە ئێستادا گونجاوە، دکتۆرە ئێرانییەکانیش لە تیمی چارەسەرکردنیی بەڕێز تاڵەبانیدا ئامادەبوون، دوو ھەفتە پێش، بەڕێزیانیان برد بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردن، لە ئێستادا لە شاری سلێمانین و خۆشبەختانە لە لایەنی تەندروستییەوە باروودۆخیان باشە.

 

 

 

وتووێژ لە لایەن: حەسەن ڕۆستەمی و عەباس ئەسڵانی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمشەو بەڕێز فەریدون سنیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی کۆمارى تورکیا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن بەڕێزان کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و سەفین دزەیى وتەبێژى فەرمى حکومەت پێشوازى لێکرا.

 

لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، وەزیری دەرەوەی کۆمارى تورکیا بەمەبەستى کۆبوونەوە بەرەو نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت.

ئەمەو بڕیارە وەزیرى دەرەوەى کۆمارى تورکیا لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانى سەرۆکى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوەو ئینجا بەشدارى لە دیداری مێری بکات.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە ساڵیادی جەژنی کۆماریی تورکیادا بەشداریی کرد و چاویی کەوت به باڵیۆزانی فەلەستین، ژاپۆن، تایلەند و بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا.

 

"نازم عومەر دەباغ"  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانلە دوای بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا لە تاران، ئێوارێی رۆژی پێنجشەمە هاورێی لەگەڵ "سۆران عه‌لی ئەمین" بەرێوه‌بەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی باڵیۆزخانەی تورکیایان لە تاران کرد و بەشداربوون لە ڕێوڕه‌سمی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنیی کۆماریی تورکیا، کە زۆربەی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی بیانی لەو بۆنەیەدا ئاماده‌بوون.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ باڵیۆزیی وڵاتانی بیانی لە تارانی پێته‌ختی ئێران،لەوانە: باڵیۆزیی فەلەستین، ژاپۆن و تایلەندا ئەنجامدا.

 

 

 

"نازم دەباغ" هەروەها چاوی به بەرپرسانی باڵیۆزخانەی وڵاتی ئەڵمانیا کەوت و له‌م دیداره‌دا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەردانی وەزیری بەرگریی وڵاتی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.

مەنسوور جیھانی  ـ کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلم، "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکات.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە لایەن کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" Wildbunch کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و فرۆشی فیلم لە وڵاتی فەڕەنسا و فرۆشی جیھانی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە، لە چەندین مانگی داھاتوودا لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا لە داھاتوودا لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی TRT تورکیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن نمایش دەکرێت.

دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، بڵاوکەرەوە جیھانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی ٢" ٢MK، "وایلدبانچ"، "وێرسیتالە فیلمز" و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیھانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیھاندا بوون کە بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، دوای ھەڵسەنگاندنی کۆتایی کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلمی بۆ  بڵاوکردنەوەی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندی "بەتین قوبادی" دەستنیشانکرد.

 

"مەردان" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە لە وڵاتی کەنەدا، لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە لە وڵاتی ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و لە بەشی "دەنگی نوێی" لە میانەی سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە وڵاتی سوید.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٩ شوبات / فەبرایەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

"مەردان" فیلمێکی مرۆڤانە، قووڵ و ونگە کە لە دوا بەستێنیدا ژیانی پێشمەرگەکان بە باشی نیشانی بینەر دەدات و لەم فیلمەدا، پێشمەرگەیەکی کورد لە منداڵیدا چیرۆکێکی بۆ دێتە پێشێی، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە ناو شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت. 

 

 

 

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران له وتووێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "ئيعتماد" گوتی: رێگای سه‌ربازی چه‌ندین ساڵه که بێ ئاکام بووه‌و پ.کا.کا و کورده‌کانی تورکیا درێژه‌یان به ژیانی خۆیان داوه.

بارودۆخی کورده‌کانی تورکیا رۆژ له ‌دوای رۆژ دژوارتر ده‌بێت، شه‌ڕ شاره کوردییه‌کانی تورکیای گرتۆته‌وه ‌و هاتوچۆی خه‌ڵک بۆ بڕێک شار ئه‌سته‌مه. به پێی راپۆرته‌کان به‌شێک له دانیشتووانی شاره کوردییه‌کانی تورکیا به هۆی زیادکردنی بوردومانی فڕۆكه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچانه به‌ره‌و شاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌م وڵاته کۆچیان کردووه. له لایه‌کی دیکه‌وه پێناچێت حکومه‌تی تورکیا بیه‌وێت هێرشه‌کان که‌م بکاته‌وه یان بیه‌وێت له رێگای دانوستانه‌وه ئه‌م قیرانه‌ له‌گه‌ڵ پ.کا.کا چاره‌سه‌ر بکات. "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا و له وتووێژ له‌گه‌ڵ "ئيعتماد" ده‌ڵێت: پێی وایه بارودۆخ بۆ کورده‌کان له تورکیا دژوارتریش ده‌بێت.

 

ڕای ئێوه له‌سه‌ر راوه‌دوونانی نێوان کورده‌کانی تورکیا و سوپای ئه‌و وڵاته چیه؟

به‌داخه‌وه حکومه‌تی تورکیا له‌جیاتی ئه‌‌وه‌ی به‌دوای هێمنی و رێگاچاره‌ی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ کورده‌کانی تورکیادا بێت چالاکی سه‌ربازی خۆی دژی کورده‌کانی تورکیا یه‌کجار به‌رزکردۆته‌وه‌و گوشاره‌کانی  بۆ سه‌ر خه‌ڵک زیاد کردووه. هه‌رچه‌ن خه‌ڵکی کوردی تورکیا و رێکخراوه سیاسییه کوردییه‌کان و لایه‌نگرانیان ده‌یانه‌وێت ئابڵۆقه‌ی دژی کورده‌کان له‌م وڵاته هه‌ڵگرن به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌بینین که خه‌ڵک له‌م نێوانه‌دا ئاواره‌و بێ‌به‌ش ده‌بن و ئه‌م هێرشانه جگه له‌مانه بریندارێکی زۆری لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌ که رێگای چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی پێویستیشیان نییه.

 

ئایا ئه‌نقه‌ره گوشاری سه‌ر کورده‌کان که‌م ده‌کاته‌وه؟

به‌ڕای من حکومه‌ت گوشاره‌کان زیاد ده‌کات و ئه‌وه‌ی ده‌ستی پێکردووه به ئاسانی کۆتایی پێ ناهێنێت. به‌ڕای من حزبی داد و گه‌شه‌پێدان بارودۆخێکی قه‌یرانئاوی له تورکیا دروست کردووه تاوه‌کو بتوانێت له‌م رێگایه‌وه درێژه به ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات چونکه هه‌‌ڵبژاردن له تورکیا نزیکه‌و ئه‌م حزبه هیواداره تاوه‌کو له‌م رێگایه‌وه ده‌نگه‌کانی زیاد بکات.

 

حکومه‌تی تورکیا ئایا ده‌توانێت له رێگای سه‌ربازییه‌وه به‌سه‌ر کورده‌کانی تورکیا و پ.کا.کا زاڵ بێت؟

ئه‌م بابه‌ته چه‌ندین و چه‌ندین جار له چه‌ندین ساڵدا ئه‌زموون کراوه. رێگای سه‌ربازی چه‌ندین ساڵه که بێ ئاکام بووه‌و پ.کا.کا و کورده‌کانی تورکیا درێژه‌یان به ژیانی خۆیان داوه. هه‌م حکومه‌تی هه‌رێمی فیدراڵی عێراق و هه‌م وڵاتانی جیهان له یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن تاوه‌کو هه‌ردوولا له رێگای دانوستانه‌‌وه کێشه‌کانیان کۆتایی پێ بێنن. حکومه‌تی تورکیا به درێژایی ساڵانی رابردوو له‌گه‌ڵیان دانوستانی کرد و هه‌رچه‌ند گه‌یشتنه پرۆسه‌یه‌کی ئاشتی به‌ڵام دیسان حکومه‌ت هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر کورده‌کانی ده‌ست پێکرد.

 

ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو، سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا رایگه‌یاند که ده‌یه‌وێت پ.کا.کا له‌نێو ببات، ئایا توانای ئه‌مه‌یان هه‌یه؟

له‌بیرمه کاتێک که رژێم و سیستمی کۆن له عێراقدا له‌سه‌ر کاربوو، له‌م جۆره وتانه زۆر ده‌درا و ئێستاش ئه‌م جۆره وتانه‌ی ئاغای ئۆغلو من وه‌بیری وته‌کانی به‌رپرسانی رژێمی کۆنی عێراق ده‌خاته‌وه که له کرده‌وه‌دا هیچ ئاکامێکی نه‌بوو.

 

چاوه‌ڕوانی ئێوه له پرۆسه‌ی هه‌‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیا چیه، پێتان وایه له‌م بارودۆخه‌دا ده‌نگی کورده‌کان که‌م ده‌بێته‌وه یان زیاد ده‌کات؟

دیاره که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا له‌و ناوچانه که کورده‌کان هه‌ن ده‌نگی کورد زیاتر له رابردوو ده‌بێت. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ژماره‌یه‌کی زیاتر له کورده‌کان به‌شدار ده‌بن. 

 

رۆژنامه‌ی ئيعتماد، به‌شی "وتووێژی رۆژشه‌مه 21ی ‌مانگی ڕه‌زبه‌ری 1394، ساڵی سێزده‌یه‌م، ژماره 3340، لاپه‌ره‌ی 6.

 

 

شاندێکی  مەجلسی سێناتی (ئەنجومەنی پیران)ی بەلجیکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر (ئەلێن دەێستەکە) سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپای کرد و لە لایەن د. دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم و ستافی نوێنەرایەتی پێشوازیان لێوە کرا.

لە میانەی دیدارێکدا  د. دلاوەر ئاژگەیی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحالی خۆی دەربڕی بۆ سەردانەکە و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بەلجیکا. تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە لەگەل سیناتۆر دێستەکە و شاندی یاوەری بریتی بوو لە باسکردنی ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و جەنگی دژی داعش و شەری نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکە و هەروەها بارودۆخی مرۆیی و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لەو میانەدا داوای  کرد کە سێناتی بەلجیکا هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ هارکاریکردنی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی بەلجیکا لەم ساتەوەختە دژوارەدا کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ. هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی پێشمەرگە کرا و داوا کرا کە بەلجیکا هاریکاری زیاتری سەربازی هێزی پێشمەرگە بکات ئەوەش چ لە ڕێگەی ناردنی چەک و تەقەمەنی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان.

لە لای خۆیەوە سیناتۆر دێستەکە پشتگیری خۆی بۆ گەل و حکومەتى هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و بڕیاری دا کە لە گەڵ شاندێکی سێناتی بەلجیکا لە نزیکترین دەرفەت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن هەروها ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێکهێنانی گروپی دۆستانی کوردستان لە سێناتی بەلجیکا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە دوولایەنەکان لە نێوان هەردوولا و پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، له‌گه‌ڵ"پێر لینێر" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران کۆبۆوە.

سەرلەبەیانی  ئەمرۆپێنجشه‌مه‌ رێکەوتی ١٣/٨/٢٠١٥ "پێر لینێر" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیکرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران و "ئەمجەد بابەحاجی" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانلە تارانپێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا دوو لایه‌ن سه‌باره‌ت بە باروودۆخی ئێستای ھەرێمیکوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و هه‌روه‌ها ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی تورکیا هاتنه‌ ئاخاوتن.

سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید  لە تاران و شاندی هاوڕێی پشتیوانی خۆیان نیشاندا بۆ بەردەوام بوون لە پشتیوانی کردنی هەرێمی کوردستان  لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران تێروانینی حکومەتی هەرێمی لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بۆ سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سوید لە ئێرانباس کرد.

به‌پێی راپۆرتی هەناردەکردنی نەوتی مانگی تەمووزی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا بەهۆی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان-جەیهان دابەزیووە.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزدا 16,019,090 ( رۆژانە 516,745 ) بەرمیلی هەناردەکردووە لە رێی بۆڕی نەوتی کوردستان-جەیهان. بەوپێیەش بەراورد بە مانگی حوزەیران بەرێژەی سەدا 6.5 دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە. لە مانگی حوزەیراندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان 17,130,639 (رۆژانە 571,021) بەرمیلی هەناردەکردبوو.

لە بەیاننامەیه‌كی پێشووتریدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، "بۆڕی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌ریمی کوردستان بۆ به‌نده‌ری جیهان له تورکیا له به‌رواری 27ی ته‌موزه‌وه ڕوبه‌ڕوی  چه‌ندین دزی وهێرشی یه‌ک له دوای یه‌ک بووته‌وه. ئه‌م هێرشانه بوونه‌ هۆی وه‌ستاندی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان.” ئه‌مه‌ش، بەپێی راپۆرتە مانگانه‌کەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بووه‌ هۆی"وەستانی هەناردەکاری نەوت بۆ ماوەی 111 کاتژمێر."

لە کۆی ئه‌و نەوته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزدا هه‌نارده‌كراوه‌، بڕی 12,020,683 ( رۆژانە 387,764) بەرمیل لەو کێڵگانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرێوەدەبرێن هەناردەکراوە، لە کاتێکدا بڕی 3,998,407 ( رۆژانە 128,981) لەو کێڵگانەی کەلەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور بەرێوەدەبرێن هەناردەکراوە.

راپۆرتەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ لە مانگی تەمووز، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 2,201,540 ( رۆژانە 71,017) بەرمیلی رادەستی کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق، سۆمۆ، کردووەو مەبەستی بووە لە کۆتایی تەمووزدا، دوو ملیۆن بەرمیلی دیکە بداتە سۆمۆ. بەڵام بەهۆێ تەقاندنەوەكه‌ی بۆڕی نه‌وت، كه‌ بووه‌ هۆی راوەستانی ناردنی نەوت، نەیتوانیووە ئەوە ئه‌نجامبدات.

بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژەی بە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتکردنەوەی بودجەکەی لەلایەن حکومەتی فیدرالی عیراق.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند كه‌ کاردەکات لەگەڵ حکومەتی فیدرالی عێراقدا بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێک بۆ هه‌موو کێشە هه‌ڵپه‌سێراوه‌کانی نێوانیان کە پەیوەستن بە نەوت وگاز هەروه‌ك لە بەیاننامە هاوبەشەکەی 17ی ئەیاری 2015 ی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز و پێنج پارتە سەرەکییەکەی بەشدار لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە.

پێشتر لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌سپێکی مانگی ئه‌یلولی 2015 به‌ دواوه هه‌لده‌ستێت به‌ ته‌رخانکردنی به‌شێک له‌ داهاتی فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ی که‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌یفرۆشێت، بۆ کۆمپانیاکانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌وت که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان نه‌وت به رهه‌مده‌هێنن. هه‌روه‌ها بڕیاره‌ كه‌ دوا به‌ دوای زیادبوونی هه‌نارده‌ی نه‌وت كه‌ له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٦ پێشبینی ده‌کرێت، به شێکی تری داهاتی نه‌وت دابین بکرێت بۆ کۆمپانیا نه‌وتیه ناوده‌وڵه‌تیه‌کان. ئەوەش پێویستە بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیاکانی نەوت كاربكه‌ن بۆ جێگیرکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی