بەمەبەستی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، پێشوازی لە خاتوو جیسیكا سڤاردسترۆم بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێم كرد.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، باس لە پەیوەندیە دووقۆڵیەكان و بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و پرسی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت و رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كرا.

فەلاح مستەفا پوختەیەكی لەسەر رەوشی هەنووكەیی هەرێم و سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێشكەش كردوو گووتی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و پرەنسیپی دیالۆگ دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. هەروا گووتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت.

هەردوولا باسیان لە بایەخی بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان كرد وێڕای هاندانی كەرتی تایبەت و فراوانكردنی بواری پەیوەندیەكان. لەم رووەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە بەم دواییە حكومەتی هەرێم نوێنەرێكی دیكەی لە سوید دەستنیشان كردووەو هیوادارین دامەزراوە فەرمیەكانی ئەم وڵاتە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بكەن .

هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە پێشهاتە سیاسیەكانی عیراق و ناوچەكە كرد و تیشك خرایە سەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی عیراق و هیوایان خواست هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. هاوكات باس لە رەوشی نالەباری پارێزگای ئەنبارو مەترسیەكانی ئەو تەنگژەیە كرا، فەلاح مستەفا هیوای خواست كە حكومەتی فیدراڵ بتوانێ‌ حەكیمانە ئەم قەیرانە چارەسەر بكات.

دواتر باس لە تەنگژەو ئاڵۆزیەكانی سوریا و پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كرا. هەردوولا نیگەرانی خۆیان خستەڕوو كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی ململانێی سەربازی و نزیكەی 3 ملیۆنیش ئاوارەی وڵاتانی دیكە بوونە. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی لەڕووی مرۆییەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ‌ زیاتر بەهانای ئەم ئاوارانە بێت چونكە پێویستیان بە كۆمەك و یارمەتی هەنووكەیی هەیە. هەر لەم رووەوە باس لە كۆنفڕانسی مرۆیی وڵاتانی كۆمەك بەخش بۆ ئاوارەكانی سوریا كرا كە بەم دواییە لە وڵاتی كوێت بەڕێوەچوو.

خاتوو جیسیكا سڤاردسترۆم كە هاوكات هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی سویدە لە عیراق،  وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە، هیوای خواست بتوانن ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان سوید و هەرێمی كوردستان بگەیەننە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 20/1/2014 ئارام ئەحمەد محەمەد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوان پێشوازی كرد لە پارێزەری فەرەنسی كابریل میرون، پارێزەری داكۆكی كار لە مافی قوربانیان كە لە ئێستادا لەولاتەكەی كار بۆ دادگایی كردنی ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە هاوكاری رژێمی پێشوویان كردوە بۆ بەدەست هێنانی چەكی كیمیاوی.

لە دیدارەكەدا كابریل میرون كورتەیەكی لەبارەی جولاندنی كەیسی دادگایی كردنی ئەو كۆمپانیایانە كرد لە ولاتی فەرەنسا و رایگەیاند كە لە ئیستادا لە رێگای وەزارەتی دادی فەرەنسی ئەم پرسە جولاوە و حكومەتی فەرەنسی رەزامەند بووە بۆ داوایەكی لەم جۆرە و كاری لەسەر دەكرێ و لە ئێستادا لە قوناغی لیكولینەوەدایە و هیوای خواست كە بتوانێ ماف بۆ قوربانیان بگێرێتەوە لە رێگای دادگاكاندا.

لە لایەن خۆیەوە  ئارام ئەحمەد محەمەد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وێرای دەستخۆشی كردن  لەو پارێزەرە هەنگاوێكی لەم جۆرەی بە گرنگ زانی بۆ بەنێو نەتەوەیی كردنی كەیسی جینۆساید و گێرانەوە ماف بۆ قوربانیان بە سزا گەیاندنی ئەو كۆمپانیایانەی كە هاوكاری رژێمی پێشوو عیراقیان كردوە بۆ بەدەست هێنانی چەكی كیمیاوی و بەكار هێنانی بۆ جینوساید  كردنی كورد.

هەروەك پشتگیری وەزارەتی كاروباری شەهیدان بۆ ئەو هەوڵانە دوپات كردەوە و هیوای خواست لە ولاتانی تریش هەمان هەنگاو بگیرێتە بەر بۆ ئەوە ئەم كەیسە لەو ولاتانە كاری لەسەر بكرێت
هەروەك بە ئەنجام گەیاندنی كەیسێكی لەم جۆرە گرنگی خۆی دەبێ بۆ بەنێو نەتەوەیی ناساندنی جینوساید و راگەیاند ئەم پرسە قوناغی باشی بریوە لە ئیستادا.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی