ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مورتەزا عەبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و، لەگەڵیان كۆبۆوە.

بەغدا، عیراق - شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان کریم سنجارى، وەزیرى ناوخۆو د. على سندى، وەزیرى پلاندانان وفەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، لە بەغدا بەشداریان لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى حکومەتى عیراق و ئاژانسەکانى سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ووڵاتانى کۆمەک بەخش کرد، کە بەمەبەستى دانانى بەرنامەیەکى گونجاو بۆ چۆنیەتى کۆمەک کردنى ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عیراقن.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى بەڕێزان ساڵح موتڵەگ جێگرى سەرۆک وەزیرانى عیراق بۆ کاروبارى ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزارى وئیبراهیم جەعفەرى، وەزیرى دەرەوە وهۆشیار زێبارى، وەزیرى دارایى و جاسم محمد، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران و جاکلین بادکۆک یاریدەدەرى نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باڵیۆز و نوێنه‌رانی‌ وڵاتانی‌ كۆمه‌ك به‌خش به ‌ئاواره‌كان لە عیراق بەڕێوەچوو.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس لە بارودۆخى ناهەموارى ئاوارەکانى سوریاو ناوخۆى عیراق کرا کە ژمارەیان گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس. رێژەیەکى زۆرى ئەو ژمارەیە لە هەرێمى کوردستانن.

سەبارەت بەو قەیرانەى دووچارى هاتوون بەهۆى زۆرى پەنابەران و کەمبوونەوەى دارایى عیراق بەهۆى ئاستى نزمى نرخى نەوت و شەڕى بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی تێرۆرستی دەولەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، ساڵح موتڵه‌گ‌‌‌ داواى لە باڵیۆزى وڵاتانى کۆمەک بەخش کرد کە یارمەتى عیراق بدەن بۆ سەرخستنى پلانى ستراتیژى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و باشکردنى گوزەرانى ئاوارەکان لەم قۆناغەدا کە پێویستى بە پێنج ملیار دۆلار هەیە. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد کە لە تواناى عیراقدا نییە بە تەنها کۆمەکى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە بکات.

لەلای خۆیەوە، ئیبراهیم جەعفەرى، وەزیرى دەرەوەى عیراقى فیدڕالی باسی لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەى پەنابەران کرد وەکو ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم بارى ئابوورى وئەمنى عیراق.

دواتر جاسم محمد وەزیرى کۆچ و کۆچبەران بە ژمارەو داتا ئاست ورەوشى ئاوەرەکان و پەناهەندەکان وشوێنى نیشتەجێبوون و پێداویستىان خستەڕوو وباسی لە هەبوونی رێژەیەکى یەکجار زۆرى ئاوارەکانى عیراق لە هەرێمى کوردستان کرد.

پاشان هۆشیار زێبارى، وەزیرى دارایى عیراق گووتى ئێستا عیراق دووچارى قەیرانێکى ئابوورى گەورە بۆتەوەو بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت. هەروەها گووتى ئاوارەبوونى ئەو ژمارە زۆرەى خاڵک رەگیکى سیاسی هەیە کە بەهۆى تیرۆرستانى داعش دروستبووە، بۆیە رێگەچارە ئەوەیە کە دەبێ زەمینەى گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان بڕەخسێ تا بگەڕێنەوە جێگەوڕێگەى خۆیان و ژیانیان بپارێزرێت.

جەختى کردەوە کە حکومەتى فیدڕالی ئەمساڵ بڕى 770 ملێۆن دۆلارى خەرج کردووەو جگە لە بڕى 150 ملیۆن دۆلارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران. هاوکات داواى لە دیپلۆماتکاران کرد کە هانى وڵاتەکانیان بدەن بۆ یارمەتیدانى زیاترى ئاوارەکان لە عیراق.

پاشان د. عەلى سندى، وەزیرى پلاندانانى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە بارو گوزەرانى خراپى ئاوارەکان لە هەرێم کرد. گووتی کە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە، هەرێمى تووشى قەیرانێکى گەورەى ئابوورى کردووە، چونکە لە لایەک نرخى نەوت دابەزیوە لەلایەکى تر پرسە هەڵواسراوەکانى نێوان هەولێرو بەغدا بە تەواوى چارەسەر نەکراون.

جێگەى باسە بەهۆى قەیرانى سوریاو دەستبەسەرداگرتنى موسڵ و چەند ناوچەیەکى دیکەى عیراق لەلایەن تیرۆرستانى داعش و نەمانى ئاسایش و سەقامگیرى لەو ناوچانە رێژەیەکى زۆرى هاوڵاتیان ئاوارەى هەرێمى کوردستان و رومادى و بەغدابوون. 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ يەكشەممە ڕێكەوتي 7/12/2014 كۆبوونەوەي دەوري نێوان فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي حكومەت و نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان بە ئامادەبووني بەڕێزان د. فواد حسين سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتي هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە و سەفين دزەيي ووتەبێژي حكومەتي هەرێم ئەنجامدرا.

لە سەرەتاي كۆبوونەوەكەدا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە بە ناوي حكومەتي هەرێمي كوردستان سوپاسي تەواوي نوێنەرايەتيەكاني ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان كرد بۆ بەردەوامي كارەكانيان لە هەرێمي كوردستان و هاوكاري و پشتگيريان لە خەڵكي هەرێمي كوردستان و پەرەپێداني پەيوەنديەكان لە بواري سياسي و ئابوري و كەلتوري و بازرگاني و وەبەرهێنان. هەروەها پيرۆزبايي دەست بەكاربووني لە ژمارەيەك لە كونسوڵي گشتي و نێردەي ووڵاتـاني بياني كرد كە لە ماوەي ڕابردوودا لە هەرێمي كوردستان دەست بەكاربوونە.

دواتر باسي لە دووايين ڕێكەوتنامەي نێوان هەرێمي كوردستان و بەغدا كرد كە دەستپێكي قۆناغێكي تازە بۆ چارەسەركردني كێشە هەلپسێرداوەكاني نێوان بەغدا و هەولێر و دەرەنجامي ڕێكەوتنامەكەش لە بەرژوەندي خەڵكي هەرێمي كوردستان و عێراقە بۆ زياتر ئارامي و ئاوەدانكردنەوە و بينات نانەوەي ووڵات.


هەڕەشە و هێرشەكاني داعش و هاتني ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمي كوردستان تەوەرێكي تري كۆبوونەوەكە بوو كە تيايدا جەخت كرايەوە لەسەر مەترسي هەڕەشەكاني داعش و بەرەنگاربوونەوە هێزەكاني پێشمەرگە كە توانيوويانە شەپۆڵي مەترسيەكاني داعش بوەستێنن و ناوچەيەكي بەرفراوان ئازادبكەن، بۆيە سوپاسي ئەو ووڵاتانە كرا كە لە ڕووي دابين كردني چەك و مەشق هاوكاري هێزەكاني پێشمەرگەيان كردووە هاوكات داواي بەردەوامي ئەو هاوكاري سەربازي كرا بەتايبەتي بەهۆي بەردەوامي شەڕو هەڕەشەكاني داعش.

سەبارەت بە بارودۆخي مرۆيي ئێستا هەرێمي كوردستان ميوانداري نزيكەي يەك مليۆن و شەش سەد هەزار ئاوارەي ناوخۆي و پەنابەري سوري دەكات و حكومەتي هەرێم ئەو پەڕي تواناي خۆي خستۆتە گەڕ بۆ دابين كردني پێداويستيەكانيان بەتايبەتي كە ئێستا بەرەو وەرزي زستان نزيك دەبينەوە، ووڵاتە كۆمەك بەخشەكان هاوكاري مرۆييان پێشكەش كردووە بەڵام زۆري ئەو ژمارەيە پێويستي بە هەوڵي زياتر هەيە بۆيە داواكرا كە نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني هەوڵ بدەن سەرەڕاي هاوكاري حكومەتەكانيان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتيە ناحكوميەكان هان بدەن بە هاناي ئەو ئاوارە و پەنابەرانەوە بێن و حكومەتي هەرێم ئامادەيە تەواوي كار ئاساني و هاوكاري پێشكەش بكات بۆ جێبەجێ‌ كردني چالاكيەكانيان لە كوردستان.

بەڕێز د. فواد حسين سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتي هەرێم باسي لە بارودۆخي هەرێمي كوردستان و ناوچەكە كرد بە تايبەتي ڕۆڵي هێزەكاني پێشمەرگە لە ئازادكردني ناوچەكان و دابين كردني ئارامي و سەقامگيري و  ئاسايش و شەڕكردن دژي ڕێكخراوي تيرۆريستي داعش بە نوێنەرايەتي هەموو جيهاني ئازاد.


بەڕێز سفين دزەيي پوختەيەكي دەربارەي گفتوگۆكاني نێوان هەرێمي كوردستان و حكومەتي فيدراڵ لە بەغدا خستەڕوو كە هەرێمي كوردستان بەشێوەيەكي بەردەوام هەوڵي داوە كە تەواوي پرسە هەڵپسێردراوەكان لە ڕێگاي گفتوگۆ چارەسەربكرێت و گووتي تێگەيشتني تەواومان هەيە كە هەموو پرسەكان لە يەك ڕۆژدا چارەسەر ناكرێت بەڵام بووني گفتوگۆي بەردەوام و كاركردن بەيەكەوە تاكە ڕێگايە كە لە بەرژوەندي هەرێمي كوردستان و عێراقدايە.

بەڕێز فايز ئەلخوري كونسوڵي گشتي شانشيني ئوردني و عەميدي سيلكي ديبلۆماسي بە ناوي ديپلۆماتكاران سوپاسي فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي كرد بۆ ڕێكخستني ئەو كۆوونەوە و ئاماژەيكرد كە تەواوي نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان كاردەكەن بۆ پەرەپێداني پەيوەنديەكانيان لەگەڵ هەرێمي كوردستان لە چوارچێوەي عێراقدا و بەيەكەوە كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەي ئەو ڕووبەربوونەوانە.

لە كۆتايي كۆبوونەوەكەدا ژمارەيەك پرسيار لەلايەن ئامادەبووانەوە ئاراستەكران و لەلايەن نوێنەراني هەرێمي كوردستان بەشێوەيەكي وورد وەڵامدرانەوە.

نوێنەراني ووڵاتاني شانيشني ئوردن، فەڵەستين، كۆماري ئيسلامي ئيران، ئيماراتي عەرەبي يەكگرتوو، وويلايەتە يەكگرتووەكاني ئەمريكا، كۆماري توركيا، پۆلەندا، بەريتانيا، كۆماري چيني ميللي، كۆماري ئەلمانياي فيدراڵ، كۆماري ڕووسياي فيدراڵ، كۆماري هەنگاريا، كۆماري ميسري عەرەبي، كۆماري ئيتاليا، كۆماري ڕۆمانيا، هۆڵەندا، كۆماري چيك، كۆماري فەڕەنسا، كۆماري بولگاريا، ژاپۆن، نێردەيي نەتەوەيەكگرتووەكان لە هەرێمي كوردستان ئامادەي كۆبوونەوەكە بوون.

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ شاندێكی USIP (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) بەسەرۆكایەتی د. ایلی ابو عون بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و سەرهەنگ حەمەسعید بەرپرسی پێشكەوتوو لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان باسیان لە كردنەوەی ئۆفیسێكی تایبەت بە USIP لە هەولێر كرد كە ئامانج تێیدا پتەوكردنی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و USIP یە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكان و باروودۆخی ئەمڕۆی ئاوارەكان و دوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

هەروا باس لە دوایین پێشووەچوونەكانی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرا هەروەها باروودۆخی ئاوارە یەزیدیەكان و كریستیانەكان و چۆنێتی یارمەتیدانیان.

فەلاح مستەفا بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو هیوای خواست ئەم دیدارە سەرەتایەك بێت بۆ پەیوەندیەكی بەردەوام و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروا گووتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزیران دووچاری هێرشێكی بەرفراوانی تیرۆرستان هات. بەڵام پێشمەرگەو گەلی كوردستان قارەمانانە توانیان بەرگری بكەن و رێگری لە پێشڕەوی كردنی تیرۆرستان بگرن، دواتر پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گورزی ئاسمانی و یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە هاوكێشەی جەنگی گۆڕی و توانرا زۆر ناوچە لە تیرۆرستان پاك بكرێنەوە. 

سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەكان و ژمارەیان ، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی بە داخەوە ئێستا ئاوارەكان لە بارودۆخێكی دژواردان و بەهۆی زۆری ژمارەیان حكومەتی هەرێم ناتوانێ‌ وەك پێویست تەواوی پێداویستیەكانیان بۆ مسۆگەر بكات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازیەكان رۆلی بەرچاویان هەبووە لە پێشكەش كردنی یارمەتیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازین كۆمەك و یارمەتی زیاتر بگاتە هەرێم چونكە ئاوارەكان پێویستیان بە جێگەو شوێنی حەوانەوەو خوێندن و تەندروستی زیاتر هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا فەلاح مستەفا گووتی ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكومەت و شاندی یاوەری بۆ بەغدا ئەرێنی بوو، كێشە گرنگەكان تاوتۆێ كران و ڕێگە چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە. پێویستە هەموو پێكهاتەكانی عیراق لەم پرۆسە سیاسیە بەشداربن و بەغدا ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە گۆڕینی باری سیاسی ئێستا بۆ بارێكی گوونجاوتر.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دەستخۆشی لەم هەنگاوەی (پەیمانگای ئاشتی ئەمەریكی) كرد بۆ كردنەوەی نووسینگەیان لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی بۆ پێشكەشكردنی هەمووجۆرە ئاسانكاری و هاوكاریەك بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان .
 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 6/12/2014 محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق  سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردوو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی باڵیۆزی سودانی كرد بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی سودان لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە كەناڵێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سودان  لە بوارە جیاوازەكان و هاوكاردەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون، بە تایبەتی لە كاتی ئێستادا كە ژمارەیەكی بەرچاو قوتابی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتە درێژە بە خوێندن دەدەن و بوونی كونسوڵگەری ئەو ووڵاتە ئاسانكاریە بۆ ئەم جۆرە هاوكاریە.

لە بەرامبەردا محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق  سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی كرد و سڵاوی گەل و سەركردایەتی سودانی گەیاند بە گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و باسی لە مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان سودان و عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و گووتی بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكە بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا و هاوكات جەختی كردەوە كە بەرنامەیان هەیە كە پەیوەندیەكان لە بواری پەروەردە و بازرگانی و ئابوری بەرەوپێش ببەن.

هەروەها باڵیۆزی كۆماری سودان سەرسامی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ڕووبەرووبوونەوە و ئاستەنگانە.

لە تەوەرێكی تر دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە كرا.
 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی مێرسی كۆر كرد بە سەرۆكایەتی خاتوو ئەندریا كۆپیل جێگیری سەرۆكی بەشی Global engagement and policy لە رێكراوەكە.

لە دیدارێكدا خاتوو ئەندریا كۆپیل سوپاس و پێزانینی رێكخراوەكەیانی ئاراستەی بەرپرسی یەیوەندیەكانی دەرەوە كرد لە بەرامبەرپشتگیرى کردنیان لە سەرخستنی كارو چالاكییەكان لە هەرێمی كوردستان، هاوكات دوایین زانیاری سەبارەت بە چالاكیەكانیان لە سنوورەكان و یارمەتیدانی ئاوارەكان خستەڕوو.

بەڕێزیان ئاماژەی بە پڕۆگرامی رووبەروبوونەوەی رووداوی لە ناكاو كردو بایەخی زیادكردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ ئاوارەكان خستەڕوو.
شاندی میوان هیوایان خواست كە ڕێكخراوە حكومی و ناحكومیە بیانیەكان بەشداربن لەو كۆڕبەندانەی لە هەرێم ئەنجام دەدرێت بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر و ئاشنابوونی زیاتر بە رەوش و باری ئاوارەكان.

لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا دەستخۆشی لە رێكخراوەكە كرد بۆ ئەنجامدانی چەند بەرنامەیەك لە هەرێم بە تایبەت یارمەتیدانی ئاوارەكان. هەروا گووتی دوای ڕووداوەكانی كۆبانی ژمارەی ئاوارەكان لە زیادبووندایە و تا ئێستا 20000 كەس روویان لە هەرێم كردووە.

بەڕێزیان گووتی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە ئەركی هەرێمیان قورس كردووەو هەرێمی كوردستان دروست كردووەو ئاستەنگ بۆ پرۆسەی پەروەردەو خوێندن دروست بووە. ئەمە جگە لەوەی كە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەكانی بە تەواوی لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەبووە، ئێمە كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا زیاتر سیاسیە هیوادارین لە ڕێگەی دۆزینەوە میكانیزمێكی گونجاو هەموو خاڵەكانی دەستور جێ بە جێ بكرێت.

فەلاح مستەفا گووتی بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندان لیژنەیەكی باڵا دامەزراوە بۆ بەدواداچوون و دیراسەتكردنی بارودۆخی ئاوارەكان و تۆماركردنی پێداویستیەكانیان.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و قارەمانیەتی پێشمەرگەو رووبەڕووبوونەوە دژی تیرۆرستانی داعش و بایەخی پشتیوانی سەربازی و تەكنیكی لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشكەش كرد. هاوكات سوپاسی هەوڵ و چالاكیەكانی رێكخراوی مێرسی كۆری كرد و پشتیوانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی خستەڕوو بۆ سەرختنی بەرنامەكانیان لە هەرێم. شایەنی باسە ڕێكخراوی مێرسی كۆر لە ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستان كار دەكات.

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوەي حكومەت لەگەڵ ئەليكس پلايتي بەڕێوەبەري يونيسكۆ لە عيراق و شاندێکى ياوەرى كۆبووەوەو باس لە كردنەوەي نووسينگەي يونسكۆ لە هەولێر و هاوكاري و هەماهەنگي زياتر كرا لەبوارە جياجياكان.

ئەليكس پلايتي رايگەياند كە بە نيازن پەرە بە ئاستي نوێنەرايەتيان لە هەرێم بدەن و كار و چالاكيەكانيان فراوانتر بكەن بە تايبەت  لە بوارەكاني گەشەپێداني گەشتوگوزار و پەرەپێداني كەلتوري لە هەرێم نووژەنكردنەوەي قەڵاي هەولێر.

هەروا گووتي كاردەكەين بۆ پەرەپێداني سەرچاوەي ئاوي لە ڕێگەي دابين كردني زانياري بۆ دام و دەزگاكاني حكومەت بە مەبەستي چارەسەركردني كێشەي كەم ئاوي. بەهۆي ژمارەي زۆري ئاوارەكان لە هەرێم هەوڵا دەدەين لە رێگەي كردنەوەي قوتابخانە لە كەمپەكان بەردەوامي بە خوێندن بدەين و منداڵان لە پرۆسەي خوێندن بێبەش نەبن.

لە بەرامبەردا بەرپرسي فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوە سوپاسي رێكخراوي يۆنسكۆي كرد كە لە چەند ساڵي رابردوو بە پێي توانا بەشداري لە گەشەپێداني چەند كەرتێك لە هەرێمي كوردستان كردووە. بەڕێزيان گووتي ئێستا لە هەموو كات زياتر پێويستمان بە كۆمەك و يارمەتي كۆمەڵاگاي نێودەوڵەتي و رێكخراوە نێودەوڵەتيەكانە. چونكە ژمارەيەكي زۆري پەنابەر كە لە بارودۆخێكي خراپ ژيان بەسەر دەبەن، دەخوازين UN بە هاوشاني لەگەڵ هەرێمي كوردستان كار بكەن زياتر پێشكەش كردني كۆمەك و يارمەتي بۆ ئاوارەكان و رێكخراوي يۆنسكۆش بەرنامەي پەرەپێداني ئاستي زانستي بۆ ئاوارەكان لە دەرەوەي ووڵات پەيڕەو بكات . بەڕێزيان گووتي ژمارەي ئاوارەكان لە زيادبووني بەردەوامدايە، تەنها دواي كارەساتي كۆباني 20000 كەس رووي لە هەرێم كردووە و هێشتا ئەو ژمارەيە لە زيادبووندايە.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر هاوكاري و هەماهەنگي بۆ زياتر سەرخستني بەرنامەكاني رێكخراوي يۆنسكۆ لە هەرێمي كوردستان، بارودۆخي ئەمڕۆي ناوچەكەو پەيوەندي نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵدان بۆ چارەسەركردني پرسەكان تەوەرێكي ديكەي ديدارەكە بوو.

بەبۆنەى رۆژى نێودەوڵەتى بۆ پشتگيرى کردن لە گەلى فەلەستين، ئەمڕۆ سێشەممە لە کونسوڵگەرى گشتى دەسەڵاتى فەلەستين بە ئامادەبوونى بەڕێزان نەزمى حەزورى کونسوڵى گشتى فەلەستين لە هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەت و ژمارەيەکى زۆر لە نوێنەرانى وڵاتانى بيانى لە هەرێم و رەوەندى فەلەستينى لە هەرێم مەڕاسيمێک بەڕێوەچوو.

کونسوڵى گشتى فەلەستين لە پەيڤێکدا سوپاسى ئامادەبووانى کرد و گووتى بەشدارى کردنى بەرپرسى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەت ئاماژەيەکى روونە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پشتگيرى لە گەلى فەلەستين دەکات.هەروا سوپاسى هەموو ئەو وڵاتانەى کرد کە پشتيوانيان لە بڕيارى نەتەوە يەکگرتووەکان کردووە بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستين کە تا ئێستا 138وڵات پشتگيريان لەم بڕيارە کردووە.

بەڕێزيان باسى خەباتى گەلى فەلەستين کرد بۆ گەيشتن بە مافەکانى و هيواى خواست نەتەوە يەکگرتووەکان رۆلى کاراتر ببينێت بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى و دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستين.

 

فەلاح مستەفا لە ووتەيەکدا بەناوى گەل و حکومەتى هەرێم پيرۆزبايى ئەم رۆژەى لە گەلى فەلەستين کردو گووتى ئێمە وەک ميللەتێکى چەوساوە لە هەموو کەس زياتر هەست بەئازارو چەوسانەوەى گەلى فەلەستين دەکەين . هەردووگەلي براو خەباتگێڕ و زوڵملێكراو گەلي كورد و گەلي فەڵەستين مێژوێکيان هەيەو لەچەندين قۆناغ هاوکارى يەکتريان کردووە.

فەلاح مستەفا گووتى هيوادارين گەلى فەلەستين بە ئاواتى خۆى بگات بەگوێرەى ياسا نێودەوڵەتيەکان و ئێمەش وەک حکومەتى هەرێم پاڵپشتى و پشتيوانى خۆمان بۆ دۆزى فەلەستين دووپات دەکەينەوە.

پاشان بەڕێزيان پوختەيەکى لەسەر بارودۆخى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بەرەنگاربووەنەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ تيرۆرستانى داعش خستەڕوو ، هاوکات ئاماژەى بە بوونى ژمارەيەکى زۆرى ئاوارەو پەناهەندەى ناوخۆى عيراق و سوريا کرد لە هەرێمى کوردستان.

لە کۆتاييدا کونسوڵى گشتى فەلەستين ديارى رێزلێنانى بەخشيە بەڕێز بەرپرسى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم .

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی